هەڵەی گۆڕان لەکوێیە؟
5/1/2021 10:24:00 PM
تێکۆشەر حسێن
نمونەی دەیان
کادیرمان هەبوون، لەسەر دەستی هاوڕێیانمان لەو بزوتنەوەیە پێگەیشتن، هەندێکیان
بوونە ئەندامى جڤات، واتا ئەندامی سەرکردایەتی، پەرلەمانتار، وەزیر، بەڕێوەبەری
گشتی، یان هەر پلەیەکی ڕێکخراوەیی تری باڵا، بەڵام لە ناکاو لەکۆتاییشدا زۆرێکیان
وازهێنانی خۆیان لەبزوتنەوەکە ڕاگەیاند و پەیوەندیان بەحزبە دەسەڵاتدارەکانەوە
کرد. تا ئێستاش دهیان کادیری گۆڕان وازهێنانی
خۆیان لەبزوتنەوەکە ڕاگەیاندوە و چونەتە ناو یەکێتى یاخود پارتى.
سیاسەت و مامەڵەکردن
لەڕاستیدا سیاسەت
نە پێویستى بە هەڵپە و هەڵشەیى هەیە نە توندی و ڕادیکاڵێتی، بەڵکو بریتیە لە هونەری
دانوسان هەڵبژاردن و بەدەمەوەچوونی خواستەکانی دەنگدەر و لایەنگر و کادیر و کۆمەڵگە
بەگشتیی، بریتیە لە پێشکەشکردنی پڕۆژە و هەنگاونان بۆ جێبەجێکردنیان لە حکومەتدا.
لە سیاسەتدا
زاراوەیەک بەناوى لەپڕ هەڵگەڕانەوە هەیە، کە دەکاتە کاوسیی بنەڕەتی خودی مرۆڤەکان،
بەمەش دەردەکەوێت هەندێکجار لەپڕ و لەناکاو یەکێک لەهەرە کادیرە دیار و بەرچاوەکان
هەڵدەگەڕێتەوە و دەچن پەیوەندی بەپارتێکی دیکەوە دەکەن، واتا لەکۆتاییدا ئەوەی ئەو
دەیڵێت، سەدی سەد پێچەوانەی بیر و بۆچون و ڕەفتارەکانی پێشوویەتی.
ئەو هەڵسوڕاوانەی
وازیان لەبزوتنەوەکە هێناو گەڕانەوە ناو یەکێتی
لە سەرەتاى
دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، لەهەموو چین و توێژەکان، پەیتا پەیتا خەڵکی دەهاتنە
لای کاک نەوشیروان و پەیوەندیان بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەکرد، تاوەکو لەکۆتاییدا سەدان
هەزار کەس دەنگیاندایە بزوتنەوەکە و زۆرێکیش لەخەڵکی و لەفەرماندە و پێشمەرگەش دەهاتنە
لای کاک نەوشیروان و هەموو ئامادەییەکیان بۆ پشتیوانیکردن هەبوو. تەنانەت داواکاریان
بۆ "روخاندنى حکومەت" هەبوو.
هەموو ئەم بیرکردنەوەیەش
دەرئەنجامی نا دادپەروەرى زۆری جوت حیزبی دەسەڵات بوو، بەڵام ڕەوانشاد کاک نەوشیروان
لەوەڵامدا دەیگوت، نا ئێمە بۆ ڕوخانی حکومەت دانەمەزراوین، ئێوەش هەڵەدەکەن کاتێک
ئاوا بیربکەنەوە و بتانەوێت حکومەتەکە بڕوخێنین، جگە لەوەش فشارێکی زۆر هەبوو لەسەر
هەڵسوڕاوان بەتایبەت لەناو هێزی پێشمەرگە، سزای سیاسیی دەدران بەگواستنەوە و
ترازان و دورخستنەوە و تۆمەت هەڵبەستن ڕوبەڕوی دادگای سەربازی دەکرانەوە.
بەم جۆرە، بەدرێژایی
(10) ساڵ دەبینین تا ئەمڕۆش سزای سیاسیی لەسەر هەڵسوڕاوان بەردەوامی هەیە، بەڵام بەدەر
لەوە، زۆرێکیش دەگەڕانەوە نێو یەکێتی، هەموو ئەوانەشی کە وازیان لەبزوتنەوەکە هێنا
بە پلە و پۆست و ئیمتیازی تازە و کەمێک موچەوە لەئۆرگانە حیزبی و ڕێکخستنەکانی وەک
مەڵبەند وکۆمیتە جێیان بۆکرایەوە.
لەبەرانبەریشدا
زۆرێک لەمانە بونەتە تیر و سەرمەشقی کەمپەین و هەڵمەتە ئیعلامیەکانی میدیا بەگشتی
و سۆشیاڵ میدیاش بەتایبەتی دژی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام کەمتر ئەم کادیرانەی جارێکی
تر سەنگەریان گواستەوە بۆ ناو یەکێتی، بونەتە جێی تانە و تەشەر.
ئەوانەی گۆڕانیان
جێهێشت و پەیوەندیان کردووە بەپارتی دیموکراتی کوردستانەوە
ئەگەرچی ئەمانەی
ساڵانێک لەنێو بزوتنەوەی گۆڕاندا دەستیاندایە خەباتی مەدەنی بۆ سیاسەت و لەکۆتاییشدا
وازیان لەبزوتنەوەکە هێنا و چونە نێو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە؛ بەپەنجەی
دەست دەژمێردرێن، بەڵام دەنگدانەوەی زۆریان بەدوای خۆیدا هێنا، بە بەراورد لەگەل ئەوانەی
کە گەڕانەوە ناو یەکێتی، ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک بووە:
یەکەم، چونکە لەپڕ
هەڵگەڕانەوە لەشێوەی کاوس، واتا سەدا سەد پێچەوانە دژی بیر و باوەڕی پێشوت، دەبێتە
جێی نەنگی و فۆکەسی زیاتری کۆمەڵگە.
دووەم، شێوازی
وازهێنانیان، لەگەڵ تەوقیتی وازهێنانەکە، بەهەردوو دیوەکە، زیاتر بونەتە جێی دەنگدانەوە
و ڕقی کۆمەڵگە لێیان، بۆ نمونە لە تەوقیتێکدا کەسێک وازیهێناوە لەبزوتنەوەکە، کە ئەوپەڕی
ناپەرپرسیارێتی سیاسیی بووە، جگە لەوەش شێوازی وازهێنانەکەیان بەجۆرێک بووە، بە
ئامانج و مەبەستێکى دیاریکرا و قسەیان پێکراوە دژى بزوتنەوەکە بەگشتى و کەسى یەکەمى
بزوتنەوەکە بەتایبەتى.
سێیەم، لەبەرئەوەی
پارتیی لەنێو تەواوی حیزبەکان کەسى خۆى داناوە، بۆیە ئەشێت هەندێک لەمانەی کە وازیان
لە گۆڕان هێناوە، هەر هەمان ئەو کەسانە بوبێتن کە بەنهێنى لە بزوتنەوەکەدا بۆ ئەو
پارتە سیاسیە کاریان کردوە.
چوارەم، هەندێکیان
وا دەردەکەون، کە خۆیان زۆر پێگەورەترە لە بزوتنەوەی گۆڕان، لەکاتێکدا بیریان چۆتەوە،
گەر بزوتنەوەى گۆڕان نەبوایە هەرگیز ئەمانە نەدەبونە ئەو کەس و ناسنامانەى ئێستا هەیانە.
لەکۆتاییدا، خەڵک
حەقی خۆیەتی هەم لە بزوتنەوەکە زویر ببن و هەم ئەمانەیش کە بەم جۆرە وازدەهێنن بکەونە
بەر تانەى خەڵکی، چونکە هەموو لایەک دەزانن کە کێبوون دەنگدەری گۆڕان و کێبوون ئەمانەیان
پێگەیاند و شەونخونیان بۆکردن، لەکۆتاییشدا ئاوایان لێدەربچێت، بەڵام ناشبێت ئەوەمان
بیربچێت، بزوتنەوەی گۆڕان تاوانێکی نیە کەسانێک کە وازدەهێنن، یانیش ژێر بەژێری لە
بنەڕەتدا هاتبنە نێو بزوتنەوەکە، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی دەزگایەکی موخابەراتی
نیە تاوەکو زانیاری ورد و دروستی تەواوی جوڵەی ئەمانەی لا ڕونبووبێت، بەڵام دەکرێت
هێشتاش پێوەر و میکانیزمی تر توندتر و تۆکمەتر لەوانەی پێشوو بکرێت بەقیاسیی هێنانە
پێشەوەی هەر کەسێک بۆ هەر پێگە و مەنسەبێک لە پەیکەری ڕێکخراواییەکە.