310وتار

چەردەیەک لە مێژووی رۆژووگرتن

3/13/2024 1:32:00 PM
ئارام رەفعەت

رۆژووگرتن یەکێکە لەو ئەرک یان تەقوسە ئاینییانە کە زۆرینەی ئایینەکانی ئەم سەردەمە تێیدا هاوبەشن. هەندێک لە رۆژوو گرانی ئەم سەردەمە سەر بە ئایینە ئاسمانییەکان و ئەوانی تریش نا ئاسمانی، لەوانەش کریستیان و ئیسلام و یەهودی، ئێزیدی، بودایی، هیندۆسی، سابیئە، جاین و تائۆیزم.

🔶بەڵام ریشەی رۆژووگرتن دەگەڕێتەوە بۆ چ سەردەمێک..؟
هەندێک لە توێژەران پێیان وایە رۆژوو دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی دە هەزار ساڵ لەمەوبەر. ئەو سەردەمەی کە هێشتا کشتوکاڵ گەشەی نەسەندبوو و مرۆڤ بەگشتی لەسەر راوکردن دەژیا.

 بەگوێرەی ئەم تێزە، هەندێک جار مرۆڤی راوچی بەر لە راوکردن بەرۆژوو دەبوون، ئەمەش وەک جۆرێک خۆ راهێنان بووە لەگەڵ ژینگەی دژواری ئەوسا، کە هەمووجارێک راو و شکار هێندەی خواردن بۆ مرۆڤەکان دابین نەکردووە، ناچار بوون، بەرۆژوو گرتن خۆیان لەگەڵ برسێتی رابێنن. هەندێکی تریش پێیان وایە ئەمە چاولێکەری مرۆڤ بووە بۆ ئەو ئاژەڵە کێوییانەی کە لە دەوروبەری مرۆڤ ژیاون، لەوانەش ورچ، کە ساڵانە ماوەیەک خۆی لە خواردن دوور دەخاتەوە.

🔶 رۆژووی ئایینی کەی سەری هەڵداوە...؟
زۆرێک لە توێژەران لەسەر ئەوە کۆکن، کە رۆژوو وەک ریچواڵ (تەقوس)ێکی ئایینی ریشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شارستانییە کۆنەکانی هیندی و چینی و یۆنانی و میسری و رۆمانی. واتە بۆ پێش سەرهەڵدان و گەشەسەندنی ئایینە ئاسمانییەکان (ئیبڕاهیمییەکان). 
 
مرۆڤی ئەو شارستانییە کۆنانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، بە ئامانجی جۆراو جۆر رۆژوویان گرتووە. لەوانەش رازیکردنی خواکانییان بووە. هەرکام لەم کۆمەڵگایانە باوەڕییان بە کۆمەڵێک خوداوەند هەبووە، هەندێکییان خوداوەندی شەڕ و ئەوانی تریش رسق و رۆزی. 

🔶رۆژووگرتنی ئایینی زیاتر لە ١٠٠٠ ساڵ پێش سەرهەڵدانی ئایینە ئاسمانییەکان هەبووە.
نموونەیەکی زیندووی رۆژووگرتنی ئایینە نا ئاسمانییەکان هی میسرییە کۆنەکانە. میسرییە کۆنەکان، رۆژوویان بۆ خوداوەند ئیزیس دەگرت. لە ئەفسانە و میتۆلۆژیای میسرییەکاندا ئیزیس توانای زیندووکردنەوەی مرۆڤی لەم دونیا و لەو دونیادا هەیە و رۆژووگرتنەکەش بۆ ئەو مەبەستە بووە. 
پەرستشی خوداوەند ئیزیس سنوورەکانی میسر تەی دەکات و دەگاتە ناو یۆنانی و رۆمانەکان. 

کۆنترین باسی خوداوەند ئیزیس لە شانشینی کۆنی میسرییەکن (نزیکەی ٢٦٨٦ – نزیکەی ٢١٨١ پێش زایین) تۆمارکراوە. ئەم سەردەمە بە سێیەم قۆناغ لە شەش قۆناغی حوکمڕانی فیرعەونەکان دادەنرێت. هەڵبەت، پەرستشی ئیزیس و رۆژووگرتن بۆی پێش قۆناغی سێیەمی حوکمڕانی فیرعەونەکان دێت. 

مەزەندە دەکرێت سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ئایینی جوو، کە کۆنترین ئایینی ئیبراهیمییە، بگەڕێتەوە بۆ ٣٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر. بەو پێیە بێت، رۆژووگرتنی ئایینی لانی کەم ١٠٠٠ ساڵ پێش دەرکەوتنی ئایینە ئیبراهیمییەکان بووە.

🔶رۆژووگرتنی ئایینی لای هیندۆس و بوداییەکان.

رۆژووگرتن لە هەرکام لە ئایینی هیندۆسی و بوداییدا بە بڵاوی پراکتیزە دەکرێت. لە هیندۆسیدا وەک هۆکارێکی پاکیزەیی رۆح و لە بوداییشدا وەک هۆکارێکی دیسپلین و راهێنانی ناخ و رۆح. هەندێک لە هیندۆسەکان لە رۆژێکی دیاریکراوی هەموو هەفتەیەکدا، هەندێکییان لە چەند رۆژێکی دیاریکراوی مانگێکدا و هەندێکی تریش لە چل رۆژەی پێش جەژنی چاتورماس بەرۆژوو دەبن.

🔶چل رۆژ بەڕۆژوو بوون
بەگوێرەی تەورات، ماوەی چل رۆژ موسا لەگەڵ خوادا گفتوگۆی کردووە و لەماوەی ئەو چل رۆژەدا بەرۆژوو بووە.

سیدهارتا گاوتما پێویستی بە ٤٩ رۆژ هەبوو، تا ناخی رۆشنبێتەوە و بگاتە هەقیقەت. هەڵبەت، ئەو وەکو موسا لەدیداری خوادا نەبوو، بەڵام هاوشێوەی موسا بووە دامەزرێنەری ئایینێک، کە ئایینی بوداییە.

نە چل رۆژووگرتنەکەی موسا بووە بەرنامەی رۆژووگرتنیی جووەکان و نە ٤٩ رۆژەکەی گاوتماش هی هیندۆسەکان. بەڵام، ژمارەی رۆژووەکانییان لەساڵێکدا زۆر لەیەک دەچن. هەرکام لە جووەکان و بوداییەکان ساڵی شەش رۆژ بەرۆژوو دەبن. 
رۆژوو گرتن بۆ چل رۆژ، لای بەشێک پەیڕەوانی دوو ئایین پەیڕەو دەکرێت که هیندۆسی  و کریستیانن.

🔶سی رۆژ ربەڕۆژوو بوون
هەریەک لە پەیڕەوانی ئایینی سابیئی و ئیسلام ساڵی مانگێک بەرۆژوو دەبن. رۆژووی ئایینی سابیئی وەک یەکێک لە ئایینە کەونارەکانی میزۆپۆتامیای خواروو جێگای سەرنجە. سایئەکان نۆ رۆژ بۆ مانگ بەرۆژوو دەبن و نۆ رۆژیش بۆ خوداوەندی پیرۆز (ئەستێرەی موشتەری) و نۆ رۆژیش بۆ خوداوەندی چاکەکار (رۆژ) بەرۆژوو دەبن. رۆژوو لە ئیسلام و سائیبیدا هەر لە ژمارەی رۆژووەکان لە ساڵێکدا لەیەک ناچن، بەڵکو لە پەیرەوکردنی جوڵانەوەی مانگ لەلایەک وەک بنەمایەک بۆ کاتی رۆژووگرتن لە ساڵێکدا، وە هەڵاتن و ئاوابوونی خۆر، بۆ دیاریکردنی کاتی بە رۆژوو بوون لە رۆژێکدا. جگە لەوە، لە نۆ رۆژەی  رۆژووگرتن بۆ خۆر، هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک لە پێش هەڵاتنی خۆر تا دوای ئاوابوونی خۆر ناخۆن.

🔶رۆژووگرتن بە پێی خواردن و خواردنەوە
لە زۆرینەی ئایینە دونیاییەکاندا رۆژووگرتن تەنها خۆ بواردنە لە هەندێک خواردن و خواردنەوە، واتە رۆژووگرتنێکی جزئییە نەک تەواو. ئایینی کرستیانی، تاکە ئایینێکی ئاسمانییە کە ئەم شێوازە رۆژووگرتنە پەیڕەو دەکەن. 

پێچەوانەی کریستیانەتی و ئایینە نائاسمانییەکانی تر، لەهەریەک لە ئیسلام و یەهوودیدا رۆژووگر دەبێت هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک نەخواتەوە. سابئیەکانیش لە نۆ رۆژەی رۆژووبوون بۆ خوداوەندی خۆردا بەهەمان شێوە، هیچ ناخۆن و ناخۆنەوە.

🔶هیندییە سوورەکان و رۆژووگرتن
سەرنجراکێشترین پرسی پەیوەست بەرۆژوو گرتن، رۆژووی هیندییە سوورەکانە. ئەوان کە تا پێش دۆزینەوەی کیشوەرەکانی ئەمریکای باکور و باشور لە کۆتایی سەدەی پازدەهەم، لەتەواوی دونیا دابڕابوون، چاوەڕوان نەدەکرا بە رۆژووگرتن ئاشنا بن. بەڵام، مێژوو و واقیعی حاڵ وا ناڵێت. هیندییە سوورەکانیش، هاوشێوەی دانیشتوانی سێ کیشوەرەکەی ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا، بەشێواز و فۆرمی جۆراوجۆر بەرۆژوو بوون. رۆژووگرتنی ئەوانیش بۆ مەبەستی جۆراوجۆری ئایینی و رۆحی و ئابووری بووە.

🔶زەردەشتی ئایینی بێ رۆژوو
هەرچەند زەردەشتییەکان لە مانگی رێبەنداندا گۆشتییان نەدەخوارد، بەڵام رەنگە زەردەشتی تاکە ئایینێک بێت، کە داوا لە پەیڕەوانی دەکات کە رۆژوو نەگرن. بەگوێرەی ئەو ئایینە، برسێتی و تینوێتی دەبێتە هۆی لاوازبوونی جەستە و ناکارابوون و تەمبەڵبوونی مرۆڤ و کەمبوونی بەرهەم و چالاکی کۆمەڵگا.

🔶رۆژووی زانستی (تەندرووستی)
رەنگە لەم سەردەمدا رۆژووی زانستی/تەندرووستی بڵاووترین جۆری رۆژوو بێت. دوو لە باوترین جۆرەکانی رۆژووە لە فۆرمی مەدەتریان دایەت (رێجیمی دەریای سپی ناوەراست) وە ئینتەرمیتەنت دایەت (رێچیمی بچڕپچڕ، بەیناوبەین)ن.

پێچەوانەی رای باو، ریشەی ئەم جۆرە رۆژووە ناگەڕێتەوە بۆ سەدەی بیستەم. بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پێنجەمی پێش زاین. ئەوسا پزیشکی یۆنانی هیپۆکراتیس پێشنیاری رێجێمکردن، واتە خۆبەدوورگرتنی بەبەرنامە لە خواردن یان خواردنەوەی بۆ هەندێک لە نەخۆشەکانی کردووە. ئەو وای بیردەکردەوە کە ڕۆژووگرتنی زانستی بەشێکی سروشتی گرنگی پرۆسەی چاکبوونەوە بێت. فەیلەسوفە یۆنانییەکانی تر لە بابەتی ئەفلاتون و سوقرات و هەروەها پلوتارک بایەخییان بە رۆژووی پزیشکی داوە.

٢٥٠٠ ساڵ دواتر و لەسەدەی ٢١دا، دکتۆرەکان و پسپۆرانی بواری خۆراک و تەندروستی پشتراستی کاریگەری رۆژووی زانستی/پزیشکی دەکەن، لەوانەش رێجیمی پچڕپچڕ. لەم رۆژوودا، کەسی بەرۆژوو لانی کەم ماوەی ١٦ سەعات خۆی لەهەموو جۆرە خواردنێک دەبوێرێت، بەڵام لەهەمان کاتدا رێژەیەکی زۆری ئاو دەخواتەوە. لەهەشت کاتژمێرەکەی تریشدا، دوو ژەم خواردنی گونجاو دەخوات.

بە ئومێدی رۆژووی ئاسان و تەندروست لە مانگی رەمەزاندا بۆ سەرجەم رۆژووانانی کوردستان .


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن