وتار

“ترس” لە تره‌مپ له‌ كۆشكی سپیدا

6/26/2019 9:00:00 PM 83 جار خوێندراوەتەوە
لوقمان غه‌فوور

ئەمریکا

پێشه‌كی: دوای ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ وه‌ك 45 هەمین سه‌رۆكی ئه‌مریكا، زیاتر له‌ 18 كتێبی ره‌خنه‌ئامێز له‌سه‌ر ئەم سەرۆکە چاپکراوە. له‌مێژووی ئه‌مریكادا تاكه‌ سه‌رۆكه‌ بەمڕادەیە زۆرترین ره‌خنه‌ی رووبه‌ڕووكرابێته‌وه.

بیهێنه‌ پێش چاوی خۆت كتێبێك له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌میدا  ملیۆنێک و 100 هه‌زار دانه‌ی لێ فرۆشرابێ، دەبێ ئه‌م كتێبه‌ چ كاریگه‌رییەكی هه‌بووبێ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌. كتێبی “ترس” له ‌نووسینی “بۆب ودوارد”ە كتێبێکه کە كۆشكی سپی له‌رزاند. بووه‌ پڕفرۆشترین كتێبی 2018. زۆركه‌س پڕفرۆشی ئه‌م كتێبه‌ بۆ تواناو لێهاتووی نووسه‌ر ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ كه‌ ساڵانێكی دوورودرێژه‌ به‌بێ ترس ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ پێشكه‌ش ده‌كات.


مانگی سێپتەمبه‌ری 2018 كاتێ ئه‌مریكییه‌كان یادی 11 ی سێپتەمبه‌ریان ‌كرده‌وه‌، رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز ئه‌م كتێبه‌ی خسته‌بازاڕه‌وه‌. 


بۆب ودواردی تەمەن76 ساڵان، یه‌كێكه‌ له‌ رۆژنامه‌نووسه‌ بیرتیژ و به‌تواناكانی ئه‌مریكا، ئه‌مه‌ نۆزده‌هه‌مین كتێبیەتی كه‌ 13 دانەیان پڕفرۆشترین بوون له‌ ژیانیدا. 


له‌ پێشه‌كی ئه‌م كتێبه‌دا ده‌ڵێت: ئه‌مریكییه‌كان له‌ كۆشكی سپیدا پیاوێك ده‌بینن به‌ده‌وری خوێدا ده‌خولێته‌وه‌، له‌ناو تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا ده‌ژی، هیچ گرنگییه‌ك نادا به‌خوێندنه‌وه‌ و فێربوون. شاگەشکە دەبێ كاتێ هاندانی خه‌ڵك دەدا له‌ دژایه‌تیكردنی یه‌كتردا. دڵخۆشه‌ به‌ دابه‌شبوونی بیروڕاكانمان به‌ ترسه‌وه‌ حوكم ده‌كات.


کتێبەکە بەو هەموو کاردانەوەو کاریگەرییانەوە، تائه‌مڕۆ هیچ كه‌سێكی چوارده‌وری تره‌مپ  بەرپەرچی كتێبه‌كه‌یان نەداوەتەوە. ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێ سارا ساندەرز سكرتێری رۆژنامه‌وانی كۆشكی سپی وتی”هیچ نییه‌ بێجگه‌ له‌چیرۆكێكی هه‌ڵبه‌ستراو” 


تره‌مپیش بۆ خۆی ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی وت “كتێبێكی تری بێکەڵک بڵاوكرایه‌وه”
كتێبه‌كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و راپۆرتانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بۆ یه‌كجاره‌ دەیانبیستین سەبارەت بە ره‌فتاری ئابڕووبه‌رانە و پێشبینی نه‌كراوی تره‌مپ. باس له‌ كه‌مته‌رخه‌می له‌ ئه‌ركی جێبه‌جێكردن و مایه‌پووچی له‌ئه‌خلاق و ترساندن ده‌كات كه‌ رووده‌ده‌ن له‌به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپدا. 

ناو كۆشكی سپی
ئه‌وه‌ی من هه‌ستم پێكردووه‌ ودوارد وه‌كچۆن به‌ راپۆرته‌كه‌ی “واتەرگێت” كاریگه‌ری گه‌وه‌ره‌ی دروستكرد و بووه‌ هۆی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ریچارد نیكسۆن 37مین سه‌رۆكی ئه‌مریكا له ‌ساڵی 1974، ده‌یه‌وێ له‌رێی ئه‌م كتێبه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی دابنێ تا‌ ‌تره‌مپ ناچار بكه‌ن ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی بێ. هه‌روه‌ها “وایده‌بینم كه‌ چالێنجێك له‌به‌رده‌م ئه‌مریكادا هه‌بێ، ده‌توانرێت گه‌شه‌ به‌ ئه‌مریكا بدرێت به‌ڵام ناتوانرێت گره‌نتی ئه‌وه‌ بدرێت كه‌ هاووڵاتیانی ئه‌م وڵاته‌ به‌ یه‌كسانی چێژ له‌ خێرو خۆشییه‌كه‌ی وه‌رده‌گرن له‌سایه‌تی تره‌مپدا”. 


به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان بیربچێ كه‌ 65 ملیۆن ده‌نگده‌ری ئه‌مریكا تره‌مپیان بینی كه‌ توانی ئابووری وڵاته‌كه‌یان باش بكات، به‌ڵام نووسه‌ر ده‌یه‌وێ له‌ دیوە ده‌گمه‌نەکانەوە تره‌مپ پیشان بدات به‌وپێیه‌ی كه‌ توانای ئه‌و چالێنجه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكادا هه‌یه‌.


هه‌روه‌ها كۆشكی سپیمان به‌و شه‌ڕ و ململانێ توندوتیژه‌ ناوخۆییه‌وه‌ پیشانده‌دات كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌راوێژكار و وه‌زیره‌كان به‌شێوه‌یه‌ك كردوویانه‌ به‌ باو له‌ چوارده‌وره‌ی تره‌مپ كه‌ نووسه‌ر به‌ نه‌زانیی و نائارامی وه‌سفی ده‌كات.


ئه‌مانه‌ش دوای كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌ڕێی ئه‌و هه‌زار سه‌عاتە لە چاوپێكه‌وتنەی نهێنی له‌ ژووره‌كانی كۆشكی سپیدا ئه‌نجامیداون یان ئه‌و سه‌دان به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنی و ده‌یان كۆنووسی كۆبوونه‌وانه‌ی تره‌مپ بەشداربووە.

چۆن به‌سه‌ر 16 پاڵێوراودا سه‌ركه‌وت؟
كتێبه‌كه‌ زیاتر لە 400 لاپه‌ڕه‌یە، چاپته‌ری یه‌كه‌می به‌ گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌فۆنیی نێوان “ستیڤ بانوون” و “دێڤد بۆسی” ده‌ستپێده‌كات كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 2010 ده‌رباره‌ی چاوپێكه‌وتنێكی تره‌مپ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی تره‌مپه‌ خۆی بپاڵێوێت بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا. 


له‌و كاته‌دا دۆناڵد تره‌مپ هه‌وڵیداوه‌ كه‌ كۆمارییه‌كان رازی بكات به‌وه‌ی به‌رامبه‌ر باراك ئۆبامای سه‌رۆكی پێشوو بچێته‌ ململانێی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش پاره‌یه‌كی باشی به‌خشیوه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌ندامانی كۆنگرێس و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پیران له‌ كۆمارییه‌كاندا، به‌ڵام شكستی هێناوه‌. 


له‌ ساڵی 2010 ه‌وه‌ نووسه‌ر راسته‌وخۆ رووداوه‌كان ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ساڵی 2016 و نووسیویەتی: بانوون به‌رێكه‌وت له‌ رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزدا ده‌بینێ كه‌ تره‌مپ بانگه‌شه‌ی خۆپاڵاوتنی كردووه‌. پێموایه‌ بانوون كۆمپانیاكه‌ی خستووەته‌ خزمه‌تی تره‌مپه‌وه‌ و به‌ڵێنی پێداوه‌ له‌كاتی بوون به‌سه‌رۆكدا قه‌ره‌بووی هه‌مووی بۆ بكاته‌وه‌ بۆیه‌ خاتوو “ریبیكا میرسیر” كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و خێزانه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی كه‌ هاوكاری مادی كۆمارییه‌كان ده‌كات، سه‌ری سوڕماوە كه‌ چۆن تره‌مپ توانی به‌سه‌ر 16 پاڵێوراوی كۆمارییه‌كاندا سه‌ركه‌وێت ئه‌گه‌ر پاره‌ی كۆمپانیاكه‌ی بانوون نه‌بێ!


دواتر تیشكده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و 12 ملیۆن دۆلاره‌ی كه‌ “پوڵ جان مانه‌فۆرت” ده‌ستی كه‌وتووه‌ له‌حزبێكی سیاسی پرۆ-روسیاوه‌ (ئۆكرانیا) و له‌ خزمه‌تی كه‌مپینی تره‌مپدا به‌كارهاتووە. پۆڵ جان مانه‌فۆرت لۆبی ئه‌مریكییه‌ له‌ ئۆكرانیا، راوێژكارێكی سیاسی و خاوه‌نی كۆمپانیای مانه‌فۆرته‌، له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی تره‌مپدا راوێژكاری هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ بووه‌، هه‌روه‌ها “ستیڤ بانوون” كه‌ ته‌نیا حه‌وت مانگ له‌ ئیداره‌ی تره‌مپدا راوێژكاری سه‌رۆك بوو. 


بۆب ودوارد ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ له‌هاوینی 2015 ده‌ستوه‌ردانه‌كانی روسیا له‌سه‌ر شوێن و تۆماری ده‌نگده‌ران و بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌بووه‌. ده‌شڵێت كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ CIA و FBI پێیانوایه‌ روسیا داتاكانی به‌كارهێناوه‌ بۆ یاریكردن به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان.


هەروەها چۆن جارید كۆشنێری زاوای، له‌ دارایی تایبه‌تی خۆی 50 ملیۆن دۆلاری سه‌رفكردووه‌ بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن، له‌كاتێكدا كۆشنێر ئه‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و پێشنیازی 25 ملیۆن دۆلاری كردووه‌ بۆ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ سه‌رفیكات، به‌ڵام تره‌مپ ره‌تیكردووەته‌وه‌. 


نووسه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی نهێنیدا كۆشنێر 10 ملیۆن دۆلاری به‌خشیوه‌ به‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌.

به‌ڵگه‌نامه‌ دزراوه‌كان
كاتێك كه‌ كتێبه‌كه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌ی له‌ هه‌ر چاپته‌رێكدا “ودوارد” چیرۆكێكی نوێمان ده‌رباره‌ی تره‌مپ پێده‌ڵێت كه‌ پێده‌چێ ئه‌مه‌ دۆخی نووسینی ودواردبێ، چونكه‌ من پێشتر كتێبی “پیاوه‌ نهێنیه‌كه‌“م خوێندووەته‌وه‌ كه‌ باس له‌چیرۆكی واتەرگێت ده‌كات. له‌سه‌روو ئه‌مه‌وه‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ به‌تێپه‌ڕبوونی كات پله‌وپایه‌كی به‌رزی له‌ناو سیاسییه‌كانی ئه‌مریكاو خه‌ڵكدا داگیركردووه‌. مێشكێكی كراوه‌ و قه‌ڵه‌مێكی پڕ بڕشتی هه‌یه‌ له‌ نووسیندا كه‌ له‌توانایدایه‌ هه‌موو چیرۆكێكی چنگكه‌وتووی رۆژنامه‌نووسی پڕ گرێوگۆڵ ئاسان بكات له‌ناو ئۆفیسی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ژێر سایه‌ی سه‌رۆك تره‌مپدا. 


ئایا هیچ كه‌سێك ده‌توانێ ئه‌وه‌ بێنێته‌ به‌رچاوی كه‌ فه‌رمانبه‌رێكی سه‌رۆك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی سه‌رمێزه‌كه‌ی بدزێ؟ ئه‌مه‌ روویداوه‌ نه‌ك رۆژێك به‌ڵكو رۆژ له‌دوای رۆژ و گه‌یه‌نراوه‌ته‌ وردوارد.
ئێستا بیرتان ده‌گوازمه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و چیرۆكه‌ی كه‌ له‌به‌شی شه‌شه‌می كتێبه‌كه‌دا خراوه‌ته‌ڕوو. هه‌فته‌یه‌كه‌ تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكایه‌، له‌ تاوه‌ری تره‌مپ داوا له‌ جه‌نه‌راڵی خانه‌نشینكراو “جاك كین” ده‌كات تا پۆستی وه‌زاره‌تی به‌رگریی وه‌رگرێ. به‌ڵام كین ره‌تی ده‌كاته‌وه‌، دواتر‌ جێم ماتێس هه‌ڵده‌بژێرێ. دوای مانگێك تره‌مپ داوای چاوپێكه‌وتێنك ده‌كات له‌گه‌ڵ ماتێس، له‌وێدا تره‌مپ داوای لێ ده‌كات مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ داعشدا بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ به‌ڵێنه‌كانی له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا. له‌به‌رامبه‌ردا ماتێس ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ ستراتیژییه‌كه‌دا بكرێت به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ئه‌و ته‌یدی بكات. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو تره‌مپ بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی دا له‌سوریا به‌بێ ئاگاداری ماتێس تا وا تێبگات كه‌ ماتێسی پشتگوێخستووه‌. ئه‌گینا له‌بنه‌ڕه‌تدا كشانه‌وه‌ی هێز له‌سوریا پلانی ستراتیژی تره‌مپ نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌ئه‌نجامی كاردانه‌وه‌ی بووه‌ به‌رامبه‌ر ماتێسدا. 


له‌لایه‌كی تره‌وه‌ نووسه‌ر ئه‌وه‌ ئاشكراده‌كات كه‌ “جێم ماتێس” یه‌كێك بووه‌ له‌و سه‌ركردانه‌ی كه‌ له‌ ساڵی 2013 داوای له‌ باراك ئۆباما كردووه‌ كه‌ له‌ئێران بدرێت. به‌ڵام ئۆباما رازی نەبوو. كاتێك ماتێس بووه‌ به‌ وه‌زیری به‌رگریی له‌ ئیداره‌ی تره‌مپدا، ترسی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران له‌ئارادا بووه‌.

راوچییه‌كی جادووگه‌ر
ئه‌وه‌ی بۆ من جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوو ئه‌و هه‌وڵه‌ی باراك ئۆبامای سه‌رۆكی پێشوو بووه‌ كه‌ داوای له‌ سه‌ركرده‌كانی CIA كردووه‌ راپۆرتێكی یۆ ئاماده‌ بكه‌ن له‌سه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی روسیا له‌ هه‌ڵبژاردنی 2016دا، هه‌رزوو مه‌له‌فێك ئاماده‌ده‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ چۆن روسیا هه‌وڵیداوه‌ ده‌ستوه‌رداته‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه‌. كاتێك “جیمس كۆمی” به‌رێوه‌به‌ری FBI ئه‌مه‌ به‌ تره‌مپ ده‌ڵێت، كۆپییه‌كی مه‌له‌فه‌کە له ‌میدیا بڵاوده‌بێته‌وه‌، ده‌بێته‌ هۆی تووڕه‌بوونی تره‌مپ و رێوشوێنی لێكۆلینه‌وه‌كان بشێوێن و دواتر بووه‌ هۆی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی جیمس كۆمی.


گرنگیی و به‌های كتێبه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ زۆربه‌ی رووداوه‌كان له‌ناو كۆشكی سپیدان. بۆ نموونه‌ چه‌ند مانگێك دوای به‌جێهێشتنی كۆشكی سپی، “رێنس پریبۆس سه‌رۆكی ئه‌ركانی كۆشكی سپی،‌ ته‌نیا ماوه‌ی حەوت مانگ هه‌ڵسه‌نگاندنی كۆتایی بۆ كاره‌كانی ده‌كات و پێیوابووه‌ كه‌ بێئه‌وه‌ی به‌ خۆی بزانێت چوارده‌وردراوه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك كه‌سی نامۆ كه‌ بێئه‌وه‌ی له‌ پلان و به‌رنامه‌ و بودجه‌ و كاری رۆژانه‌دا هیچ رۆڵێكیان هه‌بێ. كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی ئه‌ناركی كۆکراونەتە‌وه‌.


ئیڤانكا كچه‌كه‌ی تره‌مپ، راوچییه‌كی جادووگه‌ر بوو ده‌هات و ده‌چوو به‌ناو كۆبوونه‌وه‌كانی رۆژانەدا‌، هه‌روه‌ها جارید به‌ هه‌مان شێوه‌، بێئه‌وه‌ی هیچ ئه‌زموونێكیان هه‌بێ، له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی دیكه‌ كه‌ ئه‌وانیش كلیان كونوای و ستیڤ بانوون كه‌ هه‌ردووكیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆشكی سپی بوون، به‌ڵام هه‌موو شت بوون.


نووسه‌ر ده‌شڵێت: “ رێنس پریبۆس باسی ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ وابڕیار بوو كۆشكی سپی رێگه ‌بدات لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت له‌ دزەپێکردنی ئه‌و بیرۆكانه‌ی‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیا چینیه‌كانه‌وه‌، كاتێك په‌راوه‌كان كۆتاییان هات، بڕیاربوو ئه‌مریكا رسومی گومرگی دابنێ له‌سه‌ر كۆمپانیا چینییه‌كان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لای ئه‌وروپییه‌كان، راوێژكاری بازرگانی “پیته‌ر ناڤارۆ” و وه‌زیری بازرگانی “ێلبه‌ر رۆس” هاتنه‌ كۆشكی سپی بۆ ئیمزاكردنی كۆنووسه‌كه‌، هیچ كه‌سی تر له‌ كۆشكی سپی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌زانی، به‌ڵام ئیڤانكا تره‌مپ و جارید كۆشنێر هاتنه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی بانگهێشت كرابن، پێشنیازیان ئه‌دا به‌ تره‌مپ بێئه‌وه‌ی پێیان بوترێت پێشنیازتان هه‌یه‌ یان نا”.



هاوپه‌یمانێتی و متمانە‌
ره‌نگه‌ رانانی ئه‌م كتێبه‌ به‌ چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ كۆتایی نه‌یه‌ت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ من گرنگ بوو، ئه‌وه‌ بوو كه‌ تره‌مپ به‌ چ روانینێكه‌وه‌ ئه‌ڕوانێته‌ جیهان به‌شێوه‌یه‌ك بۆ كه‌سێكی بزنس هه‌موو شتێك وه‌ك سامان سه‌یر ده‌كات. نووسه‌ر پێوایه‌ كه‌ لای تره‌مپ هه‌موو شتێك به‌دیهێنانی ماده‌ و قازانجی مادییه‌، بۆ نموونه‌ تره‌مپ باوه‌ڕی به‌ هیچ هاوپه‌یمانێتییه‌ك نییه‌ وه‌ك ناتۆ. هه‌ربۆیه‌ هه‌میشه‌ باس له‌كشانه‌وه‌ له‌و هاوپه‌یمانێتییانه‌ ده‌كات. چونكه‌ ئه‌و پێیوایه‌ ئه‌مه‌ دەبێه‌ هۆی به‌فیڕۆدانی پاره‌ و بوونی پێگه‌یه‌كی سه‌ربازیی ئه‌مریكا له‌و هاوپه‌یمانێتییانه‌ خه‌رجی ئه‌مریكا ده‌به‌ن. هه‌تا تره‌مپ نیازی وابوو كه‌ هه‌موو سه‌ربازه‌كانی له‌ كۆریای باشوور بكشێنێته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر چه‌ند سه‌فقه‌یه‌كی بازرگانی گه‌ورەدا.

 


دوا بابه‌ت كه‌ من ده‌مه‌وێت باسی بكه‌م له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ مه‌سه‌له‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌ی سه‌رۆك تره‌مپ و كۆریای باكووره‌ كه‌ كه‌مترین زانیاریی و هه‌واڵی له‌سه‌ر زانرا. وردوارد پێیوایه‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ چه‌ند په‌یوه‌ندی به‌ رێگری له‌ په‌ره‌پێدانی چه‌كی ئه‌تۆمییه‌وه‌ هه‌بوو، ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ندی به‌ كێشه‌ی ئه‌منی نهێنییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانه‌وه‌ هه‌بوو له‌ژێر ده‌ستی كۆریای باكووردا. 


نووسەر نموونه‌ی كۆمپانیای سۆنی هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كۆریای باكووره‌وه‌ هێرشی ئه‌لكترۆنیی كرایه‌ سه‌ر دوای ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكه‌ فیلمێكی ده‌ركرد به‌ناوی “چاوپێكه‌وتن” له‌سه‌ر پلانی تیرۆری سیاسی كیم جۆن ئۆن. بۆیه‌ نووسه‌ر پێیوایه‌ تره‌مپ هه‌میشه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئاشتی كردووەته‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور، هه‌رچه‌نده‌ “جیمس كلابه‌ر” به‌رێوه‌به‌ری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مریكا پێیوایه‌ ئه‌مه‌ ئه‌سته‌مه‌. هه‌ربۆیه‌ خسته‌ڕووی مه‌سه‌له‌ی تاوانی ئه‌لیكترۆنیی به‌دووروودرێژی له‌ كتێبه‌كه‌دا یه‌كێكه‌ له‌و مه‌سه‌له‌ هه‌ستیارانه‌ی كه‌ نووسه‌ر ده‌ستی بۆ بردووه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن