644وتار

سی و سێ ساڵ پێش ئێستا سواری ئیڤایان کردین لە ئەنفالدا

4/8/2021 5:52:00 PM
دڵشاد مه‌لا


 *١٩٨٨/٤/٨ ئەو ڕۆژە شومەی کۆی ژیانی گۆڕیم
ئەمڕۆ ۳۳ ساڵ بەسەر ئەو ڕوداوەدا تێ دەپەڕێت
بەئێستاشەوە چاوی چاوەڕوانیم دانەخستوە.

دوای کیمیاباران کردنی هەڵەبجە ڕژێمی بەعسی فاشست لەڕێگەی بەکرێگیراوەکانیەوە بەهەموو دێهاتەکاندا بڵاوکردەوە ئەگەر  دێهاتەکان چۆڵ نەکەن و دانەبزنە خوارەوە هاوشێوەی هەڵبجە کیمیا باران دەکرێن.

ئێمە لە گوندی حەمەیقادری گەرمیان بوین ئەوکات باوکم و زۆرینەی پێشمەرگەکانی گەرمیان لە شەڕەکانی سەرکردایەتی یەکێتی بون ئێمە بێ سەرپەرشتی بوین. لەگەڵ ئەنجومەنی دێ مەحموی حاجی ڕێکەوتین لەگەڵمان بێت دابزینە سەر جادەی قیر ماڵی ئێمەو ماڵی کاک حسن و کاک برایمی حەمە علی ماڵی سەردارە سور و ماڵی دکتۆر هەمزە ئەوایش وەک ئێمە تەنها ژن و مناڵەکانیان لەگوند مابونەوە پیاوەکان هەمویان لەشەڕەکانی سەرکردایەتی بون تەنها مەحموی حاجی وەک پیاو لەگەڵمانا بوو خۆی و دوو کچی عازەبی. بڕیارێکی قورس بوو کە بەڕۆژی ڕوناک دابەزین بەڵام ناچاری بوو لە ترسی کیمیایی ئەو بڕیارە درا کاتژمێر ۱۲ و نیوی نیوەڕۆ بەپێ بەڕێکەوتین لە گوندی ژاڵە دەچوین کۆپتەرێکی ڕژێم بەسەرمانا سوڕایەوە بەڵام تەقەی لێ نەکردین نزیکی کاتژمێر ۳ی عەسر لە گوندی ڕەنگەلی خان کە گوندێکی سەر جادەی قیری نێوان کەلار باوەنورە کەوتینە بۆسەی دوو سەربازی عێراقیەوە لە نزیک گوندەکە دوو سەربازە کە یەکێکیان درێژێکی ڕەشی ناشرینی دان درێژ بوو ئەو تریشیان دەموچاو سپیەک بوو زۆر لێیان پاڕانەوە ژنەکان یەکێک لەوانە دایکم بوو دایکم تۆزێک عەرەبی دەزانی چون پێشئەوە باوکم بچێت بۆ پێشمەرگایەتی لە بەغداد نیشتەجێ بوین قەت ئەو چرکە ساتەم  بیرناچێت دایکم بە سەربازە داندرێژەکەی وت، خاتر اللە لەوڵامدا وتی اللە موجاز بەواتای (خودا لە مۆڵەتە). قەنەعەتیان بە سەربازە سپیکەلەنەکە کرد کەبڕۆین بەڵام ئەو دان درێژە ناشرینە ڕازی نەبوو ئێتر چەند سەربازێکی تر لە ڕەبیەی گوندی  عیسایی یەوەوە هاتنە خوارەوە لەگەڵ دوانەکەی تر بردینیان بۆ سەرجادەکە هەموو خەڵکی گوندی ڕەنگەلی خان سەیریان دەکردین بەڵام لاحەولەولاقووە بوون کەچونە سەر جادە چەند پیکابێکیان بۆ گرتین دایکم یەکسەر چووە پێشی پیکابەکەوەو سایەقەکەی ناسی جانتایەکی بچوکی دایە دەستی و پیوت تکایە ئەمە بە ئامانەتەوە تەسلیمی باوکمی بکە ئەویش مەردانە وتی بەسەرچاو ئەو جانتا بچوکە هەموی ئەوراقی باوکم بوو ئەگەر ئەو جانتایە دەست ڕژێم بکەوتایە خەڵکێکی زۆر لە سێدارە دەدرا  لەبەر ئەوەی باوکم مەسئولی باجی گەرمیان بوو ناوی هەموو ئەوکەسانەی کە پارەیان دابوو بەشۆڕش لەو جانتایەدا بوو خۆشبەختانە ئەو جانتایە دەست ڕژێم نەکەوت.

دواتر بە پیکابەکە تا گوندی عیسایی بردینیان لەوێ وەستاین تا ئیڤاکان گەیشتن لەوێ سواری ئیڤایان کردین بۆ لیواکەی کەلار دایکم لەناو ئیڤاکەدا پێی وتین ئەگەر لێیان پرسین باوکتان لە کوێیە و ناوی چیە و ئیشی چیە ئێوە بڵێن باوکمان ناوی محمدە و شوانە دوای ئەوەی لە لیوای کەلار تەحقیق تەواو بوو سواری پاسیان کردین بردینیان بۆ خێوتگەیەکی سەربازی هەر لە ناو کەلار لە نزیک کەلاری کۆن  کە ئێمە گەیشتین چەند خێزانێکی تر ڕۆژێک پێش ئێمە ۷ی٤ گیرابون  ئەو کات من تەمەنم ۱۰ ساڵ بوو ئۆردوگای سمودی ئەوکات و ڕزگاری ئێستا تازە دروست دەکرا.

ئەفسەرەکە پێی وتین مەترسن ئەتانبەین لەوێ نیشتەجێتان دەکەین  دوای ٤ ڕۆژ لەو خێوتگەیە مواجەهە کرایەوە پورە فەوزیەم و مەهاباتی ئامۆزام و باپیرم هاتن بۆ سەردانمان لەوکاتەیا کۆچەری برام کە ئەوکات تەمەنی ٥ ساڵ بوو کردبووی بەژێر عاباکەیەوە و ڕزگاری کرد مەهاباتی ئامۆزاشم ئارازی برامی گرتە باوەشی کە تەمەنی ٦ مانگ بوو بۆ ئەوەی ڕزگاری کا دواتر ئەفسەرەکە زانی مەهابات تەمەنی مناڵە و ئەو مناڵە هی ئەو نیە گوتی نابێت ئەو مناڵە بەرن تکایان لێکرد کە نەخۆشەو بۆ چاسەر دەیبەن دەیهێننەوە وتی بەمەرجێک ئەو پیرەمێردە بە اللە سوێندم بۆ بخوات ڕازی دەبم باپیرم زۆر لە خوا ترس بوو سوێندەکەی نەخوارد ئەویش ڕازی نەبوو ئارازی گەڕاندەوە بۆ دایکم شەوەکەی بەدایکمم وت مادام کۆچەر ڕۆیشتوە سبەی منیش ڕادەکەم وتی تۆ ناتوانی گەورەی بۆ بەیانیەکەی لای عەسر بە ئەفسەرەکەم وت ئەها ئەو مناڵانە ئەیانەوێت ڕابکەن ئەو مناڵانە من ئاماژەم بۆکردن زۆر مناڵبون هەر نەشیان دەزانی ڕاکردن چیە بۆیە وام بە ئەفسەرەکە وت ئەو بڕواو پشتم تێ بکات و ڕێگاکەم بۆ چۆڵ بکات خۆشبەختانە بەقسەی کردم و ڕێگاکەی بۆ چۆڵ کردم ئەوەی بەلامەوە تا ئێستاش جێی گومانە من بەکوردی قسەم کرد ئەو ئەفسەرە چۆن لێم تێگەیشت بۆیە گومان دەکەم کورد بوبێت.
بەهەر حاڵ لەگەڵ ڕۆیشتنی ئەفسەرەکە من توانیم ڕابکەم
بەداخەوە  ڕۆژێک دوای ڕاکردنم  دایک و براکانم هەموو ئەوانەی ناو خێوەتگەکە ڕەوانەی ئەمنی سلێمانی کران و لەوێشەوە بۆ نورەسەلمان چیرۆکێکی تاڵ و ناخۆشە بۆیە درێژەی نادەمێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن