وتار

ژیان لەگەڵ وەهمدا

8/20/2022 9:28:00 AM 255 جار خوێندراوەتەوە
جەعفەر عەلی



   کۆمەڵگەی ئێمە پڕیەتی لە وەهم، وەهمی دینی، وەهمی سیاسی و حیزبی، وەهمی ئاغای گەورە، شێخی پیرۆز، باوکی ڕۆحی، سەرکردەی فریادڕەس و بێهاوتا. وەهم جگە لەوەی بەشێکی گرنگ لە ژیانی ئینسانی ئێمەی داپۆشیوە، هەندێجاریش مرۆڤ بە ڕۆچوون لە ناو وەهمەکانیدا خۆی لێدەگۆڕێ بە سوکرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ، هەندێکی دی، چ لە ناو سیاسییەکان، چ لە ناو ڕۆشنبیران و نووسەراندا، وەهم توشی ئیگۆیەکی کوشندەی کردوون و پێیانوایە لە بەرزیدا جێگەیان گرتووە و سەیرکردنیان بۆ دامێن وەک خڵتەی کۆمەڵگە نەبێت هیچی دیکە نییە.

   وەهم بریتی نییە لە خەیاڵ، وەهم ماسکێکی ساختەی حەقیقەت و ئەنجامەکەیشی هەمیشە نائومێدکەرە، هەرچی خەیاڵە لە ڕێی بیرکردنەوە و ڕامانەوە، دەشێ بەرەو داهێنان و قوڵبوونەوە لە دونیای نوێ و سەرکەوتنمان بەرێت. وەهم سەرابێکە پەیوەندییەکی گرنگی بە واقیعەوە نییە، هەر خەون و خەیاڵێکیش لەسەر وەهم هەڵبچنرێت، جگە لە بەخشینی دەستکەوت و ئومێدی وەهمی، هیچی دیکەی لێسەوز نابێت. وەهم کۆی ئەو بینین و بیرۆکە و خورافاتانەیە، کە مرۆڤ بەبێ هیچ بنەمایەکی واقیعی، لۆژیکی، عەقڵی و زانستی، باوەڕ بە ڕاستیبوونیان دێنێت. کێشەی وەهم ئەوەیە، توانای بینینی دیوی دووەمی جیهانی نییە، هەوڵدەدات تەنیا یەک دیو و یەک ڕووی جیهانمان پێشانبدات، جیهانێک کە دەیخوازین، دەمانەوێت و دڵخوازی خۆمانە.

   یەکێک لە ترسناکترین جۆرەکانی وەهم، وەهمی سیاسییە. وەهمی سیاسی، بریتییە لەوەی گروپێک لە خەڵک پێیانوایە، بەبێ گەڕانەوە بۆ واقیع و مەرجە بابەتییەکان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەها مرۆییەکان، هێزی ئەوەیان دەبێت واقیع لەسەر بنەمای ئارەزوو و خواستی خۆیان، یان بەگوێرەی هۆشیاری ساختەی خۆیان بە مێژوو، دروستبکەنەوە. لە دوای ڕاپەڕینەوە بۆ ئێستا، دەتوانین دەیان نموونەی ناو کایەی سیاسی و ڕۆشنبیری، بەشی هەرە گەورەی ئەو یادداشتە سیاسییانەش بهێنینەوە، کە لە ناو ڕووبەرێکی بەرینی دۆزەخی و ناشیریندا، سەرڕێژن لە وەهمی دروستکردنی مرۆڤی پاک، ئاشتیخواز، نیشتیمانی و فریشتەیی.  گرفتی سەرەکی کەسانی ئاڵوودە بە وەهم، دابڕانە لە بیرکردنەوە و خەیاڵ، بیرنەکردنەوە و بێ خەیاڵیش مرۆڤ بەرەو بەرگری لە بەردەوامێتی وەهم و درێژەدان بە ژیان لە ناو وەهمدا دەبات.  

   وەهمی مرۆڤی ئێمە بابەتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی سادە و ئاسایی نییە، وەهمێکە لە سەردەمی جیاواز و لە سیاقی کۆمەڵایەتی جیاوازدا بە زمانێکی تازەترەوە دێت و گوتارێکی دیکەی ئیگۆسازی پێشکەش دەکاتەوە. وەهمی ئێمە لە هیچ سەرچاوەیەکی راستەقینەی بوونەوە سەرچاوەی نەگرتووە، وەهمێکە لە نەبوون و بەتاڵییەوە هاتووە، لە خەیاڵێکی ئیگۆساز و مێشکێکی بەتاڵ و پوچەوە خۆی لێبووە بە بوونێکی ڕاستەقینە. لەم سەرزەمینی وەهم و خەیاڵە شێواوەدا، مرۆڤی نائاگا بە سیاسەت و زانستی سیاسی، مرۆڤی ناهۆشیار بە ململانێ و دۆخی کۆمەڵایەتی، خۆی لێدەگۆڕێت بە مەکیاڤیللی و رۆسۆ و کیسنجەر، کۆلکە خوێندەواریش خۆی لێدەبێت بە هیگڵ و مارکس و نیتشە، سیاسییە خێڵەکی و پۆپۆلیستەکانیش، هنتگتن و فۆکۆ و گاندی و ماندێلا بە شاگرد ناگرن.

   ترسناکی عەقڵی مرۆڤی ئێمە بە تەنیا لەوەوە نایەت، کە لە وەهمێکی قوڵدا دەژی، بەڵکو لەوەشەوە دێت کە وەهمی لێگۆڕاوە بە حەقیقەتێک و ژیانی ڕاستەقینە. گوتاری حەماسی و میلیتاریستی حیزب و سەرۆکی حیزب لە شێوەی پسولەی لێخوشبوونی پاپاکانی سەدەکانی ناوەڕاست وەک تێپەڕاندنی دۆزەخ بەرەو بەهەشت دەبینێت. گوتاری ڕۆژانەی بەتاڵ، زبر، بێ ناوەرۆکی سیاسی و قۆڵبادانی یەکدی، لێدەبێت بە پەیام و کارنامەی سیاسی و ستراتیژی پیرۆز، بێئاگا لەوەی بەشێکی گرنگی هاوار هاوار و قڕەقڕ، بە قڕەقڕەکانی ناو دامەزراوەی پەرلەمانیشەوە، بۆ داپۆشین و پینەکردنی بابەتێکی دیکەیە، بابەتێک وەک پاڵنەرێکی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی، لە ناو قوڵایی و ناوەوەی کەسی قڕەقڕکەردا ناچار بە هاوار هاوار و دەنگەدەنگی دەکات، بابەتێک لە نەبوونیدا، جەوهەری بوونە ڕاستەقینەکە، حەقیقەتی بوونە ئەسڵییەکە، بە ڕووتی دەکەوێتە بەر ڕوناکی. لێرەوە بۆ شاردنەوە و داپۆشینی بێهێزی پێگەی کەسی قڕەقڕکەر، پێویستدەکات تەمێکی ئەستور بەسەر ڕووی ڕوناکییەکەدا دروستبکرێت، تەمێک بۆ ئەوەی ڕوناکییەکە لێڵ و تەماوی بکات و گروپە کۆمەڵایەتییە سادەکان هێزی بینینی جەوهەر و ناوەرۆکی کەسی قسەکەر لە دەست بدەن، چونکە هەموو ئەوانەی هاوار هاوار و قڕەقڕیان وەک بنەما و پرەنسیپ وەرگرتووە، لە ڕێی سادەگۆیی و شۆڕبوونەوە بۆ ناو عەقڵی عەوام نەبێت، مەترسی سفربوونەوەیان لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە لەسەر گەورەتر دەبێت.

   بابەتێک گرنگە بۆ هەمووان ڕوون بێت، دەنگەدەنگی بێ فیکر، هاوار هاواری پۆپۆلیستانە، قڕەقڕی بێ مەعریفەی سیاسی و مێژوویی، لە هیچ پنتێکییەوە نامانباتەوە ناو دونیای گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و تێپەڕاندنی دۆخی باو، لە هیچ شوێنێکی دونیاشدا هاوار هاواری بێ زانیاری و بەتاڵی مەعریفی، بەرهەمێکی گرنگی بۆ ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و بەرینکردنەوەی ئازادی و مافی ئینسان نەهێناوە. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی نەخۆش لە ڕێی بێدادی کۆمەڵایەتی، بێبەهاکردنی پیرۆزییەکانی نیشتیمان، گەورەترکردنەوەی ڕووبەرەکانی گەندەڵی و سەپاندنی هەژموون بەسەر کۆی کایە جیاوازەکانی ژیاندا، زەبری کوشندە لە کۆمەڵگە، بەهای مرۆیی و نەتەوەیی دەدات، ئەوا ئۆپۆزیسیۆنی قڕەقڕکەر، بێ فیکر و خەیاڵیش دیوی دووەمی هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکە تەواو دەکات، لە شێواندن و هەڵوەشاندنەوەی مرۆڤ و خراپ بەکارهێنانی بێزاری و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتیدا، لە ڕووی ستراتیژی سیاسی و نەتەوەییەوە، کۆمەڵگە بەرەو وێرانەیەکی دی و فۆرمێکی دیکە لە نائومێدی و هەڵوەشان دەگوازێتەوە.

   کاتێک سەرۆکی حیزب قسە دەکات، بەیاننامە دەردەکات، ڕێنمایی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئیداری بڵاودەکاتەوە، لەو کاتەدا سەرۆک هەر خۆی لە وەهمی گەورە و ئیگۆی قوڵی خۆیدا ناژی، بەڵکو مێگەلیش بە باوەشێکی تەواو کراوەوە پێشوازی لە وەهمی سەرۆکی پیرۆز دەکات، لە ملکەچی و خۆونکردندا دەچێتەوە ناو هەمان وەهم و، بێ ئەوەی بیربکاتەوە لە ناو ڕووبەرەکانی وەهمی باڵادا وەک مرۆڤێکی بێ ئیرادە و چەماوە دەردەکەوێت، بە مانا وەهمێک لە بڵندییەوە دیالۆگ لەگەڵ ڕووبەرێکی گەورەتری وەهم لە دامێندا دەکات، ئەوەیش وا دەکات وەهمی باڵا بژی و بەردەوام بێت لە بەرهەمهێنانی وەهمی تازە و شۆڕکردنەوەی بۆ خوارەوە، ڕووبەرە کۆمەڵایەتییە گەورەکەی وەستانەوە لە پشت وەهمی باڵایە.  

   سەرۆک بڕیاردەدات گەندەڵی بنبڕ بکات، گەندەڵکاران سزای سیاسی و یاسایی بدات، بێگومان ئەمانە ئەگەر بکرێن کاری باش و قسەی جوان و جێگەی دەستخۆشین، بەڵام دەزانین دروشمی کۆن و سواون. دوای پەیامەکەی سەرۆک، مێگەلی ئاڵوودە بە وەهمی باڵا بۆ تەنیا یەک چرکەساتیش ئامادەیی تێدا نییە چاوێک بە باڵای خودی سەرۆک، خێزان و بنەماڵەی سەرۆک و دەوروبەریدا بگێڕێت، کەمترین ئامادەیی ئەوەی تێدا نییە، تەنانەت سەرنجێکی شەرمنانەش لە مرۆڤە رۆبۆتییەکانی چواردەوری مێزی کۆبوونەوەی سەرۆک بدەن و بپرسن: سەرۆکی هێژا، بنبڕکردنی گەندەڵی لە کورسی هەرەباڵای دەوری ئەم مێزە ڕاقییەوە تا دوا کورسی دەوروبەرت دەست پێدەکات، سەرۆک هیچ کەسێک بێ پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئێوە و ئەو دەوروبەرەت، هێزی نە تەنیا سەرپێچی یاسایی و زیادەڕەوی بۆ سەر ژیان و موڵکی گشتی نییە، بەڵکو توانای بیرکردنەوە لە وەها بابەتێکیشی نابێت. سەرۆک، ئیدی جیاوازی نییە، سەرۆک قاتی ئیتاڵی و ریبات دەپۆشێ، یان قاتی کوردی و جامانە، هیچ مەکە، تەنیا بۆ یەکجار بە دەروونێکی ئارام و ویژدانێکی نیشتیمانی  زیندووەوە چاوێک بە جەستەی ڕوشاوی خۆت، خێزان و بنەماڵە سیاسییەکەت و چواردەوری مێزەکەتدا بخشێنەوە و وەک وردبینێکی بە پەرۆش بۆ پرسی کۆمەڵگە و نەتەوەکەی، دەستێک بە نێو گیرفان و موڵک و سامانەکانیاندا بگێڕە، بزانە هیچ موچەیەک لە توانایدا دەبێت گیرفانی هێندە قوڵ و موڵک و سامانی هێندە گەورە کۆبکاتەوە، بزانن هیچ کەسێک بە تەنیا موچەیەکی دیاریکراوی مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی، وەزیری و پەرلەمانتاری، پارێزگار، سەرۆک شارەوانی، قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و ئاوەدانکردنەوە و هەر پۆستێکی دیکە، دەتوانێت موڵکی هێندە گەورە و سامانی زەبەللاح کۆبکاتەوە. بزانن بە درێژایی مێژوو، هیچ مافیایەک، هێندەی حیزبی کوردی و کاستە سیاسییەکانی، لەسەر حیسابی گیرفانی گشتیدا، گیرفانی تایبەتی خۆیان و خێزانەکانیان پڕ کردووە.

   سەرۆکەکانی ئێمە پێدەچێ بە هەمان میتۆد و چیرۆکی ئەو مامۆستا ئاینییە کاربکەن، دەڵێن، ڕۆژێک لە مینبەری مزگەوتەوە مامۆستایەکی ئاینی بە حەماسێکی زۆرەوە ئامۆژگاری خەڵک دەکات، ئەوەی دوو نانی هەیە یەکی بکاتە خێر، ئەوەی دوو کراسی هەیە دانەیەکی ببەخشێت... . کاتێک ژنی مەلا گوێی لەم قسانەی هاوسەرەکەی دەبێت، لە هەر شتێکی دوو دانەیی مەلادا، دانەیەکی دەبەخشێت. دوای ئەوەی مامۆستا دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، کاتێک داوای کراسێکی خۆی دەکات، مەلاژن دەڵێت گوێم لە ئامۆژگارییەکانی تۆ بوو مامۆستا، بۆیە لە هەر شتێکی دوو دانەت هەبووبێ، دانەیەکیم بەخشیوە، واتە ئەو کراسەی داوای دەکەیت بەخشیومە. مەلا توڕە دەبێت و دەڵێت؛ ئافرەت  خۆ من قسەم بۆ خۆمان نەکردووە، لەگەڵ ماڵی خۆم نەبووە، ئامۆژگاری خەڵکم کردووە و قسەم بۆ ئەوان کردووە. دیارە سیاسییەکانی ئێمەیش بەگوێرەی میتۆدی ئەم مەلایە دەیانەوێت گەندەڵی و دەستدرێژی بۆ سەر موڵک و سامانی گشتی ڕابگرن. سەرۆک، لە هەر ڕەنگێکی، لە هەر دەنگێکی، لە هەر ئاستێکی بەرپرسیارێتیدایت، ئەگەر بڕیارتدا گەندەڵی بنبڕ بکەیت، تکایە موڵک و سامانەکەی خۆت، خێزان، بنەماڵە و مافیاکانی دەوروبەرت بیرنەچێت.

   دیڤید هیلبرت دەڵێت: "ژیان بەبێ تێپەڕاندن و جێهێشتن بەردەوام نابێت". ئەگەر سەرۆکەکانی ئێمە بڕیارە چاکسازی بکەن و سزای گەندەڵکاران بدەن، بە دڵنیاییەوە کارێکی یاسایی، نیشتیمانی و ئەخلاقی گەورە دەکەن، بەڵام کار و هەنگاوێکی لەم جۆرە بەبێ جێهێشتن و تێپەڕاندنی ئەم گاڵتەجاڕی و وەهمە ناشیرینە نابێت، کە فیگەرە سیاسی و حیزبییەکانی ئێمە (٣٠) ساڵی تەواوە لە پوچێتی ئەم دروشمە وەهمییەدا، دروشمی دژایەتی گەندەڵی و لێپرسینەوە و سزادانی گەندەڵکاران، مێگەلێک بەرەو وەهمی قوڵتر و گەورەتر دەبەن. مێگەلێک وەک نیتشە دەڵێت: "لە ترسی ئەوەی لە ژیانێکی تەواو خاڵی لە هەر مانایەک بژین، دەستیان بە هەندێ مانای بۆشەوە گرتووە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن