تاعون مرۆڤایەتی گۆڕی، ئایا کۆڕۆناش وا دەکات؟
4/8/2020 10:57:00 AM
ئارام رەفعەت
ئەگەر تۆ خەڵکی باشوری کوردستانی تەماشایەکی دەستی چەپت بکە، لە خوار مەچەکت یان لە بەشی سەرەوەی قۆڵت مۆرێکی بچکۆلە دەبینیت، یان رەنگە لەهەردوکیان مۆرەکە تێبینی بکەیت.
دەزانیت ئەو مۆرە بچکۆلەیە چییە؟
مۆرەکە پاشماوەی پێکوتە (ڤاکسین)ێکە. رەنگە، ئەگەر یاداوەریت بەهێز بێت، رۆژەکەی و ئازار کوتانەکەیشت لەیادبێت، بەڵام رەنگە ئەوسا و ئێستاش بایەخت بەوە نەدابێت کە یەکێک لەو پێکوتانە بۆ بەرگری جەستەیە لە دژی نەخۆشی سیل.
ئایا دەزانی؟
ئەم ڤاکسینە یەکێکە لە بەرهەمە ناراستەوخۆکانی بڕیارێکی مەزن، یان باشتر وایە بڵێم وەرچەرخانێکی مەزن لە دیدگای بەشێک لە پێشەنگی نوخبەی خوێندەوارە ئەوروپیەکانی سەدەی (14).
بڕیارەکە چی بو؟
لەو سەدەیەدا نوخبەی خوێندەواری ئەوروپی گەییشتنە ئەو قەناعەتەی کە بۆ تێگەییشتن لە جیهان، لە روداوە سروشتییەکان، لە نەخۆشییە درمەکان و سەرەنجام لە هەمو تاوپۆیەکانی ژیان بگەڕێتەوە بۆ زانست و زانیاری و فەلسەفە و ئەقڵانییەت. کە ئەمەش لەمێژودا بە قۆناغی رێنسانس (یان بوژانەوە) ناسراوە و تا کۆتایی سەدەی (16) و سەرەتای سەدەی (17) بەردەوام بو.
لەسەدەی (14) چی رویدا؟
سەدەی چواردە یەکێکە لە سەدە هەرە رەش و تاریکەکانی مرۆڤایەتی. لەم سەدەیەدا تاعونی رەش لە چیندا سەری هەڵدا و لە رێگای "رێگای ئاوریشم"ی بازرگانیی، کە چینی بە ئەوروپاوە دەبەستەوە، گەیشتە ئەوروپا و لە ٦٠%ی دانیشوتانی ئەوروپای لەناو برد
تاعون چ پەیوەندییەکی بە رێنسانسەوە هەیە؟
تا سەدەی (14)ش کەنیسە و ئایینی مەسیح و پیاوانی ئایینی سەرچاوە و چوارچێوەی هەمو زانییاری و لێکدانەوە و تێگەیییشتنەکانی مرۆڤ بون. دین بۆ هەمو کێشەکانی سەردەم وەڵامی هەبو و پیاوانی ئایینی مەسیحیش دانا و زانا و سەرچاوەی هەمو زانییارییەکان بون
وەڵامی کەنیسە و پیاوانی ئایینی بۆ تاعون چی بو؟
وەک بۆ هەمو روداو و دیاردەکانی تر، بۆ تاعونیش، کەنیسە و پیاوانی ئایینی مەسیحی وەڵام و تێگەییشتنی خۆییان هەبو کە وەڵام و تێگەییشتنی راست و رەها بون لە کتێبی پیرۆزدا سەرچاوەیان گرتبو. وەڵامی کەنیسە و پیاوەکانی بۆ تاعونی رەش ئەوەبو کە ئەوە غەزەبی خوایە بۆ مرۆڤەکان هاتوە. ئەوان دەیانگوت خودا بۆیە تاعونی ناردوە چونکە مرۆڤ نقومی تاوان بوە و لە خواپەرەستی و دین دورکەوتونەتەوە، چارەسەرییش گەرانەوە و پابەندبونی زیاترە بە دینەوە.
سەرەنجام؟
گەڕانەوە و تۆبە دادی خەڵکەکەی نەدا. تاعون تەڕ و وشک، پیر و گەنج، هەژار و دەوڵەمەند، ئیماندار و کافر، قەشە و زانستخوازی بەیەکەوە رادەماڵی. وای لێهات، خەریک بو نە قەشەکان بمێنن تا داوای تۆبە لەخەڵک بکەن و نەخەڵکیش بمێنێت بۆ ئەوەی گوێ لە قەشەکان بگرن و تۆبە بکەن. بەڵی تاعون بەجارێک (60٪)ی خەڵکی ئەوروپای کوشت مرۆڤ لەو کیشوەرە بەرەو قڕبون دەرۆییشت.
هەنگاوەکە لێرەوە دەستی پێکرد
بەشێک لە نوخبەی بیرمەند و خوێندەواری ئەوسەردەمی ئەوروپا، هەڵبەت ئەوانەی لە تاعون رزگارییان بوبو، لەوە تێگەییشتن کە چیتر کتێب و دەقە پیرۆزەکان نەک هەر ناتوانن وەڵامی هەمو کێشەکانی مرۆڤ بدەنەوە، بەڵکو لەبەردەم پەتایەکی وەکو تاعون دەیان نەخۆشی و کێشەی تری ئەو سەردەمە دەستەوەستان و بێ وەڵامە. لێرەوە بڕیارییان دا لەدەرەوەی کەنیسە و دەقە ئایینییەکان رامان بۆ ژیان و کێشە و نهێنییەکانی بکەن. یەکەم دەسکەوتی ئەم بڕیارە مەزنەی بیرمەندە ئەوروپییەکان بەدەست هێنانی مافی ئازادی لە بیرکردنەوە بو. لەم قۆناغی رێنسانسەدا و لەمەودا دو تا سێ سەدە دا، قوتابخانە فکری و زانستییەکان لەهەمو بوارەکانی هونەر، کەلتور، زانست، فەلسەفە سیاسەت، تەکنەلۆژی، زانستە لاهوتییەکان، ئابوری هتد لەو سەردەمەوە دامەزران.
گەیشتن بەرۆشنگەری
سێ سەدە لە رێنسانس وایکرد کە لەهەمو بوارەکانی ژیاندا هێندە زانست و مەعریفە کەڵەکە ببن، کە مرۆڤایەتی، یان راستتر بڵێم، ئەوروپییەکانی هێندە پێشخست کە بتوانن قۆناغێکی تازە یان سەردەمێکی تازە دەستپێبکەن. قۆناغی تازەش بەسەردەمی رۆشنگەری ناسراوە و لەسەدەی (17) وە دەست پێدەکات. سەردەمی رۆشنگەری لەسەر سێ پایە دادەمەزرێت، زانست، بیرکاری و تەکنەلۆژی. جگە لەوە هەمو بوارەکانی تریش لەوانەش دین و فەلسەفەوە ئەقڵانییەت و مافەکانی مرۆڤ دەبنە بابەتی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ.
غەزەبی خوا بەکتریا دەرچو
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە زانست لەئەوروپا بەرادیەک گەشەی کرد کە دەیتوانی دیراسەی بەکتریا و ڤایرۆسەکان بکات پۆلێنیان بکات و کۆنترۆلیشیان بکات. زاناکانی ئەو سەردەمە گەییشتنە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو تاعونەی کە پیاوانی ئایینی لە سەدەی (14)ی ئەوروپا وەک غەزەبی خوا دەیانناساند بەکترییایەکە بەناوی یەرسینیا بیستیس. هەر لەو سەدەیەدا و لە ساڵی (1895) هەمان زانا ئەوروپییەکان توانییان هەنگاوی یەکەم بەرەو دۆزینەوەی ڤاکسینی دژە تاعون هەڵبێنن و بتوانن بۆ هەمیشە مرۆڤایەتی لەم پەتا کوشندەیە رزگار بکەن.
گەورەیی ئەو داهێنانەی ئەوسای زانا ئەوروپییەکان باشتر دەردەکەوێت ئەگەر ئەوە بزانین کە پەتای تاعون لە سێ قۆناغی مێژوی جیاوازدا زیاتر لە (200) ملیۆن مرۆڤی کوشت. قۆناغی یەکەم لە سەدەی شەشی زایینیدا بو. لەو سەدەیەدا تەنها لە ئەوروپا زیاتر لە (25) ملیۆن کەس، کە دەیکردە نیوەی زیاتری دانیشتوانی ئەورپای کوشت. لە قۆناغی دوەمیشدا، واتە لە سەدەی (14) دا دیسان تاعون لە (60٪)ی دانیشوتانی ئەوروپای کوشت. قۆناغی سێیەم لە سەدەی نۆزدە دا بو کە رێژەیەکی گەورەی دانیشتوانی ئاسیا و ئەمریکای کوشت. لە قۆناغی سێیەمدا ئەوروپا لەسایەی گەشەی زانست کەمترین زیانی بەرکەوت.
بابگەڕێینەوە مۆرەکەی سەر شانی چەپت
بەرهەمی رێنسانس و رۆشنگەری بەتەنها پەتای دژە تاعون نەبو، بەڵکو هەمو ئەو زانستو زانییاری و تەکنەلۆژییایەی کە لەبەردەستماندایە بەرهەمی دەرچونی مرۆڤ بو لە دەقە دینییەکان و لەو قاڵبەی کە پیاوانی ئایینی دایانرشتبو وەرچەرخانییان بو بۆ زانست و زانیاری. هەمو ئەو دەسکەوتە خەیاڵییانەی مرۆڤایەتی لەهەمو بوارەکاندا و لەوانەش لە زانستە پزیشکییەکان و بەو مۆرەی سەر شانی تۆشەوە، بەرهەمی ئەو دەرچون و وەرچەرخانەن.
تاعون بوە هۆی گۆڕینی مرۆڤایەتی
ئەم تەقینەوە و فراوانبون و کەڵەکە بونەی زانست وزانیاری دوای سەردەمەکانی رێنسانس و رۆشەنگەری ئەگەر لەلایەکەوە بوبێتە هۆی باڵادەستی ئەوروپی و رۆژاواییەکان لەسەر ئاستی جیهاندا و سەرەنجام داگیرکردن و کۆلۆنیالیزەکردنی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریک و ئوسترالیا، ئەوا لەلایەکی ترەوە بۆتە هۆی گەشەکردنی شارستانییەت و زیادکردنی بێوێنەی ژمارەی دانیشتوان و کەمکردنەوەی بەرچاوی رێژەی مردن بەهۆی پەتا درمەکانی وەک سیل و تاعون و ئەنفلۆنزا جۆراوجۆرەکان.
هەمومان سودمەندی رێنسانسین
یەک نمونەی سادە رەنگە بەس بێت بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی چەندە قەرزاری ئەو یەکەم هەنگاوەیە کە نوخبەی خوێندەواری ئەوروپی لە سەدەی (14) ی دوای پەتای تاعون گرتیانە بەر. لە ساڵی (1885)دا، سەرجەم دانیشوتانی سنوری ئیمراتۆرییەتی عوسمانی لەدەوری (20) ملیۆن کەس مەزەندە دەکرا. تەبعەن لەو سەردەمەدا، عوسمانییەکان جگە لەتورکیا و بەشێکی بەرچاوی کوردستان، زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکانیشیان لەبەردەست دابو. ئێستا و دوای (135) ساڵ تەنها دانیشتوانی تورکیا لە دەوری (80) ملیۆن کەسە کە دەکاتە چوار بەرابەری کۆی ژمارەی دانیشتوانی تورکیای سەردەمی عوسمانی و سەرجەم ئەو وڵاتانەی کەلەو سەردەمەدا لەژێردەستی تورکە عوسمانییەکاندا بون.
بێ ئەو هەنگاوە مەزنەی کە نوخبەی خوێندەواری ئەوروپی دوای تاعون گرتیانە بەر ئەم گەشەکردنە مەزن و خەیاڵییەی ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی و ئەو شێواز وکواڵەتییە بەرزەی ژیان و سەرەنجام هەمو ئەو زانست و تەکنەلۆژیایە مەحاڵ بو.
پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا کۆرۆناش هەمان رۆڵی تاعون دەبینێت؟
چاوەروان دەکرێت کۆڕۆناش هەمان رۆڵ ببینێت لە گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ زانست و زانیاری کە تاعون بینی، چونکە هاوشێوەی تاعون، کۆرۆناش شۆکێکی گەورەی خستۆتە جەستە و رۆحی مرۆڤایەتییەوە.
رەنگە چەمکی "گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ زانست" جۆرێک ناتەواو یان گاڵتە ئامێز بێتە بەرچاو، بەتایبەت کە ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین کە لەسایەی زانستدا بەجۆرێکی خەیاڵئامێز سەرتاپای ژیانی مرۆڤایەتی بەتەواوی فۆرم و شێوازێکی وەرگرتوە کە نەک سەدەیەک پێش ئێستا، بەڵکو چارەگە سەدەیەکیش پێش ئێستا لەخەیاڵی مرۆڤدا نەبون. زانست لەهەمو بوارەکانت لەئەوج و لوتکەی گەشە و داهێنانی خۆیدایە. بەڵام ئەوەی کە مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ زانست، زیاتر مەبەست گەڕانەوەیە بۆ ئەو زانستانەی کە هاوکارە بۆ باڵاکردنی زیاتری مرۆڤ نەک بۆ باڵادەست کردنی گروپێکی مرۆڤ بەسە گروپێکی تردا. ئەمەش کاتێک رودەدات ئەگەر کۆڕۆنا هاوکار بێت لە دەرهێنانی زانست لەژێر هەژمونی دەوڵەت و کۆمپانییا زەبەلاحە ئیستیسماری و قازانج خوازیەکان. ئەگەر کۆرۆنا و شۆکی کٶرۆنا هاوکار بن لە دروستکردنی بالانسێک لەو بوارەدا، ئەوا کۆرۆناش رۆڵێکی هاوشیوەی رۆڵی تاعونی سەدەی (14) دەبینێت.