فەرمانەکەى وەزیرى پەروەردە چى تێدایە؟
10/20/2023 10:40:00 AM
عەبدولقادر ساڵح
وەزیرى پەروەردەى هەرێم ئەمرۆ 19 / 10 / 2023 فەرمانى
وەزارى ژمارە (426) ى بە دوو بڕگە دەکرد، بۆ چارەسەرکردنى بایکۆت لە سنورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان
و راپەڕین ، ئەگەر بەپێوەرە یاساییەکە سەیرى
ئەم فەرمانە بکەین کە لە دوو بڕگە پێکهاتووە دوو ئەوا ئەم دوو سەرنجە هەڵدەگرێت :
یەکەم: بڕگەى یەکەمى فەرمانەکە ، هەموارى ساڵنامەى
وەزارەتى پەروەردەى کردووە کە بە نووسراوى ژمارە (19925 لە 7 / 9/ 2023 ) ئاراستەى
سەرجەم بەرێوەبەرایەتییە گشتیەکانى سنورى وەزارەتەکەى کردووە، لەو ساڵنامەیەدا یەکەمى
رۆژى خوێندن بریتییە لە 13 / 9 / 2023 بەڵام بەگوێرەى فەرمانەکەى ئەمرۆ رێکەوتى دەستپێکردنى
خوێندنى ئەمساڵى بە (22/ 10/ 2023 ) داناوە ، واتە یەک مانگ و نۆ رۆژ دواکەوتووە .
کە ئەمە دان نانە بەو واقیعەى بایکۆتکردن لەم دەڤەرە دروستى کردووە.
دووەم: لە بڕگەى دووەمى فەرمانەکەدا بەرێوەبەرى
گشتى و بەرێوەبەرى پەروەردەى قەزاکان و بەرێوەبەرى سەرپەرشتیارى پەروەرى راسپاردووە
بۆ گرتنەبەرى تەواوى رێکارى کارگێرییەکان بۆ مەبەستى جێبەجێکردنى خاڵى یەکەمى لاى
سەرەوە کە دەستپێکردنەوەى دەوامە لە 22/ 10 / 2023 لە کاتێکدا ئەم بابەتە پێویستى
بە دەسەڵات پێدان نییە و ئەوانەى لە فەرمانەکەدا ناویان هاتووە پێشتر بە رێگاکانى
پێدانى دەسەڵات ئەو دەسەڵاتەیان یێدراوە و
پیادەیان کردووە و لەئێستاشدا بێ هەبوونى ئەم فەرمانە هەر دەتوانن ئەو دەسەڵاتە پیادە
بکەن.
بۆیە دەبوا لەبرى دەرکردنى ئەم فەرمانە، جەنابى وەزیر ئەو پرسیارەى بکردایە بۆچى بەرێوەبەرى گشتى و بەرێوەبەرى پەروەردەى قەزاکان دەسەڵاتەکانى
خۆیان بەکار نەهێناوە، بۆچى رێکاریان نەگرتۆتەبەر؟ یان پێش دەرکردنى ئەم فەرمانە،
دەیتوانى نووسراوێک ئاراستەى ئەنجومەنى وەزیران بکات و لە خراپى دۆخەکە ئاگادارى
بکردنایەتەوە ـ لانى کەم تەنها بۆ مێژووى
خۆی ـ، بۆ ئەوەى بەرپرسیارێتى دۆخێکى لەم چەشنە بە تەنها هەڵنەگرێت، ئەو کات بیرى
لە دەرکردنى فەرمانێکى لەم چەشنە بکردایەتەوە ؟ چونکە ئەگەر دەوام لە 22/ 10 /2023 دەست پێنەکاتەوە ئەو کات وەزیر چى دەلێت
؟