525وتار

پەرلەمان !! ھەڵبژاردنەکەی.. بەدیلەکەی..

3/27/2022 3:57:00 PM
د. دەرباز محەمەد

لەم ماوەیە کێشە لەسەر سیستەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمان ھەیە، کە ٣٠ ساڵە ، لەسەردەمی بەرەی کوردستانیەوە لە ١٩٩٢ ەوە دەستکاری نەکراوە..
پێش ئەوەی بچینە وردەکاریەوە، دو قسە زەرورە.

ئایە ئێمە بەراست پەرلەمانێکی راستەقینەمان ھەیە، یان پەرلەمانێک کە بۆ شەرعیەتدانە بە دەسەڵاتی چەک، دەسەڵاتێک کە بەچەک حوکم دەکا نەک بە دەنگدانی ھاوڵاتی.
کەواتە، پەرلەمان دەتوانێ چی بکا و بۆچی ھەڵبژێردرێ ئەگەر ھەر چەک حوکم دەکات !!؟؟

دو بۆچون ھەیە؛

 
یەکەمیان بەدیلی حوکمی چەک شۆرشی چەکداریە!! کە لە ئێستادا ئەم نیەتە تەنھا باس وخواسی نافەرمیە وکەس خۆی ناکا بە خاوەنی.

دوەم: ھیچ پەرلەمانێکی دونیا لەگەڵ لەدایکبونیدا تەندروست نەبوە، بەڵکو بە ئەزمون و بە چەندین ساڵ وسەدە پێگەیشتوە و رۆڵی تەواوی خۆی وەرگرتوە..

راست ئەوەیە، بۆ ئەم قۆناغەی کورستان ئەم پەرلەمانە بەھەمو خراپیەکانیەوە بەردەوام بێ، بەڵام دەبێ جوڵەیەکی سیاسی وجەماوەری ھەبێ بۆ چاککردن و بەھێزکردنی، چونکە لە ئێستادا ھیچ وەسفێک ھەڵناگرێ جگە لە «گیانەڵا» واتا ئان وساتی مردن یان مردنی سەرجێگە.

ئەم جوڵەیەش لە حزبی دەسەڵاتەوە نابێ وناکرێ. ئۆپۆزسیۆنیش لەو ئاستە نیە.

بێینەوە سەر سیستەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمان. کە کوردستان یەک بازنەیە، وسیستەمی نوێنەرایتی رێژەییە، واتا ھەر لیستێک بەپێی رێژەی دەنگەکانی کورسی دەباتەوە.
ئەم سیستەمە بۆ بارودۆخی سیاسی ئەمرۆ خراپ نیە «یەک خاڵی خراپی سەرەکی ھەیە کە نوێنەرایەتی کەمینەکان دو ھێندەی پێویستە، وئەم ژمارەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی زۆر ھاوکێشە بەکار دەھێنرێ» بەڵکو خراپی لە جێبەجێکردندایە، خراپی لە رێوشوێنی بەرێوەبردنی ھەڵبژاردنە، خراپی لە نەبونی نەزاھەت و بونی ساختەکاریە. نەزاھەت واتا گۆڕەپانەکە بۆ ھەمو رکابەرەکان وەک یەک بێ، نەک لایەنێک چەک وپارە ودەسەڵاتی بەدەست بێ وبەکاری بھێنێ، لایەنەکانی دیکەش ئەمەیان نەبێ. ساختەکاری پێویست بە باسکردن ناکا، چونکە بوە بە ناسنامەی ھەڵبژاردن لە کوردستان، تەنانەت لە ریفراندۆمە ھەتیوەکەشدا، ھەر پڕبو لە ساختە. ھەتیو لەبەر ئەوەی کەس خۆی نەکرد بەخاوەنی وھەموان حاشایان لێکرد، لە پێش ھەمویانەوە بارزانی وپارتی.

ئەگەر ھەر دەبێ ئەم سیستەمەی ھەڵبژاردن دەستکاری بکرێ، باشترین بژاردە ئەمەیە

١. سیستەمەکە ھەر بە نوێنەرایەتی رێژەیی بمێنێتەوە.

٢. کوردستان دابەش بکرێ بۆ ١٠ بازنەی ھەڵبژاردن. ھەر بازنەیەک ١٠ کورسی بۆ دابنرێ. دەشکرێ بەپێی پێویست بازنەیەک  ١٢ کورسی وبازنەیەکی تر ٨ کورسی بێ. واتا  ژمارەکان بەپێی بارودۆخی کارگێڕی وجوگرافی بگونجێنرێ.

٣. نوێنەرایەتی تورکمان بکرێ بە ٣ کورسی وکوردستان بۆ ئەوان یەک بازنە بێ. بەھەمان شێوە نوێنەرایەتی مەسیحی ٣ کورسی . ونوێنەرایەتی ئەرمەن نەمێنێ، چونکە ئەرمەن ھەر مەسیحین.

٤. نوێنەرایەتی ژنان رێکبخرێ لە نێوان  سێیەک بۆ چواریەک، چواریەک بۆ بازنەی قەزاکان و سێیەک بۆ بازنەی ناو شارە گەورەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک.

٥. رێوشوێنەکانی نەھێشتن ورێگەنەدان وسزادانی ساختەکاران توندتر بکرێ، ھەرچەندە ئەمە زەحمەتە، چونکە دۆمەکان ھەر بەپێی خواستی خۆیان کڵاش بۆ خۆیان دەدورن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن