16وتار

ژیریی دەستکرد داهاتوویەکی مەترسیدار و وێرانكەر

5/8/2025 1:31:00 PM
فەرەیدون بێوار

ژیریی دەستکرد داهێنانێكی نوێی تەكنولۆژیا و زانستی سەردەم و بەرهەمی عەقڵی مرۆفە و بازدانێكی گەورەیە لە بواری رۆبۆت و داهێنان دا.
ئەم داهێنانە نوێیە، لەداهاتوودا دەبێتە بەڵایەکی گەورە بۆ مرۆڤایەتی،  چونکە لەرووی کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئابووری و سیاسی و تاوانکاری و سەربازیی و یاساییەوە، مرۆڤایەتی رووبەرووی کارەسات دەکاتەوە... 
.....
یەکەم؛ ژیریی دەستكرد و كۆمەڵایەتیبوون
هێندەی تر مرۆڤەكان نامۆ دەكات و هۆگری خۆیان دەكات، پەیوەندییەكان لە مرۆڤەكانەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئامێرەكان، شیرازەی خێزانی تێك دەدات، ساڵانی داهاتوو یان دوای دەیەیەك وای لێ دێت هاوسەریی لەگەڵ رۆبۆتەكان و ژیریی دەستكرد لە هەندێك وڵات رەنگە زۆتر بێت لە هاوسەریی نێوان مرۆڤەكان. ئەم حاڵەتەش وادەکات زیاتر مرۆڤ گۆشەگیر بێت و زیاتر هەست بەتەنیایی بکات و تووشی چەندان نەخۆشی دەروونی بێتەوە و پێوەندییە رووحییەکان بەرەو کاڵبوونەوە بچن.
.....

دووەم؛ ژیریی دەستكرد و بواری ئابووری
ژیریی دەستكرد و رۆبۆتەكان جێگەی کاری دەستی مرۆڤەكان دەگرنەوە، كارخانە و كۆمپانیا و نەخۆشخانە و ریستورانت و كافێ و ماركێت و ....هتد، وای لێدێت زیاتر پشتیان پێدەبەستن، بێكارییەكی زۆر سەر هەڵ دەدات، بازاڕی کار پڕ دەبن لەژیریی دەستکرد و ئەوان دەبنە خاوەنکار.
.....

سێیەم؛ ژیریی دەستكرد و تاوانكاری
مەترسی هەر گەورە ئەوەیە، كە ژیریی دەستكرد و رۆبۆتەكان، لەلایەن خاوەنەكانیانەوە بۆ كاری تاوان بەكار بهێنرێن، وەك تاوانی دزی و كوشتن و جاسوسی و ئاشكرا كردنی نهێنییەكانی ژیانی كەسیی، ئەم گریمانەیەش کۆمەڵگە و حکومەتەکان، دووچاری کارەساتی گەورە و وێرانکەر دەکاتەوە، کە رەنگە لەکۆنتڕۆڵی مرۆڤەکان دەربچێت.
....

چوارەم؛ ژیریی دەستكرد و بواری یاسا

ژیریی دەستكرد و رۆبۆتەكان دەبنە گەورەترین لەمپەر و كێشە لەبەردەم یاسا، لەرووی یاساییەوە هیچ تاوان و هەڵەیەك لەسەریان هەژمار ناكرێت و پابەندی هیچ گرێبەست و دەقێكی یاسایی و ئاكاری نابن، ئەمەش هێندەی تر کێشەی کۆمەڵایەتی و یاسایی لێدەکەوێتەوە.
.....

پێنجەم؛ ژیریی دەستكرد و بواری سەربازی
رەنگە شەڕی گەورەی داهاتوو، یان شەڕی سێیەمی جیهانی، شەڕی رۆبۆت و ژیریی دەستكرد و درۆنەكان بێت، واتە شەڕی تەكنەلۆژیا  و زانستی سەربازیی دەبێت و ژیریی دەستكرد لەبری مرۆڤەكان شەڕ دەكات، بەڵام مرۆڤەكان باجەكەی دەدەن.
.....

پێنجەم؛ ژیریی دەستكرد و بواری سیاسی
ئەم داهێنانە نوێیە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی كێشە و ناكۆكی سیاسی لەنێوان وڵاتان و لەناو خودی وڵاتان و گروپ و لایەنە سیاسییەكان.
رەنگە وای لێ بێت، لەداهاتوودا مرۆڤەکانیش وەک ژیریی دەستکرد بیر بکەنەوە و ببن بە ئامێر، ئەوە گەورەترین کارەساتی مرۆڤایەتییە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن