جا بەیاننامە چییە.. گۆڕان چی بکات؟
2/17/2021 12:00:00 PM
ئیحسانی مەلا فوئاد
دڵنیابن ئەمە بەرگری نییە لەهیچ کەس و لایەنێک، بەڵکو حەقیقەتە.
ــ عەلی حەمە ساڵح ناوەڕۆکی دادگاییەکەیان و پۆخڵەواتی دادگای ئاشکراکردو دواتر کۆنگرەی رۆژنامەنوسی بەستووەو توندترین قسەی کردووە.
ــ گوڵستان سەعید دوو رۆژە خۆی و شایان عەسکەری و عەلی حەمەساڵح و هاوڕێکانیان لەناو دادگاو لەگەڵ زیندانیکراوەکانداندان و هاوسۆزو هاوڕێیان بوون و لەگەڵ دابان محەمەددا قسەی توندیان لەسەر دادگاو پارتی کردووە.
ــ د.غالب و هۆشیار عەبدوڵا و د.یوسف و کاوە محەمەد لەسەر ئاستی بەغدا و کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکرتووەکان و باڵیۆزخانەکان ئیشیان لەسەر کردوون و بەتوندرین شێوە هێرشیان کردووەتە سەر پارتی.
ــ خودی بزوتنەوەی گۆڕان سەرەڕای ئەوەی لەناو حکومەتدایە بەیاننامەیەکی توندی دەرکردووەو دادگای هەولێری ریسوا کردووە، کە دڵنیام پارتی پێی قەڵس بووەو زۆر توڕەی کردووە.
ــ هەزاران گۆڕانخواز توڕەو نیگەرانن و هێرشیان کردووەتە سەر دادگا فەنتەڵۆسەکەی و دادوەرەکە.
ئەمە بەبێ ئەوەی گۆڕان هێزو چەکدارێک و فیشەکێکیشی هەبێ، هەموومان دەزانین هێزو 600 هەزار چەکدارو میلیشیا لای پارتی و یەکێتیە.
ئەوەش هەیە ئەبینی سەرەڕای ئەوەی لەناو حکومەتەکەدایە، بەس و تەنها گۆڕان و پەرلەمانتارو هەڵسوڕاوەکانێتی لەسەر گەندەڵی و جاشێتی و دزی و قاچاخێتی دەسەڵات قسە دەکەن.
کەچی سەرەڕای ئەوە ئەبینی هەندێک برادەرو خەڵک هەر قسە بە گۆڕان ئەڵێت و ئەڵێ جا بەیاننامە چییە؟ ئێ خۆ هەڵوێست هەر قسەکردن، خۆ کاتیۆشا تەقاندن نییە، ئەوەتا لەعێراق ساڵێکە باڵیۆزخانەو بنکەکانی ئەمریکا بەر ساروخ ئەدرێ، ئەویش جگە لەبەیاننامە هیچی نەکردووە، بەیاننامە لەسیاسەتدا هەڵوێست و هەنگاوەو بەرپرسیارێتی لەسەرە.. ئێ ئەزیزم ناکرێ تۆ لەماڵەوەو لەناو دوکانەکات و لەچایخانەو کافتریا دانیشیت و بتەوێ گۆڕان بە چەند پەرلەمانتارو وەزیرێکەوە دوو هێزی خاوەن سەدان هەزار چەکدارو میلیشیات بۆ بڕوخێنن.
ئەمە ناکاتە ئەوەی رەخنەمان نەبێ لەگۆڕان و رەخنەی لێ نەگرین و لەهەموو شت و کارێکی رازی بین، بەڵکو ئەبێ هەمیشە چاو و قەڵەمەکەمان لەسەری بێ، چونکە گۆڕان و رەخنەو ناڕەزایەتی و فرەجەمسەری و فرەبۆچوونی لەناویدا، ناسنامەی بزوتنەوەکەیە.
تێبینی// نازانم لایەنی یەکێتی و باڵە توندەکەیان بەرامبەر بەوهەڵسوکەوتانەو بۆ بێدەنگن بەرامبەر ئەو کارە قێزەونەی دادگاکەی هەولێر.