303وتار

پەرلەمانتاری بوێر!

1/6/2021 6:04:00 PM
عەبدوڵا ڕێشاوی

دەپرسم لەم سەردەمی بە ھێزبونەی میدیایەدا ، ئایا میدیایەکی بەھێز ناتوانێت لەدەسەڵاتی چوارەمەوە ببێتە دەسەڵاتی دوەم کە دەسەڵاتی چاودێرییە؟

یانی ئایا میدیایەکی بەھێز ئەتوانێت جێی دەسەڵاتی چاودێریی کە بڕیارە پەرلەمان بێت ، بگرێتەوە؟ ئەمە نەک بۆ کوردستان بۆ تەواوی دنیا پێم وایە ڕاست بێت.

دەسەڵاتی راستەقینەی چاودێریی و بەدواداچون و لێپرسینەوە لەڕاستیا لای میدیایە نەک پارلەمان ، بەڵام بەومەرجەی میدیاکە بە ھێز بێت ، بۆ مەسەلەی بێ لایەنییش کە خەسڵەتێکی گرنگو پێویستە ئەوا میدیاو پەرلەمان ھەر بە قەدەر یەک دەتوانن بێ لایەن و لایەندار بن ..

کەواتە ئەگەر میدیای بەھێز ئیشی چاودێریی و بەدواداچون و لێپرسینەوە زۆر بەباشی بکات کەواتە ئیدی پارلەمان چی بکات؟

ئالیرەوە ئەمەوێ پێچێک بەنوسینەکەم بکەمەوەو بڵێم ئەگەر کاری پەرلەمانەکانی دنیا چاودێریی و لێپرسینەوەو بەدواداچون بێت دەی میدیایەکی بەھێز زۆر باشتر دەتوانێ ئەمە بکات دەی کەواتە ئایا کاری ڕاستەقینەی پارلەمان دەبێت چی بێت؟

لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی سەرەوە دەبێ بڵێم کاری ڕاستەقینەی پارلەمان (تەشریعیی و سیاسیە). بەمەش کەواتە ئێمە دەبێت دەستکاری ئەو دیدگایەی خۆمان بکەین کە پێمان وایە دەبێت کەسانی بوێر بچنە پەرلەمان و ھەڵسەنگاندنمان بۆ پارلەمانتار بوێریە..نەخێر ئەو مواسەفاتە ھی میدیاکارو رۆژنامە نوسە. مواسەفاتی راستەقینەی پارلەمانتار ژیریی و دانایی وعەقڵی تەشریعیی و سیاسییە..واتە وێنەی ڕاستەقینەی پارلەمانتار پیاوێکی پیری عاقڵی حەکیمی ریش سپی خەمخۆرە نەک گەنجێکی جەربەزەی ئازا!

ئەوەتا وەک دەبینین لە حزبەکاندا ئەوەی ئاگری دوبەرەکیی نەتەوەیی و حزبی خۆش دەکات لێدوانی پارلەمانتارە «بوێرەکانە» لەکاتێکدا ئیشی ئەوان دروستکردنی ئاشتەوایی سیاسیی و دۆزینەوەی رێگاچارەو بە کورتیەکەی پینەو پەڕۆ و مامە خەمەییە ..بەڵام نایکەن چونکە ھێشتا وەزیفەی میدیاکار دەبینن لەکاتێکا ئیشی ئەوان جەوھەری ترو گەورەترە!


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن