518وتار

ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەنوسان

5/3/2020 9:04:00 PM
تێکۆشەر حسێن


لەبەر ئەوەی میدیا ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر هۆشیاری تاک بەتاکی گۆمەڵگە هەیە بۆیەش بە "دەسەڵاتی چوارەم" ناودەهێنرێت، سەیری پێگەی "جوریس پیدیا" بکە چۆن باس لە بنەماکانی دەوڵەت کراوە، باس لەوە دەکات کە پایەو کۆڵەکەی سەرەکی دەوڵەت پێک دێت لە:
یەک ـ گەل یا نەتەوە
دوو ـ هەرێم یا نیشتمان
سێ ـ دەسەڵاتی سیاسی

دەسەڵاتی سیاسیش پێک دێت لە هەریەک لە دەسەڵاتەکانی "یاسادان و جێبەجێکردن و دادوەری" ڕای گشتی کۆمەڵگەش ڕاستەوخۆ ڕۆڵ و کاریگەری تایبەتی هەیە بەسەر هەریەک لەم سێ دەسەڵاتانەوە، ئەوەی ڕای گشتی و کۆمەڵگە و شەقامیش دێنێتە گۆ بریتیە لە میدیا.

کۆمەڵگەی کوردیش لە بواری ڕۆژنامەوانیەوە سەردەمی شاخ و نهێنی تێپەڕاند و پێی نایە نێو سەردەمی تازەگەریەوە، بەگشتیش گەر بمانەوێت جۆرەکانی ڕۆژنامەوانیش پۆلێن بکەین ئەوا دەبەش دەبن بەسەر " ڕۆژنامەوانی حکومی، حزبی، بێلایەن " 

لە پاڵ ئەو هەموو پێشوەچونەی جیهانی ڕۆژنامەوانی کۆمەڵگەی کوردی ئێمە تا ئێستاش لەبەر ئەوەی حزب دەستی خستۆتە نێو هەرسێک لە دەسەڵاتەکانی دادوەری و یاسادان و جێبەجێکردن و هەژمونی حزب و ڕەنگدانەوەی لەنێو تەواوی دام و دەزگاکانی دەوڵەت دا نەک بڵێین هەستی پێدەکرێت بەڵکو بونی هەیە، بۆیەش میدیا نەیتوانیوە ڕێک ببێ بەو ئاوێنەیە بتوانێ هۆشێاری و ڕەوتی کۆمەڵگە بگەیەنێت بەو ئاستە ئاراستەی بکات یانیش کاریگەری هەبێ و گۆڕانکاری گەورە بێنێتەکایە، هۆکارەکانیش بۆ ئەو خاڵانەی خوارەوە دەگەڕێتەوە:
ٲ ـ نەبونی هاوکاری لەلایەن دام و دەزگاکانی دەوڵەت، چونکە زۆرینە لە سەر وەلائی حزب دامەزرێنراون.
ب ـ نەبوونی هاوکاری و پێدانی زانیاری لەلایەن دام و دەگاکانی دەوڵەتەوە.
ج ـ عەقڵیەتی دەسەڵاتی حزبی و خێڵەکی لە ئیدارەدانی دەوڵەتدا.
د ـ دەسەڵاتی سەرکوتکردن و عەسکەرتاریەت بەرانبەر ڕۆژنامەنوسان.

ڕەوشی ڕۆژنامەگەریش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاستێکی خراپدایە، بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی "ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنور" سوریا بەیەکێک لە پڕ مەترسیدارترین لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت دوای سوریاش سعودیە و یەمەن و بەحرەین و ئێران و لیبیا و میسڕ و عێراق و تورکیا لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانە دادەنرێت کە مەترسی هەیە بۆ سەر ڕەوشی ئازادی بابەتەکانی پەیوەست بە ڕۆژنامەگەری.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنور کەساڵانە کەدوای کودەتاکەی تورکیا بڵاو کرایەوە تەنها لە تورکیا زیاتر لە ۱٨۰ ڕۆژنامەنوس دەسگیرکراون، بەهەمان شێوەش لە وڵاتانی ئێران و عیراق ڕەوشی ڕۆژنامەنوسان لە دۆخێکی خراپدایە.

لە هەرێمی کوردستانیش بەپێی ئاماری ساڵانەی ڕێکخراوەکانی ڕۆژنامەوانی و سەندیکای ڕۆژنامەنوسان ساڵانە چەندین پێشێلکاری بەرانبەر ڕۆژنامەنوسان ئەنجامدراون و چەندین کەیسی تیرۆری ڕۆژنامەنوسان هەن تا ئێستاش کەیسەکان جگە لەوەی بکوژانیان نەدراون بە دادگا و بگرە بەلاڕێش دابراون وەک:

یەکەم : 
تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس شهید سردشت
سەردەشت عوسمان لە دایک بووی ۲٥ ـ ۱۲ ـ ۱۹٨۷ شاری هەولێر گوندی گرد عازەبانە، ئەو خوێندکاری قۆناغی چوارمی بەشی ئینگلیزی کۆلێژی ئاداب زانکۆی سەڵاحە دین بوو، ئەو ڕۆژنامەنوسێکی بەتوانا بوو، بەرلەوەی تیرۆر بکرێت چەند جارێکیش هەڕەشەی کوشتنی لێکرا، هەموو هەڕەشەکانی کە لێی دەکرا لە ووتارەکانی دا بڵاوی کردنەوە.

لە بەرواری ٤ ـ ٥ ـ ۲۰۱۰ کاتژمێر ٨ ی بەیانی لە بەردەم کۆلێژەکەی خۆی لەپایتەخت لەلایەن چەند چەکدارێکەوە دەڕفێنرێت و ڕۆژی دواتر لە موسڵ تەرمەکەی دەدۆزرێتەوە، لە ڕاپۆرتی دادی پزیشکی موسڵ ئاماژە بەوە دراوە کە بە فیشەک کۆتایی بەژیانی هاتووە، وەک ئاماژەیەک بۆ بێدەنگکردن و سەرکوت کردنی ئازادیەکانی ڕادەربڕین و هۆکاری تیرۆرکردنەکەی فیشەکەکان نرابوون بەناو دەمیەوە، دوای ئەوەش لە ڕاپۆرتەکانی لێکۆلینەوە و پۆلیسی هەولێرەوە کەیسەکە بەتەواوی بەلاڕێ دابرا، جگەەوەش بەوەشەوە نەوەستاون دوای مەرگی شهید سەردەشت دیسان جارێکی تر بە شکاندنی کێلەکانی گۆڕی شهید سردشت تیرۆر کرایەوە ماوەیەک لە مەوبەریش بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی پەیامەکانی سردشت عوسمان لە ، لە بەرواری ۱٨ تموزی ئەمساڵیش لە بازگەی گۆجاڕی پارتی دەستیان گرت بەسەر ۱۹ کتێب لە بەرگی یەکەمی کتێبەکەی شهید سردشت، هەروەها جارێکی تریش لە بازگەکانی پارتی لە هەولێر دەست گیرا بەسەر بەرگی دووەم لە کتێبەکەی شهید سردشت، بۆ چەند کاتژمێرێکیش ڕۆژنامەنوس بهزاد دەسبەسەرکرا، هەموو ئەمانەی پارتی دیموکرات دەیکات وەک پێشێلکاری له بەرانبەری ڕۆژنامەنوسان و میدیای ئازاد ترسیەتی لە ئازادی و دیموکراسی.

دووەم : 
تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس سۆرانی مامە حەمە
سۆرانی مامە حەمە ڕۆژنامەنوسی سەربەخۆ لە دایک بووی ۱۹٨۷ ی شاری کرکوکە، بەرلەوەی تیرۆر بکرێت لە سەر نوسینەکانی هەڕەشەی کوشتنی لێکرا دواتر لە بەرواری ۲۱ ی تموزی ۲۰۰٨ لە ماڵەکەی خۆی تیرۆر کرا، تا ئێستاش بکوژانی نەدراون بەدادگا و دیسان دەسەڵات بە جۆرێکی تر کەیسەکەی شێواند.

سێ یەم :
کاوە گەرمیانی
ڕۆژنامەنوسی ئازا و بوێری گەرمیان کاوە گەرمیانی لە دایک بووی ۱۹٨۱ بوو، ڕۆژنامەنوسێکی سەربەخۆ و سەرنوسەری گۆڤاری ڕایەڵ بوو جگە لەوەش پەیامنێری ڕۆژنامەی ئاوێنەبوو، لە سەر نوسینەکانی ئەویش چەند جارێک هەڕەشەی لێکرا، دواتر لەشەوێکی باراناوی لە بەرواری ٥ ـ ۱۲ ـ ۲۰۱۳ لەماڵەکەی خۆی لەبەردەم دایکی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە دەستڕێژی گوللەی لێکرا و تیرۆر کرا.

چوارەم : 
وەداد حسین 
ڕۆژنامەنوس وەداد حسین دوای چەند جارێک هەڕەشەکردن لێی ، ئەویش لە بەرواری ۱۲ ی ئاب دەڕفێنرێت و ڕۆژی دواتر واتا لە ۱۳ ـ ئاب ـ ۲۰۱٦ بە تیرۆرکراوی و جەستە شێوێنراوی دەدۆزرێتەوە.

جگە لەمانەش هەریەک لە عەبدولستار شەریف وشوکری زەینە دین ڕێکانی وچەندان و چەندان کەیسی تری تیرۆری چین و توێژە جیاوازەکانی تری کۆمەڵگە هەن کە تا ئێستاش کەیسەکانی لەدادگا ماون و بێ ئەوەی هیچ یەکێک لەمانە بکوژەکانیان درابێتن بە داگا، هەموو ئەمانەش دەسەڵات وەک پاکتاوی دیموکراسیەت و ئازادی ڕۆژنامەگەری وبیرکردنەوە خنکاندویەتی


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن