464وتار

مانا و لێکەوتەکانی داخستنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێڕاق

9/28/2020 7:19:00 PM
ئارام رەفعەت


زۆربەی سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن ئەمریکا بە عێڕاقی راگەیاندووە کە لە ماوەی ٩٠ رۆژدا باڵوێزخانەکەی دادەخات، ئەگەر عێڕاق نەتوانێت جڵەوی میلیشیا شیعەکان بکات و هێرشەکانییان بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا رانەگرن.

مانای ئەم ئاڵوگۆڕە دراماتیکییە چییە؟
+ئیفلاسی ستراتیژی ئەمریکا لە عێڕاق. سەردەمێک ئەمریکا پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد عێڕاق دەکەنە باڵەکۆنەیەکی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و پێگەیەکی بەهێزی ئەمریکا و فاکتەرێکی بەهێز بۆ راگرتنی هاوسەنگی هێز. بڕیار یان هەڕەشەی داخستنی باڵوێزخانە، مانای وایە لە ئێستادا ئەمریکا دەسبەرداری ئەم پرسانە و تەنانەت پرسی عێڕاقێکی نیمچە دیموکرات و سەقامگیریش بووە.

+ مەرجی ئەمریکا بۆ دانەخستنی باڵوێزخانەکەی ئەوەیە کە هەموو میلیشیاکانی حەشدی شیعی لە ناوچەی سەوز و فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی دەربکات. ئەمەش، سازش و ئاڵوگۆڕێکی گەورەیە لە خواستی چەند رۆژ پێشتری ئەمریکا کە داوای کۆنترۆڵکردن و سنوردارکردنی میلیشیاکانی حەشد و سنوردارکردنی رۆڵی ئێرانە.

+ دابەزینی ئاستی داخوازییەکانی ئەمریکا لە حکومەتەکەی کازمی، بەتایبەتیش کە هێشتا چلەی دیدارەکەی ترەمپ-کازمی تێنەپەڕیوە، بەمانای دەسبەرداربوونی ئەمریکا دێت لە کازمی.

+لێکەوتەکانی ئەم ئاڵوگۆڕە دراماتیکییە چین؟
چاودێران پێیان وایە لەحاڵەتێکدا داخستنی باڵوێزخانە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەمریکا کۆمەڵێک ئیجرائات دژی عێڕاق دەکات لەوانەش:
+گورز وەشاندن لە دامەزراوەی حەشد و بەئامانجگرتنی سەرکردەکانییان
+ گەمارۆخستنە سەر بەرپرس و دامەزراوە عێڕاقییەکان، لەوانەش بانکی ناوەندی عێڕاقی.
+ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری چاوپۆشیکردن لە عێڕاق لە کڕینی غازی ئێرانی. هەفتەی رابردوو ئەمریکا ٦٠ رۆژی تری بۆ کڕینی غازی ئێرانی درێژ کردەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی هەرەسی کەرتی کارەبای عێڕاقی.
+ئەمریکا چیتر پشتیوانی فرۆشتنی نەوتی عێڕاق ناکات. بەواتایەکی تر، عێڕاق بواری دەبێت کەمتر لەو بڕە نەوتەی ئێستا بفرۆشێت.
+ئەمریکا پشتیوانی ئاسمانی و هەواڵگری بۆ عێڕاق لە شەڕی دژە داعشا رادەگرێت یان سنووردار دەکاتەوە. ئەوەی ئێستا داعشی خستۆتە ژێر کۆنترۆڵەوە، هێزی حەشد و سوپای عێڕاقی نییە، هێزی ئاسمانی و هەواڵگری ئەلەکترۆنی ئەمریکایە.
+هێزی ئاسمانی عێڕاقی توانای جەنگی دژە تیرۆری نییە. بەگوێرەی چاودێران، لەو ٢٠ فرۆکەی ئێف ١٦ی عێڕاق هەیەتی، تەنها ٧ فرۆکە توانای کاریان هەیە و ئەمیش تەنها ٣ تا ٤ جار فرین لەرۆژێکدا. جگە لەوە، عێڕاق کۆنتراکتی تەزوید کردنی ئەم فرۆکانەی بە تەقەمەنی لەگەڵ ئەمریکا نییە. ئەمەش بەواتای زەمینە رەخسان بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش دێت.
+ لەحاڵەتی بەردەوامبوونی عێڕاق لە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا، بەتایبەت لەبواری گازدا، ئەمریکا سزا دەخاتە سەر عێڕاق.
+ راستە ئێران براوەی سەرەکی داخستنی باڵوێزخانەی ئەمریکا دەبێت و گۆڕەپانەکەی بۆ ئاوەڵا دەبێت. بەڵام بەهۆی سزا قورسەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێڕان، عێڕاق شادەماری زیندوومانەوەی ئابووری ئێرانە و پاشەکشەی ئەمریکا و سزای سیاسی و ئابووری بۆ سەر عێڕاق بەمانای بڕینی ئەو شادەمارەیە. نهێنی رازیبوونی ئێرانیش بەوەی کازمی ببێتە سەرەک وەزیری عێڕاق نەبڕینی ئەم شادەمارەی ئابووری ئێران بوو.
بەکورتی، دۆخی عێڕاق و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێڕاق هەرگیز ناگەڕێتەوە پێش بڕیار یان هەڕەشەی داخستنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێڕاق.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن