جيۆپۆلەتیکای کشانەوە
1/6/2020 10:08:00 AM
د. دەرباز محەمەد
دوێنێ پەرلەمانی ئێراق، بریارێکی دەرکرد وداوای لە حکومەت کرد کار بکات بۆ نەھێشتنی ھێزە بیانیەکان و لەسەر خاکی ئێراق و داواکردن لە ھاوپەیمانی نێودەولەتی دژی داعش، بۆ جێھێشتنی ئێراق و وەستاندنی بەکارھێنانی زەوی وئاسمان وئاوی ئێراق بۆ چالاکیەکانیان.
قسەی ئێمە لەسەر ئەوە نیە چۆن و بۆ ئەم بریارە دەرچو؟
بەلام پرسیار ئەوەیە:
ئایا ئەمریکا ئێراق بەجێدەھێلێ؟
یان بەواتایەکی تر ئەمریکا بەبریاری دەولەتی ئێراق دەکشێتەوە، یان بەویستی خۆی؟
بۆ تێگەیشتن لە وەلامی ئەم پرسیارە، دەبێ بزانین ئەمریکا بۆ لە رۆژھەلاتی ناوەراستە؟
بێگومان سێ ھۆی سەرەکی ھەیە، یەکەمیان: لەدوای دوەم جەنگی جیھانیەوە ئەمریکا لەھەولی ھەبونە لەزۆرتین ناوچەی جیھان، بۆ بەرپەرچدانەوەی بلۆکی کۆنی رۆژھەلات، بۆ ئەمەش رۆژھەلاتی ناوەراست، بەتایبەت کەنداو گرنگیەکی ستراتیجی گەورەی ھەیە.
دوەمیان: دوەمیان پاراستن و ھەژمونە بەسەر گەورەترین وبەبەرھەمترین کێڵگەکانی نەوت لەجیھان.
سێیەمیان: وەکو پشتیوانێکی دەستوبرد وئامادە بۆ ئیسرائیل.
پاش ئەوەی چالاکی ئێران زیاتر پەرە دەسەنێ، بەتایبەت دوای وەستانی ئەو شەرەی ھەشت سال ١٩٨٠-١٩٨٨ ئەمریکا بە ئێراقی کرد لەدژی ئێران، لەگەل ھەستکردن بەمەترسی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، لە ساڵانی نەوەدەکانەوە، بۆ بەھێزکردنی ئەم ھەبون و ھەژمونە، سالی ٢٠٠١ ھاتە ئەفگانستان ولە ٢٠٠٣ گەیشتە ئێراق، واتە چەپ و راستی لە ئێران گرت و بنکەی سەربازیی ھەمیشەیی دامەزراند.
ئەگەر ھەر سەرۆکێکی ئەمریکا، لەسەر داوای ئێراق، ئێرە بەجێ بھێڵێ، ئەوا بێگومان بۆ مەنتیقی ھێز وھەژمونی ئەمریکا، ئیھانەیەکی گەورەیە، کە ھیچ سەرۆکێک ئەمە قبول ناکا، بەتایبەت سەرۆکێکی وەکو ترەمپ.
ئەگەر ئەمریکا ئێراق بەجێبھێڵێ، کەواتە راستەوخۆ و بێ پێچوپەنا، گەورەترین دیاری مێژویی پێشکەش بەئێران دەکا، دیاریەکی دەولەمەند وستراتیجی، کە ئێران دەکاتە زلھێزی رۆژھەلاتی ناوەراست وھەژمونی تەواوی بەسەر کەنداودا دەبێ و ھەمیشە وا لە ئیسرائیلیەکان دەکا خەویان لێنەکەوێ، تەنانەت دەبێتە مەترسی بۆ بەری ئەوبەری دەریای ناوەراستیش.
ھەر لەبەر ئەم مەترسیە بۆ سەر ئەوروپا، کشانەوەی ھاوپەیمانی نێودەولەتی دژی داعش، بەتایبەت ئەمریکا، تەنھا پەیوەست نیە بە خودی ئەمریکاوە، بەڵکو سێکوچکەی بریاردەری ئەوروپاش ( بریتانیا، فەرەنسا و ئەلمانیا) ھاوبەشن لەم مەسەلەیە و ئەستەمە لەئێستادا ئەو بریارە بدەن.
بۆیە دەستبەرداربونی رۆژئاوا لە ئێراق وجێھێشتنی بۆ ئێران و بەرەی روسیا و چین دۆرانێکی گەورەیە لە ھاوکێشەی ھیز، چونکە ئێراق ئێستا تای تەرازوی رۆژھەلاتی ناوەراستە وبێگومان رۆژھەلاتی ناوەراستیش تای تەرازوی ھاوکێشەی ھێزە لەجیھاندا.