وتار

خۆ توركیا-تان لێدیاره‌!

8/13/2022 1:02:00 PM 117 جار خوێندراوەتەوە
لوقمان غه‌فوور

له‌دوای رووداوی بۆردوومانی سه‌یرانگای په‌رخ له‌ زاخۆ، وا پێویست بوو هێزه‌ عیراقییه‌كان دڵسۆزییه‌كی ئارتیفیشیه‌ڵ-یانه‌ (ساختانه‌) بۆ گه‌لی عیراق ده‌ربڕن، ئه‌گه‌ر نا چ مانایه‌كی هه‌یه‌ مانگێك به‌سه‌ر بۆردوومانه‌كه‌ و وتاری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش-دا تێپه‌ڕی نه‌كردووه‌، عیراق لەڕێی گرێبه‌ستێکەوە نوژه‌نكردنه‌وه‌ی فرۆكه‌خانه‌ی موسڵ ده‌داته‌ دوو كۆمپانیای توركی.

رۆژی 27ی ته‌ممووز كاتێك ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌ بۆردوومانی سه‌ر سه‌یرانگای گوندی په‌رخ له‌ناوچه‌ی زاخۆ، كۆبووه‌وه‌ كه‌ تێیدا توركیای تێدا تۆمه‌تباركرا، یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌ كوردییه‌كان رای منی وه‌رگرت، ورد ورد شیكارم كرد كه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش هیچ بڕیارێك ده‌رناكات دژی توركیا بێت، چونكه‌ ئه‌ركی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش سێ رێكاره‌ به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تێك كه‌ پێشێلكاری بكات، به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌، ئه‌وانه‌ش: بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزی ئاشتی پارێزی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ به‌ كڵاو شینه‌كان ناسراون، سزای نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی مه‌به‌ست، هه‌روه‌ها بڕیاری به‌كارهێنانی هێز به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌گه‌ر ملكه‌چی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش نه‌بوو.

به‌ڵام راستی، پێشكه‌شكاره‌كه‌ ده‌یویست من به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت بڵێم كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش زۆر گرنگه‌، چه‌ند جارێك بۆم دووباره‌كرده‌وه‌ كه‌ جگه‌ له‌ نمایشێك بۆ راكێشانی سۆزی شه‌قامی عیراق و بێده‌نگكردنی عیراقییه‌كان به‌رامبه‌ر توركیا، هیچی دیكه‌ نییه‌، بۆ پێشكه‌شكاره‌كه‌م روونكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر پێنج ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش په‌یوه‌ندی خۆیان له‌گه‌ڵ توركیا تێكناده‌ن، وێرای ئه‌وه‌ی توركیا ئه‌ندامی ناتۆ-یه‌.

بۆ هه‌ر رێوشوێنێك پێویسته‌ 5 ئه‌ندامه‌ هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش (ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و رووسیا و چین) بڕیار بده‌ن.



كورته‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ئه‌وه‌ بوو عیراق له‌ رێگه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، داوای له‌ توركیا كرد له‌ خاكی عیراق بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی ئاسایش نه‌ك هه‌ر هیچ بڕیارێكی نه‌دا، به‌ڵكو له‌ خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند وتارێكی سۆزداری ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام، هیچی دیكه‌ی تێدا نه‌بوو.

عیراق چونكه‌ ئێستا ده‌وڵه‌تێكی لاواز و بێ سه‌روه‌رییه‌، نه‌ك به‌رامبه‌ر توركیا ته‌نانه‌ت خۆی ده‌رگای بۆ ته‌راتێنی ئێران-یش كردۆته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ حكومه‌تی عیراق له‌به‌رامبه‌ر رووداوی بۆردومانی سه‌یرانگای به‌ردێكی گه‌وره‌ی هه‌ڵگرت كه‌ نیشانه‌ی نه‌هاویشتنی بوو، یاخود له‌ كێبڕكێی نزیك پێكهێنانی حكومه‌تی عیراقداین، وا پێویسته‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان دڵسۆزی ئارتیفیشیه‌ڵ-یانه‌ بۆ گه‌لی عیراق ده‌ربڕن، ئه‌گه‌ر نا چ مانایه‌كی هه‌یه‌ مانگێك به‌سه‌ر بۆردوومانه‌كه‌ و وتاری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش-دا تێپه‌ڕی نه‌كردووه‌، عیراق لەڕێی گرێبه‌ستێکەوە نوژه‌نكردنه‌وه‌ی فرۆكه‌خانه‌ی موسڵ ده‌داته‌ دوو كۆمپانیای توركی.

كورته‌ی هه‌واڵه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌: به‌پێی راپۆرتێكی فرانس پرێس  حكومه‌تی عیراق له‌ رێگه‌ی گرێبه‌ستێكه‌وه‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فرۆكه‌خانه‌ی موسڵ ده‌داته‌ هه‌ر دوو كۆمپانیای "T.A.V" و"77"ی توركی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و گوژمه‌یه‌ی بۆ بواری ته‌ندروستی و گواستنه‌وه‌ بۆ موسڵ ته‌رخانكراوه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی 266 ملیۆن دۆلاره‌.

فرۆكه‌خانه‌ی موسڵ ساڵی 2017 له‌ ئه‌نجامی بنبڕكردنی داعش له‌ موسڵ زیانی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وتوو، له‌ده‌ره‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌ له‌ ماوه‌ی 4 ساڵی رابردوودا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن