320وتار

مەترسیەکە لێرەوە دەست پێدەکات

6/19/2021 11:53:00 AM
تێکۆشەر حسێن

نوسەر وموفەکیر وبیرمەندی گەورە ڤۆڵتێر لەسەردەمی چەرخی تازە و ڕۆشنگەریدا سەبارەت بە چەمکی دەسەڵات وحکومەت وهاونیشتمانیان وپردە پەیوەندیەکەی نێوانیان دەڵێت؛ من الخطير أن تكون على حق عندما تكون الحكومة على خطأ. مەترسیەکە لێرەوە دەست پێدەکات، کاتێک هاوڵاتی لەسەر حەق بێت وحکومەتیش هەڵەبێت. هەڵبەت ڕۆژەڤی ئەمڕۆی هەموومان بابەتێکە زۆر قسە هەڵدەگرێت، چونکە پەیوەستە بەژیانی چەندەها نەخۆشی بێلانە وبێ نوا وبێهیوا لەم ژیانە، ئەویش دەنگۆی داخستنی نەخۆشخانەیەکی بەناوبانگە لەشاری سلێمانی، بەناوی ❞نەخۆشخانەی هیوا❝...

کاتێک حکومەت ودەسەڵات بساڵانێکی زۆرە بەبەرنامە کۆمەڵگەی دابەشکردووە بەسەر دوو چینی زەنگین ودەوڵەمەند وبەرپرس وپایەداری ئەم وڵاتە وچینێکیش لەکولەمەرگی ژیان بەڕێدەکات، تەنانەت چینی یەکەم کە چینی زەنگینەکانە بازار ونەخۆشخانە وشار ومۆڵەکانیشیان جیاوازە، نموزەجی زۆرمان لەبەر دەستە، نەک بۆ نەخۆشی درێژخایەن بەڵکو بۆ پەسیو وهەڵامەتێک وسەرئێشە وبەسەربردنی مانگی هەنگوینی ددان ئێشەیەک لەڕێگەی فڕۆکەی ڤی ئای پی وپاسپۆرت وڤیزای تایبەتەوە هەرکاتێک ویستبێتیان چونەتە ئەوپەری دونیا وخۆشترین وڵاتانی جیهانەوە، هەرچی چینی هەژارەکانیشە لەم وڵاتە، هەیانە ڕۆژێک نەڕوات بۆ کرێکاریەکەی ڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر ڕێچکەی ژیانی وبەخراپ بەسەریدا دەشکێتەوە، هەژارەکان لەحاڵەتی دووچار بوون وتوشبونیان بەنەخۆشیە درێژ خایەنەکان، تاکە شوێنێک وەک لانەیەک لەسەر هەسارەی زەوی شک ببەن وهانای بۆ بەرن، تەنها نەخۆشخانەی هیوا بووە، لانی کەم توانیویانە لەڕوی دەرونیەوە ئاسودەببن، کەبەڵێ دەرزی ودەرمانی وا هەبووە، بەچەند دەفتەرێک دۆلار تەنها لەتورکیاوە بە ساردکەرەوەی تایبەتیش ناگاتەوە دەستی، لەکاتێکدا لەوێ بۆ نەخۆش هەموو شتێک بێبەرانبەر بووە، من بەبەڵگەوە دەیڵێم نەخۆشی وا دەزانم، هەموو بەیانیانێک بەئەندازەی 50 دۆلار عیلاجەکانیەتی، بەڵام هەمووی لەسەر ئەرکی نەخۆشخانەکە بووە.

مەرج نیە، هەموو ڕاستیەکانیش لای ئێمە بن، وەک چۆن ئیمامی شافیعی دەڵێت: رأي صواب يحتمل الخطأ،ورأي غيري خطأ يحتمل الصواب. دەکرێت ئێمە خۆمان پێڕاست بێت، بەرانبەریشمان هەڵە، لەڕاستیشدا دەکرێت وانەبێت، بەپێچەوانەشەوە عەینەن شت، بەڵام ئێمە لەخوارەوە هەندێک شیکردنەوە بۆ ئەم بابەتە دەکەین، هیوادارین سەرنجی خۆشتان بدەن....

سەرەتا بابزانین، گرفتەکان چین
پێشتر چەند سەرنجێک دەخەینە ڕوو:

یەکەم ـ هەمیشە دەسەڵات لەئەگەری کاردانەوەی هاوڵاتیان وەک پەرچەکردارێک، لەبەرانبەر هەر داگیرکاریەک، هەر کارێک کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی ژیانی هاوڵاتیان خۆیانەوە هەیە، پێشتر لەڕێگەی چەند کەناڵێکی تایبەت بەخۆیانەوە، ئیسارە بەباتەکە دەکەن، تاوەکو بزانن کاردانەکان لەچ ئاستێکدان.
دووەم ـ حکومەت ودەسەڵات دەمێکە دەیەوێت وبەبەرنامە کاردەکات لەپێناوی ئەوەی هەر یەک لە پەروەردە وتەندروستی بەرەو ئاقاقارێک بەرێت وبیدات وبیکات بەکەرتی تایبەت.
سێیەم ـ بەدەر لەم دوو سەرنجەش، دیارە کەنیشانەکانی داخستنی نەخۆشخانەکەش هێدی هێدی بەرەو ئەوە دەڕۆن، دەیانەوێت دابخرێت، بەڵام ئایا دادەخرێت یاخود، نا، چۆن؟ سەیربکە نەخۆشخانەیەکی ئاوا دەگمەن کە بۆتە نوا لانەی هەزاران نەخۆش، هەزارانیان لەم نەخۆشخانەیە هیواکانیان بۆگەڕایەوە، بەڵام کاتێک سەیری کواڵێتی وبچوکی باڵەخانەی نەخۆشخانەکە دەکەیت، حکومەت ئامادە نیە بەستاندارد جارێکی تر لەشوێنێکی شیاو وشایستە بە قەبارەیەکی گەورە وکواڵێتی بەرز نەخۆشخانەیەک دروستبکات، ئەمە دەلالەتە کەمتر بەدەم کەرتی تەندروستیەوە دەڕوات، وەک ئەوەشی کە لەسەردەمی کۆرۆنادا بینیمان.
چوارەم ـ لەئەستۆ نەگرتن، یا دابین نەکردنی تەواوی دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشخانەکە، دیسان ئەمەش هەم بێباکیە وهەم بەتەنگەوە نەچونی حکومەتە بۆ ئەم نەخۆشخانەیە، نایەوێت هیوایەک هەبێت بۆهەژارەکان....
پێنجەم ـ لەلایەکی دیکەشەوە، حکومەت بەهیچ جۆرێک خۆی نادات لەقەرەی دامەزراندنی کارمەندی نوێ وپسپۆر لەهەموو بوارەکان بۆ ئەم نەخۆشخانەیە، نەخۆشخانەکە زیاتر خۆ لەسەرپێی خۆی وەستاوە تاوەکو حکومەت دەستی گرتبێت.
شەشەم ـ هاوکێشەیەکی سەیر وگرنگ، خوێندنەوەیەک بۆ هاوکێشەکە
هەموو ئەو پزیشکانەی لەنەخۆشخانەکەن، شتێک هەیە پێی دەگوترێت لەبری نۆرینگە، بدل العیادة، واتا بۆ ئەوەی نەخۆش باشتر خزمەت بکرێت وپزیشکەش لەڕووی توانا ولەڕووی ئاسودەیی ڕۆحیشەوە زۆر ڕۆبچێتە چارەسەری نەخۆش، بۆئەوەی عیادەی نەبێت، بڕێک دەرماڵەی تایبەت دەخرێتە سەرموچەکەی وپزیشک لەدەروەی نەخۆشخانەکە نۆرینگەی نیە، ئیشی ئەو لەشەو وڕۆژ ولەبانیان وئێواراندا دەبێتە خزمەتی نەخۆش لەنەخۆشخانەکە، بەپێی زانیاریەکان ئێستا حکومەت ئەو پڕە پارەیە دابین ناکات بۆ پزیشکەکان، واتا ڕاستەوخۆ پزیشکەکان وردە وردە دەتوانن لەنەخۆشخانەکە دوور بکەونەوە وبچن عیادەیەکی تایبەت بکەنەوە، ئینجا مەترسی داخستنی نەخۆشخانەکە ئۆتۆماتیکیەن دەردەکەوێت، لەئەگەری دانەخستنیشدا، ئۆتۆماتیکیەن پزیشکەکان لەعیادە تایبەتەکانیان زیاتر بەدەم نەخۆشەوە دەچن تاوەکو لەنەخۆشخانەکە
حەوتەم ـ بۆچارەسەری ئەم دۆخە، حکومەت ناتوانێت بەپێی هیچ یاسایەک ڕێگری بکات لەوەی کەپزیشکەکان بچن لەدەرەوە عیادەی تایبەت بەخۆیان بکەنەوە، بەڵام حکومەت دەتوانێت بەیاسا ڕێگری لەوە بکات، ئەگەر پزیشکەکان بەدەل عیادە وەربگرن ولەهەمان کاتیشدا لەدەرەوە عیادەی تایبەت بکەنەوە، لەم حاڵەتەشدا دیسان بارگرانی زیاتر لەسەر نەخۆش دروست دەبێت، هەموو هاونیشتمانیان دەزانن، ئەو کات پێیان دەگوترێت ئەم پشکنینە لەنەخۆشخانە ناکرێت، دەبێت بچیتە دەروە، وەک ئاماژەمان پێدا، ئەمە دەبێتە سەرەتایەک بۆ داخستنی نەخۆشخانەکە.....

ئەوروپا نیو سەدە سەرقاڵی ئەوە بوو، شۆڕشیان دەکرد لەو پێناوەدا کە دین لەدەوڵەت جیا بکەنەوە، بەڵام ئێمە دەڵێین عەزیەت مەکێشن، دینیش لەدەوڵەت جیامەکەنەوە، تەنها ئەوە بکەن کەسانی بازرگان وچاوچنۆک وبەرپرسی نابەرپرس وگیرفان بڕ لەدەوڵەت جیابکەنەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن