تاپـــۆ و تــەوریس
3/15/2021 9:56:00 AM
ئیحسانی مەلا فوئاد
کێشەکە لەتاپۆکردنیدا نییە، بەڵکو یەکتر قبوڵکردن
و نەبوونی توانای ململانێی سیاسییە، هەبوونی ئیحتیکاری سیاسییە.
خۆ سەرەتا تاپۆی خۆی بوو، بەڵام چونکە کەسێکی
کارێزما بوو، کەسەکانی دەوروبەری نەیاندەوێرا بڵێن (لەل، بەری چاوت کلی پێوەیە)، ئێستا
بۆچی؟.
خێزانێک کێشەی هەبێ، لەخانووی خۆیشیدا بێ یان
کرێ، هەر کێشەی ئەبێ، ئەگەر بیانەوێ چارەسەری بکەن، لەژێر چادرێکیشدا بێ پێکەوە ئەژین
و بەردەوام و بەهێزیش ئەبن.
دوو بنەماڵە حوکمڕانەکە نەک دۆنم و دوو دۆنم، بەڵکو
چەندین شار و دەیان هەزار بینا و شوێنی گرانبەها و بازرگانییان بۆ خۆیان داگیرو
تاپۆکردووە، کەچی هەر کێشەو دزی و قاچاخچێتی و تیرۆر و برسیکردنی خەڵک بەردەوامە،
دوو منداڵیش قسەیان لەسەر ناکات و ناوێرن هیچ بڵێن، بەڵکو وەک سەید وتی (لەژێریشەوە
دەستیان تێکەڵ کردووە لەگەڵ خەڵکی تردا).
من لە 2009وە هەمیشە وتومە ئەبێ ئێمەی کورد سەرەتا
هەوڵ بۆ لابردنی هێزی دیکتاتۆرو بنەماڵەی ئۆلیگارشی بدەین و هێزێکی مەدەنی بێ چەک
بخەینە سەر پێ و کورسی دەسەڵات، دواتر بەئاسایی دەتوانین هێزە مەدەنییەکە لابدەین.
وەک چۆن لەعێراق لابردنی دیکتاتۆر قورس بوو، کە
لابرا، لەورۆژەوە چەندین سەرۆک و حزب بەئاسانی و بەخۆپیشاندان و هەڵبژاردن و رێگەی
مەدەنییانە لابراون و گۆڕدراون، ئەگەر نەگەینە ئەم حەقیقەتەو هەمیشە هەوڵ بۆ
بچوککردنەوەی هێزە مەدەنییەکان و مانەوەو پتەوکردنی هێزە خاوەن میلیشیاکان بدەین،
دڵنیابن بە ئاسانی ژیان و ژینگەی سیاسی گۆڕانی بەسەردا نایەت، بەڵکو خراپترمان لێبەسەر
دێ.
تێبینی// بەندە بەهەموو شێوەیەک لەگەڵ بەموڵکردنی
حزبدام نەک بۆ شەخس، دژی بەبنەماڵەیی بوونم، بەڵام مەخابن دەرکەوتووە بنەماڵە رەواجی
زیاترە وەک ئەبینین ئوممەتێک لەدەوری دوو بنەماڵە کۆبوونەتەوە.
دەیان رەخنەشم هەیە، بەڵام لای من ئەولەوییەت بۆ
حزبە خاوەن میلیشیاکانە، کە بەمەترسیان دەزانم.