ئیخوانەکانی کوردستان دوو جار ناڕاستگۆن
3/27/2019 5:26:00 PM
ئارام رەفعەت
سەرەتا پێویستە چەند راستییەک دەربارەی مامەڵەی رۆژاڤا لەگەڵ داعش و مەدەنییە داعشییەکان بیر هەموو لایەک بخەمەوە.
یەکەم: حاڵی حازر ٧٠ هەزار کەس لە داعش و کەسو کار و خێزانەکانی داعش لە کامپی هۆڵی رۆژاڤا لەلایەن حکومەتی رۆژاڤای کوردستان پارێزراون و خزمەت دەکرێن (*).
دووەم: لەو ژمارەیە، زیاتر لە ٩ هەزار کەس داعشی بیانی و منداڵ و کەس و کارەکانییانن، کە لەسەرتاپای جیهانەوە (نزیکەی ٥٦ وڵات) هاتبوون بۆ کوشتن و ئیبادەکردنی کورد و داگیرکردنی خاکەکەی.
سێیەم: هیچ کام لەو ٥٦ حکومەتە ئامادە نین ئەو هاوڵاتییە قەڵپانەیان ببەنەوە، سەرەرای ئەوەی کە ئیدارە رۆژاڤا رۆژانە داوا لەو حکومەتانە دەکەن کە داعشەکانییان ببەنەوە. بەهانەی هەموو ئەو حکومەتانە ئەوەیە کە هەر داعشێک، چ منداڵ و چ گەورە، چ ژن و چ پیاو، دەبنە پرۆژەیەک بۆ تیرۆر و ئیرهاب لە وڵاتەکانییان.
چوارەم: سەرەرای گەمارۆی ئابووری لەهەموو لایەکەوە و سەرەرای سنوورداربوونی ئیمکانیاتی ماددی و دارایی حکومەتی رۆژاڤای کوردستان، ئەو ٧٠ هەزار داعشە لەسەر حیسابی قوت و نانی سەر سفرەی خەڵکی بەشمەینەتی رۆژاڤا خزمەت دەکرێن و بێ ئەوەی هیچ کام لەو ٥٦ وڵاتە ئامادە بن تەنانەت خەرجی داعشەکانیشییان بکێشن.
پێنجەم: ئەم خزمەتە بێ بەرابەر و ئەەو مامەڵە مرۆڤدۆستە کەموێنەیەی رۆژاڤا لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ١١ هەزار کەس لە باشترین کوڕ و کچانی رۆژاڤا بەدەستی هەمان ئەو داعشانە و کەس و کاری ئەو داعشانە کوژراون و هەر تاکێک لەو داعشانەی ئێستا لە کەمپی هۆڵن وەک کافر و مورتەد تەماشای شەرڤانان دەکەن و پێیان وایە کوشتنییان ئەرکێکی دینییە و لەهەر فرسەتێکدا بۆیان بلوێت نەک هەر شەرڤانان بەڵکو خەڵکی سیڤیلی کوردیش قەتڵ و عام دەکەن.
شەشەم: لەپێناو پاراستنی ژیانی مەدەنییەکان (کەس و کاری داعشەکان) لە چەند مانگی رابردوودا، شەرڤانان چەندان جار هێرشەکانییان بۆ سەر باهۆز راگرت و هەموو هەوڵێکییان دا کە زۆرترین کەس لە داعشە مەدەنییەکان بپارێزن و رزگارییان بکەن. زۆرینەی میدیای دونیاو رای گشتی جیهانی سەرسامی قوربانی دانی شەرڤانان لەپێناو پاراستنی ژیانی داعشە مەدەنییەکان و مامەڵەی مرۆڤانەی کەم وێنەی رۆژاڤاییەکانن زۆربەی ریکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەو هەڵوێستە کەموێنە و بێ پێشینەیان دۆکیمێنت کردووە.
ئیخوانییەکانی کوردستان دوو جار نا راستگۆ بوون
ناراستگۆیی یەکەمییان نادیدە کردن و شاردنەوەی ئەو راستیانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێداون. ئیخوانەکان لەبری شانازیکردن بە هەڵوێستی مەزن و بێ هاوتای هاوخوێنەکانییان (کوردانی رۆژاڤا) و سوپاسگوزارییان و راکێشانی رای گشتی جیهان یان لانی کەم سەرنجی ئیخوانیزمی جیهانی بۆ ئەو هەقیقەتانەی لەسەرەوە ئاماژە پێدان، لە رێگای مەلایەکی نوێژخوێنییانەوە کەوتنە تۆمەت و بوختانی بێ ناوەرۆک و بێ بنەما و تۆمەتبارکردنی شەرڤانا بە رەشەکوژی ٣٠٠٠ کەس. ئەم هەڵوێستەی ئیخوانەکانی کوردستان دوورە لە هەموو بەها و مۆراڵە ئینسانی و ئایینییەکان، چونکە هیچ حاڵەتێکی لەو جۆرە نە روویداوە و نە ئەوان و نەهیچ کەس ولایەنێک بچوکترین بەڵگەی لەسەر روداوێکی وا هەیە.
ناراستگۆیی دووەمییان ئەوەیە ئەوان بۆ مەرگی وەهمی ٣٠٠٠ مەدەنی داعشی ناگرین، بەڵکو بۆ مەرگی راستەقینەی دەوڵەتی داعش دەگرین. ئەگەر ئەوان بەراستی خەمی داعشە مەدەنییەکانییانە دەبوایە هەڵمەتێکی جیهانییان بۆ کۆکردنەوەی خۆراک و پێداویستییە هەنووکەییەکانی تر بۆ ئەو ٧٠ هەزار داعشە مەدەنییەی کەمپی هۆلی رۆژاڤا کۆکردبایەوە و لانی کەم هەوڵییان دابوایە کە وڵاتگەلی دۆست و پشتیوانی ئیخوانیزم، لەبابەتی تورکیا و قەتەر وڵاتەکانی تری وەک مالیزیا و ئەندەنوسیا هان بدەن بۆ بردنەوەی داعشەکانییان.