وتار

مووشەکە بالیستییەکەی سەدر و پۆستی سەرۆککۆمار!

7/8/2022 5:40:00 PM 701 جار خوێندراوەتەوە
عادل باخەوان


هەفتەی رابردوو بۆ عێراقییەکان پڕبوو لە رووداوی گرنگ و هەفتەی داهاتووش، بەتایبەتی پاش جەژنی قوربان، دەکرێت چاوەڕوانی چەند قووربانییەکی سیاسی زیاتر بین. هەر لە تویتەکەی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدرەوە لەسەر سەرۆککۆمار تاوەکو گریمانەی گەڕانەوەی نووری مالیکی کە من ناویدەنێم پیاوە بیلدۆزەریەکەی عێراق.

رووداوەکان ناچارمان دەکەن تاوتوێی چەند پرسیارێکی گرنگ بکەین، لەوانە: ئایا عێراقی پاش تویتەکەی سەماحەتی سەید عێراقی پێش تویتەکەیە؟ تاوەکو چەند ئەم تویتە کارایی دادەنێت لەسەر داهاتووی پرسی بەربژێرەکان؟ کورد چۆن لەگەڵ دەرەنجامەکانی ئەم تویتەدا دەکات؟

پاشان ئەگەر کەمێک فراوانتر بیربکەینەوە، دەبینین ئاگرە گەورەکە لە ماڵێکی دیکەیە کە فراوانتر و ترسناکترە لە ماڵی کورد: ماڵی شیعەکان. پاش کشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، ئیتر بلۆکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەڕووتی دێتە بەر خۆر و هەموو ئەو درزانەی لە جەستە سیاسییەکەیدایە بەڕوونی دەبینرێن. ئایا بژاردەی سەرۆکی حکومەت بلۆکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەڵدەوەشێنێتەوە یان نا؟ 

دواتر مەرجەعیەتی نەجەف و کۆماری ئیسلامیی ئێران تاکەی و تاوەکو کوێ بەم شێوەیەی ئێستا مامەڵە دەکەن: مەرجەعیەت بێدەنگە و ئێرانیش هیچ پەلەی نییە!

لە کۆتاییشدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، راستە سەرقاڵی جەنگی ئۆکراینیایە، بەڵام چاوێکی هەر لەسەر عێراقە و لە پشت پەردەکانەوە جوڵانێکی دیپلۆماسی هەیە و زەنگی تەلەفۆنەکان بەردەوام لێدەدەن: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت چی بکات؟

لە کۆی ئەم بابەتە گرنگانەی هەفتەی رابردوو، ئێمە لەم گوتارە کورتەدا تەنیا لەسەر یەکەمیان دەوەستین و لە هەفتەی داهاتوودا دەگەڕێینەوە سەر ئەوانیتر. راستە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران گرێکوێرە گەورەکەیە، بەڵام ئەوەش راستە کە بەبێ سەرۆککۆمارێک لە کۆشکی سەلام، هیچ ئەکتەرێک لەڕووی یاساییەوە ناتوانێت ببێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران. بۆیە پێش هەموو شتێک عێراقییەکان دەبێت، بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمار یەکلاییبکەنەوە و لەکۆتاییدا کەسێک بنێرن بۆ سەر کورسییە پڕۆتۆکۆلییەکەی کۆشک.

سەرەتا تویتەکەبوو! 

پێش تویتەکەی سەماحەتی سەید، رووبەری جوڵانەوەی بەربژێرەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار تاوەکو ئاستێکی زۆر بەرز ئارامبوو. دوو بەربژێرە سەرەکییەکە سەرقاڵی داڕشتنی ستراتیژی چۆنیێتی ئیدارەکردنی پەیوەندییەکانی هێزبوون و کارتەکانی گوشاریان رێکدەخستەوە. 

پاش کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان و بەهێزبوونی بلۆکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەدا دەڕۆشتن کە بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی شانسی بەهێزتربێت بۆ مانەوە لە کۆشکی سەلام، بەڵام کە تویتەکەی سەماحەتی سەید وەک مووشەکی بالیستیکی زیرەک دەڕژێت بەسەر کۆشکی سەلام دا، ئیتر بەرژەوەندی و نۆرم و رێکخستن و گرەوەکانی یاریەکە گۆڕانکاریان بەسەردا دێت.

پاش چەند کاژێرێک قسەکردنی ئەم هەفتەیەم لەگەڵ ئەکتەرە سەرەکییەکانی نێو یارگاکەدا و دوور لە هەر رەهەندێکی سۆزداری و تەواو بابەتیانە، دەتوانم بڵێم دوو گریمانەی سەرەکی لەئارادان.

گریمانەی یەکەم: بەربژێری پارتی بەرەو کۆشکی سەلام!  

لە هەشت مانگی رابردوودا، بلۆکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەمیشە بلۆکی تەیاری بەوە تاوانبار دەکرد کە لەپشت پەردەکانەوە سەرقاڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراقە لەگەڵ ئیسرائیل دا. بۆ راگرتن و بەدرۆخستنەوەی ئەم چیرۆکە، بلۆکی تەیار پڕۆژەیاسای قەدەخەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دا بردە پەرلەمان و دەنگی لەسەر درا، بەڵام سەرۆککۆمار واژۆی لەسەر نەکرد. لێرەوە سەدر هێرشێکی بێ پێشینەی کردە سەر خودی سەرۆککۆمار و تاوانباری کرد بەوەی کە لایەنگری ئاساییکردنەوەی پەیوەندی عێراقە لەگەڵ ئیسرائیل دا.

لە گریمانەی یەکەمدا و بەپێی سیستمێکی عەقڵانی، دەکرێت ئەو 15 هێزەی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە خۆیان بە دژە ئیسرائیل ناودەبەن و بۆ بەشێکی گرنگیشیان دژایەتی ئیسرائیل مانا بە بوونیان دەبەخشێت، پشت بکەنە بەربژێرەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رێگەنەدەن ئەم مووشەکە بالیستیکییەی سەدر یاریگاکەیان بەسەردا بڕووخێنێت. 

لێرەوە، بۆ گەمارۆدان و پاشان پووچەڵکردنەوەی بۆمبەکەی سەدر، دەنگ بە بەربژێری هاوپەیمانەکەی سەدر کە پارتییە بدەن. لە دۆخێکی ئاوادا، هەولێر رازیدەکەن و حەنانەش بێدەنگ دەکەن. بەرە پرگماتیک و عەقڵانییەکەی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکرێت بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ تویتەکەدا بکەن.

گریمانەی دووەم: بەربژێری یەکێتی لە کۆشکدا دەمێنێتەوە 

15 هێزەکەی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی وشیارن لەوەی کە لەنێو هەلومەرجی بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی هێزدا، بەتایبەتی لە ئێستا و ئێرەیەکدا کە سەدر لە پەرلەمان کشاوەتەوە و تۆپەکە لە یاریگەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دایە، نابێت بەهیچ شێوەیەک رێگە بدەن لەدەرەوەی یاریەکەوە بێت و لەهەمانکات دا ئیدارەیشی بکات. بەپێچەوانەوە، هێندەی من ئاگاداربم، بەشێکی گرنگ لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەتایبەتی ئەکتەرە هەرە رادیکاڵەکانیان، پێیانوایە کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە سەدر تەواو لاوازبکرێت و بخرێتەوە قاڵبەکەی خۆی و میزەڵانەکەی بتەقێنرێت.

لێرەوە، دەبێت ئێستا لە جاران زیاتر پشتیوانی لە بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەن و ئەگەر خۆیشی بیەوێت بکشێتەوە دەبێت رێگەی لێبگیرێت، چونکە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێ لاواز دەبێت. واتە لەپێناوی بەرژەوەندییە بابەتییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دا، نەک هەر دەبێت پشتیوانی لە بەربژێری یەکێتی بکرێت، بەڵکو دەبێت، ئەگەر بیر لە پاشەکشەش بکاتەوە، ناچار بکرێت بە مانەوە لەنێو یاریگەکەدا. 

کورد لە کوێی یاریەکەدایە؟

لەنێو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، زانیارییەکی گرنگ هەیە کە دەبێت ئاماژەی پێبدەین: چەند چوارچێوەی هاوئاهەنگی و تەیار بەربژێرەکانی پارتی و یەکێتی وەک کارتی گوشار لەسەر یەکتری بەکاردەهێنن، پارتی و یەکێتیش هێندە هەردوو بلۆکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و تەیار وەک هەمان کارتی گوشار لەسەر یەکتری بەکاردەهێنن.

ئەم داتایە گرنگە چونکە دەمانباتەوە سەر ئەوەی کە چیتر یاریەکە کوردی - کوردی نییە، بەڵکو عێراقی - عێراقییە! ئایا بەڕاستی کاتی ئەوە نەهاتووە کە دەستەبژێری سیاسی کورد، پێداچوونەوەیەکی سەرتاسەری و بنچینەیی بەکۆی ئەم سیستمی مامەڵەکردنە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق دا بکات و وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە: ستراتیژی نەتەوەی کورد لە عێراق دا بریتییە لە تێکەڵبوون و ماڵیکردن و ئاوێزانبوون یان بیناکردنی خود وەک نەتەوەیەک کە خەون بە دەوڵەتێکی سەربەخۆوە دەبینێت؟

دڵنیام لەوەی کە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بەشێکی گرنگ لە کێشەکانی کورد لە عێراق دا چارەسەر دەکات، چونکە لە ئێستا و ئێرەدا کورد نەوەک عێراقی مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی عێراقی دا دەکات نە وەک کوردیش، هەروەها لەنێو ماڵی خۆیشیدا نە وەک عێراقی مامەڵە لەگەڵ خۆی دا دەکات نە وەک کورد.

ئەمە پێیدەگوترێت دڕانی سیاسی کە دڕانی جووڵە، هەڵسوکەوت و رەفتاریشی بەدوادا دێت. بۆ چوونە دەرەوە لەم دڕانە، گرووپە سیاسییەکانی کوردستان دەبێت یەکێک لەو دوو بژاردەیە هەڵبژێرن و مامەڵەی لەگەڵ دا بکەن.

بێگومان هەر یەکێک لەو دوو بژاردەیەش باجی گەورەی هەیە، بەڵام دەبێت، بدرێت، ئەگەرنا دۆخی نائارامی و ناسەقامگیری بەردەوام دەبێت و قەیرانەکان یەک لە دوای یەک کەڵەکە دەبن بەسەر هەرێمی کوردستان دا و نەوەی نوێی کوردستانیش، وەک نەوەیەکی دڕاو و بێ ئومێد و بێ ئاسۆ و بێ داهاتوو، هەمیشە لەسەر رێگەی بەجێهێشتنی نیشتماندا دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن