338وتار

سەڵاح ئەلدینی ئەیوبی وەک قارەمانێکی مێژوویی

3/27/2021 8:46:00 AM
فه‌ره‌یدون غه‌ریب

تاکو ئێستا توێژینەوەیەکی ئەکادیمی هەمەلایەنە بۆ ژیان و بەسەرهات و دەوڵەتەکەی صلاح الدینی ئەیوبی نەکراوە، ئەمە دەبوو ئەکادیمیەکانی کورد بیانکردایە. ئەوەی تا ئێستا بینراوە هەر لەلایەنە ئاینیەکەوە شتێکی کەمی لەسەر وتراوە (یان من ئاگاداری توێژینەوەیەکی وانیم، یان میللەتی ئێمە وەک گشت  ڕابردویەکی خۆی سوودی لەمێژوی خۆی وەرنەگرتوە).

زۆر بەکورتی دەڵێم: صلاح الدین قارەمان و هەڵکەوتویەکی مێژویی کوردو ئیسلامە، هەرکەس و لایەنێک خوێندنەوەی بۆبکات، پێویستە لەسیاقی تاریخی و زەمان و زەمینی خۆیدا خوێندنەوەی بۆبکات. 
سەردەمی صلاح الدین سەردەمی بنیاتنانی ئیمپراتۆریاتی گەورە و شەڕو شۆڕ بوە بەتایبەتی شەڕە ئاینیەکان(Religious war) ، شەڕی نێوان ئیسلام و مەسیحی، مەسیحی و جوو، مەسیحی و مەسیحی، کاسۆلیک و پڕۆتستانت ( زیاتر لە ۳۰ ملیون مرۆڤیان لە یەکتر کوشتوە)، شەڕی مەزهەبی شیعەو سونە لە ئیسلامدا و زۆری تریش..

ئاشکرایە کەئیمپراتۆریەتی ئەیوبیش وەک ئەوانیتر هەر لەڕێگای شەڕو لاوازکردنی دەوڵەتانی ترەوە قەڵەمڕەوی و سنوری خۆی فراوانکردوە. ئەو سەردەمە، سەردەمی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوایەتی و یەک خاک و نەتەوە نەبوە( لەم ڕوانگەیەوە زۆر کەس سەیری کردارو ڕەفتاری ئەم زاتە دەکەن، کەبۆ دەوڵەتی بۆ کورد دروست نەکردوە) . لە زەمانی صلاحەدیندا دەوڵەتی نەتەوایەتی وجودی نەبوە، ئیپراتۆریەتەکان لە خاک و نیشتمان و نەتەوەی جیاواز، هەندێک جار ئاینی جیاواز( وەک ئەوەی جەنگیزخان و مەغۆلەکان) پێکهاتون..

 گشت ئیمپراتۆریەتە گەورەکان ئاینێک لەپشت دروستکردنیەوە بوە، لەمێژودا، ئیمپراتۆریای گەورەی ڕۆم، ئاشوریەکان، صەفەویەکان، عوسمانیەکان، ئەیوبیەکان و لەسەردەمی ئێستاشدا بەهۆی ئاینی جوو ئیسرائیل دامەزرا و بەهێز بوو، ئێران لەسەر مەزهەبی شیعە پایەکانی داکوتاوە .

ئاساییە لەدەوڵەتەکەی صلاحەدیندا، خەڵک لە ئاین و بیرو بۆچونی جیاواز کوژرابێت، ئەمە هیچ لە گەورەیی و کەسایەتی ئەو کەم ناکەنەوە.. بێگانەکان و دوژمنانی صلاح الدین شاهیدی بۆ لێبوردەیی و زانایی و ئازایەتی و مرۆڤ دۆستی ئەو سەرکردەیە دەدەن. کەچی کورد خۆی دەرس و عیبرەتی لێوەرناگرێت.

کۆتا قسەم لەسەر وتەو کرداری پیر لوقمانە، کە لەگەڵ بنەما بنچینەییەکانی زەردەشتی یەکناگرێتەوە(بیری چاک، وتەی چاک، کرداری چاک) ،پێویست ناکات موسوڵمانان خۆیانی بۆ سەغڵەت بکەن و پێشنیار دەکەم ئەم پرسە جێبهێڵن بۆ زەردەشتیەکان خۆیان، ( داوا لەمامۆستایانی ئاینیش دەکەم وتار بۆ ئەم بابەتە تەرخان نەکەن)چونکە  ئەوە وتەو کرداری پیرێکی زەردەشتی نیە ، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە هەموان باسی لێبوردەیی ئاینی دەکەین و کوردستان و موسوڵمانانیش یەکێک لەشانازیەکانیان پێکەوە ژیانی ئاینی و لێبوردەییە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن