لەپەراوێزى بڕیارەکەى دادگاى باڵاى فیدراڵى بۆ کۆتاییهێنان بەکارى ئەنجومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان
9/25/2023 12:51:00 PM
عەبدولقادر ساڵح
دادگاى باڵاى فیدراڵى
عێراق لە دۆسیەى ژمارە (124/ اتحادیة/ 2023 ) لەرێکەوتى 24 / 9 / 2023 بڕیاریدا بە
نادەستورى بوونى ماددەى (2) لە یاساى ژمارە (2)ى ساڵى 2019 یاساى هەموارى یەکەمى یاساى
پارێزگاکانى هەرێمى ژمارە(3)ى ساڵى 2009 تایبەت بە بەردەوامیدان بەکارى ئەنجومەنى
پارێزگاکانى هەرێم لەپاش تەواوبوونى تەمەنى یاساییان، ئەمەش لەبەر ئەوەى پێچەوانەى
حوکمەکانى ماددەى (2/ یەکەم/ب و ج) و ماددەى (6)ى دەستورى کۆمارى عێراقى ساڵى
2005، بەم جۆرەش بڕیارەکەى دادگا کارى ئەنجومەنى پارێزگاکان کۆتایى پێدەهێنێت، لێرەدا بەپێویستى دەزانم سەرنج لەسەر چارەنووسى دوو
پرسى تایبەت بەئاسەوارەکانى ئەم بڕیارە بخەمەڕوو:
یەکەم: دەربارەى
ئەو بڕیارانەى ئەنجومەنى پارێزگاکان دەریان کردووە لەو ماوەیەدا
دادگاى باڵاى فیدراڵى لەبڕیارەکەیدا بەهیچ شێوەیەک حوکمى لەچارەنووسى ئەو بڕیارانە نەداوە کەلەلایەن
ئەنجومەنى پارێزگاکانەوە دەرچوون لەپاش کۆتایى هاتنى تەمەنى یاساییان، بەپێچەوانەى
بڕیارەکەیەوە دەربارەى نادەستورى بوونى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان کە
هەموو ئەوەى لەپەرلەمانى کوردستانەوە دەرچووبوو لەپاش تەواو بوونى تەمەنە یاساییەکەى
بەپوچەڵکراوە داناوە( اعتبار کل ماصدر من برلمان اقلیم کوردستان العراق بعد تلک
المدة القانونیة باطلا من الناحیە الدستوریة) ، بەبڕواى ئێمە هۆکارى ئەمەش دەگەرێتەوە
بۆ ئەوەى دادگاکە چاودێرى رەوایەتى ئەو بڕیارانە ناکات لەئەنجومەنى پارێزگاکانەوە
دەرچوون و لەسەر ئەم بنەمایەش ئەو بڕیارانە شیاوى تانەلێدان دەبن لەبەردەم دادگاى
کارگێریى لە ماوەى یاسایى تانەلێداندا، بەپێچەوانەوە پارێزراو دەبن لە تانەلێدان،
لەلایەکى دیکەشەوە لەبەرئەوەى بڕیارە کارگێرییەکان پەیوەستن بە ژیانى هاولاتیانەوە
و لەسەر بنەماى ئەو بڕیارانەش پێگە یاساییەکان دروست دەبن یان هەموار دەبنەوە یان
هەڵدەوەشێنەوە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەیان لەرێگەى دادگاى فیدرالى و بە ئاسەوارى گەڕاوەیى
کارێکى زۆر زەحمەتە و لێکەوتەى ئەوتۆى لێ دەکەوێتەوە کە چارەسەرکردنى زۆر ئەستەم دەبێت
و رەنگە فەوزایەکى گەورە بخاتەوە و سەقامگیرى تێک بدات، بۆیە لەم روانگەیەوە
دادگاکە بەوردى بڕیارەکەى داوە و دەستى بۆ ئەم بابەتە نەبردووە بەو هۆکارانەى لەپێشەوە
ئاماژەمان پێدا.
دووەم: دەربارەى
مووچەى ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاکان
ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاکان کاتێک لەپاش تەواوبوونى
ماوەى یاسایى تەمەنى ئەنجومەنەکانیان درێژەیان بەکارەکانیان داوە، ئەوا پەیڕەوى دەقێکى
یاساییان کردووە کە لە دامەزراوەیەکى دەستورى هەرێمى کوردستان و تایبەتمەند بە یاساکاریى
دەرچووە کە ئەویش پەرلەمانى کوردستانە، بۆیە لەم روانگەیەشەوە ئەو ئەندامانە سەرپێچییان
نەکردووە، لەلایەکى دیکەشەوە بەهیچ شێوەیەک بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى لەم بارەیەوە
هیچ ئاماژەیەکى تێدا نەهاتووە و رێگەپێدراویش نییە لەسەر بنەماى لێکدانەوەى بڕیارەکە
دەست بۆ مافێکى بەدەستهاتووى لە چەشنى مووچە ببرێت، هەروەک ئەو ئەندامانە لەبەرامبەر
ئەو ئەرک و کارانەى رۆژانە ئەنجامیان داوە
شایستەى ئەو مووچەیە بوون و ئەمەش لانى کەم دەبێت وەک کرێى بەرامبەر کار (اجر
مقابل العمل) ئەژمار بکرێت بۆیان و دروست نییە بەرپرسیارێتى دەرکردنى یاسایەکى نادەستورى
بگرنە ئەستۆ کە دامەزراوەیەکى تەشریعى دەرى کردووە، هەروەک دادوەریى کارگێریى لە عێراق
و هەرێمیش لەسەر ئەوە سەقامیگر بوون لەم جۆرە حاڵەتانەدا دەست بۆ مووچە نابرێت و وەک
مافێکى بەدەستهاتوو (حق مکتسب) ئەژماریان کردووە.
بینا لەسەر ئەوەى لەپێشەوە روونکرایەوە، بەبرواى
ئێمە ئەو بریارانەى لە ئەنجومەنى پارێزگاکانەوە دەرچوون بە حوکمى بڕیارەکەى دادگا
و بە ئاسەواریى گەڕاوەیى (أثر الرجعى) بە پوچەڵکراوە دانانرێن، مەگەربێتوو بەگوێرەى
یاساى تایبەتمەند لەبەردەم دادگا تانەیان
لێ بدرێت و هەروەها ئەو مووچەیەى ئەندامانى ئەنجومەنەکان وەریانگرتووە وەک مافێکى
بەدەستهاتوو دادەنرێت و رێگەپێدراونییە دەستى بۆ ببرێت و بریارەکەى دادگا لەم بارەیەوە
ئاسەوارى گەڕاوەیى نابێت لەسەر ئەو مافە.