96وتار

ئایا مۆڵەتى فەرمانبەر، مۆڵەتى کۆکراوەى لێ دەکەوێتەوە ؟

8/20/2023 2:20:00 PM
عەبدولقادر ساڵح

زۆرجار ئەو پرسیارە دەکریت ئایا کاتێک فەرمانبەرێک مۆڵەتى ئاسایى بۆ ماوەى مانگێک یان زیاتر وەردەگرێت یاخود مۆڵەتى خوێندن یان نەخۆشى یان دایکایەتى وەردەگرێت، ئایا لە کاتى وەرگرتنى ئەو مۆڵەتانەدا مۆڵەتى کۆکراوە دەکەوێتەوە  واتە وبۆ هەر دە رۆژ  لەو مۆڵەتە  رۆژێک مۆڵەتى دیکە بکەویتەوە ؟ بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە لە خوارەوە هەوڵدەدەین روونکردنەوەى پێویست بخەینەڕوو:

  بێگومان  فەرمانبەر شایستەى مۆڵەتى ئاسایى دەبێت کاتێک لەراژەى کرداریدایە (الخدمة الفعلیة) و ئەمەش بۆ هەر دە رۆژ لەو راژەیە، فەرمانبەرەکە شایستەى یەک رۆژ مۆڵەت دەبێت، مەبەستیش لە راژەى کردارى بە گوێرەى لێکدانەوەى دادگاى پێداچوونەوەى عێراق لە بڕیارى ژمارە (1096/ دەستەى شارستانى / 2018 لە 14 / 2/ 2018)  بریتییە (( لە ئامادەبوونى فەرمانبەر بەخودى خۆى لە شوێنى کارەکەى و ئەنجامدانى  ئەو ئەرکانەى پێى راسپێراوە لە ماوەى کاژمێرەکانى  کارکردنیدا، بنەما لەسەر ئەمەش دابڕانى فەرمانبەر بە مەعزەرەتى بەجێ یان بەبێ مەعزەرەتى بەجێ بەراژەى کردارى ئەژمار ناکریت)) بێگومان  دابڕانى فەرمانبەر لە وەزیفە بە مەعزەرەتى بەجێ مەبەست لێى وەرگرتنى مۆڵەتە، لەلایەکى دیکەشەوە ئەنجومەنى دەولەى عێراقى لە بڕیارێکیدا  بە ژمارە (92 / 2015) دووپاتى ئەوەى کردۆتەوە کە ماوەى مۆڵەتى خوێندنى فەرمانبەر کاتێک بە راژەى کردارى دانراوە، بەگوێرەى ماددەى (50)ى یاساى راژەى شارستانى مەبەستەکەى دیاریکراوە کە بۆ مەبەستى سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوە و خانەنشینیە و یاسادانەر بە دەقى راشکاوانە ئاماژەى بەوە نەکردووە مۆڵەتى کۆکراوەى لێ دەکەوێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو فەرمانبەرەى مۆڵەتى خوێندنى وەرگرتوو،جیاواز لە جۆرەکانى دیکەى مۆڵەت، سەرەراى ئەو پابەندییانەى لەسەرشانیەتى، لە هەمانکاتدا بەرپرسیارێتى لەسەرە  و ئەگەرهاتوو سەرکەوتوو نەبوو  لە خوێندنەکەى، ئەوا رێکارى یاسایى دەرهەق دەگیرێتەبەر، جا ئەگەر بابەتەکە بۆ مۆڵەتى خوێندن بەمجۆرە بێت ئەوا بیگومان بۆ مۆڵەتەکانى دیکە لەپێشترە کە مۆڵەتى کەڵەکەبووى لێ نەکەویتەوە .
  بینا لەسەر ئەوەى لەپێشەوە باسکرا، بەبڕواى ئێمە لە کاتى وەرگرتنى مۆڵەتەکانى هاتوو لە یاساى راژەى شارستانى ، هیچ جۆرە مۆڵەتێکى کەڵەکەبوو لەسەر ئەو مۆڵەتانە ناکەوێتەوە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن