وتار

عیراقی سەدری دەرفەتی زێڕینی کورد، یان دۆزەخ؟

1/13/2022 9:23:00 PM 373 جار خوێندراوەتەوە
سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

 



عیراق بە وەرچەخانێکی یەکلاکەرەوەدا تێدەپەڕێت. هەر بۆیە دەبێ زۆر بەدیقەت و گیانێکی بەرپرسیارانەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین. ململانێی نێوان لایەنە شیعەکان وەک هەر کایەیەکی دیکەی سیاسی، ملاملانێیە لەسەر دەسەڵات، ئەمەش بۆ هەڵگری تۆوی پێکداهەڵپژانە، بەڵام ئەو گۆڕینە گەورەیەی بەسەر میزاج و هەڵوێستی قاعیدەی کۆمەڵایەتی شیعە لەعیراقدا هاتووە، هەموو تخووبەکانی ململانێی لەسەر دەسەڵات تێپەڕاندوە. ئەمەش کاریگەریی کردۆتە سەر بەڵانسی هێزی ئیقلیمی و حزووری یاریکەرە ئیقلیمیەکان لە گۆڕپانی عیراقیدا. ئەگەرەکانی بەردەم ئەم وەرچەرخانە زۆر و جۆراوجۆرن، بەڵام کاریگەر و یەکلاکەرەوە و گرنگ دەبن. لەم سۆنگەیەشەوە ئەگەر ورد و بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین ئەوا بەقازانجی گەلەکەمان دەشکێتەوە، پێچەوانەکەشی لێکەوتە ترسناکەکانی مامەڵەی نادروست و نابەرپرسیارانە کارەساتی زۆر گەورە و هەمیشەییەشی لێدەکەوێتەوە.

+ ئەگەرێک ئەوەیە کە لانیکەم بەشێکی هاوپەیمانەکانی ئێران لە حکومەتدا بەشداری پێ بکەن، بەمەش گرژییەکانی شیعە خاوتر دەبنەوە. لەمەشیاندا بەرژەوەندی سەدر لەوەدا دەبێ کە لەپاش پێکهێنانی حکومەتەوە گرژیەکان خاو بکاتەوە، تا حکومەتەکەی لەسایەی جۆرە سەقامگیریەکدا بتوانێ سەرکەوتوو بێت. خۆ گەر کورد لەمەیاندا خۆی ڕێک نەبێت ئەوا لەناو ئەو حکومەتەدا وەک ئەوە بەهێز نابێت کە پێکەوە و یەک تیم بێت.

+ ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە کە گرژییەکانی ناو شیعە سەر بکێشنە گرژیی و پێکدادان. لەم حاڵەتەشدا ئەگەر کورد پێکەوە بێت ئەوا دەتوانێ کاریگەریەکی باشی هەبێت لەسەر خودی هاوکێشەکان. بەپێچەوانەشەوە ئەگەر کورد پەرت و دژ بەیەک بێت ئەوا زەرەرمەندی هەرە گەورە کورد دەبێت، زیانەکانی ئەم سیناریۆیە زۆر لەوە زۆرتر و ترسناکترن کە پێشبینی بکرێن، چونکە فاکتەری ئیقلیمی ئەجینداکەی بەسەرماندا دەسەپێنێت و ئەو کاتە ئێمە هیچ جۆرە پەراوێزێکمان بۆ هیچ جووڵەیەکی باش بۆ نامێنێتەوە.
کورد ئەگەر پێکەوە و لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان مامەڵە بکات، ئەوا دەتوانێ ببێتە بەشێکی کاریگەر و شەریکێکی کارا و ڕاستەقینە لە ئیئتیلافێکی حوکمڕاندا کە زیاتر لە دوو لەسەر سێی دەنگەکانی پەرلەمانی هەیە، ئەمەش ئەو ڕێژەیەیە کە یاسا هەرە گرنگ و حەیاتیەکانی پێ تێدەپەڕێت. ئەمەش دەرفەتێکی زیڕینە بۆ کورد تا بتوانێ هەموو داخوازی و مافەکانی مسۆگەر بکات.

بەگشتی ئەم دۆخە عیراق دەخاتە بەردەم:
+ شەڕی ناوخۆ کە دەبێ کورد تێیدا یەکگرتوو و یەکڕیز بێت.
+ پێکهێنانی حکومەتێکی سەدری و بەبێ هاوپەیمانەکانی ئێران، ئەمەش عیراق دەخاتە بەردەم گرژیی و ئاڵۆزیی زۆرەوە کە لەدواییدا هەر لەوانەیە بەشەڕێکی ناوخۆ کۆتایی بێت.
+ پێکهێنانی حکومەت و تێپەڕینی دۆخەکە بە ئاسایی، لەم حاڵەتەدا کە گوایە هەرە باشترین سیناریۆیە، ئەوا ئەم ئەگەرانە هەن:
+ سەدر هێندە بەهێز بێت، بتوانێ لە داهاتوودا بەو شێوازە شکڵی دەوڵەت فۆرمولە بکات کە خۆی دەیەوێ، تاکە بژاردەی ڕێگرتن لەم سیناریۆ ترسناکە ئەوەیە کە کورد پێکەوە بێت.
+ ئەگەر کورد یەکڕیز و پێکەوە بێت ئەوا دەتوانێ ئەم قۆناغە بکاتە قۆناغی دوبارە دامەزراندنەوەی عیراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی ڕاستەقینە کە تێیدا مافەکانی گەلی کوردستان زامن بن و هیچ کەس و لایەک نەتوانێت بە زۆرینە و کەمینە بڕیار و یاسامان بەسەردا بسەپێنێت. ئەگینا لایەنی بەرامبەر بەو جۆرە دایدەمەزرێنێتەوە کە جارێکی تر بیکاتەوە بە دۆزەخ بۆ ئێمە.
هەنووکە، کێشەی گەورەی بەردەم کورد، یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمارە، ئەمە لە کاتێکدایە کە دەبوو ئەم پۆستە خۆی هۆی یەکڕیزیی و ئیجماعی کوردستانی بێت. بۆ ئەمەش لە دەرفەتێکی دیکەدا قسەی ترمان دەبێت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن