425وتار

ئێران و ئەمەریکا؛ قۆناغێکى نوێى پەیوەندى

5/14/2020 10:55:00 AM
عەبدوڵا ڕێشاوی


بەپێچەوانەى قۆناغى پێش کۆرۆنا لە ئێستادا کۆمەڵێک ئاماژە و هۆکار هەن، دەکرێت وەک سەرەتاى لەیەک نزیکبونەوەیەکى نوێ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا و ئێراندا تەماشا بکرێت.

ئاماژەکان:
1- لەچەند رۆژى رابردودا رابەرى شۆڕشى کۆمارى ئیسلامى عەلى خامەنەیی تویتێکى ئاینیی بە مەغزایەکى سیاسى کرد، لە تویتەکەدا عەلى خامەنەیی باس لە ئیمامى حەسەن دەکات وەک پێشەوایەکى ئاشتیخواز کە دەستى ئاشتى و ریککەوتنى بۆ نەیارەکانى درێژکردوە.

لە مێژوى ئیسلامدا ئیمام حسەین کوڕى عەلى رەمزى شۆڕش و روبەڕوبونەوەیە، بەڵام ئیمام حەسەن کوڕى عەلى رەمزى ئاشتەوایی رێککەوتنە، ئیمام حەسەن کاتێک بینى روبەڕوبونەوى معاویە بەرژەوەندیی تێدا نیە، لەگەڵ معاویە ریککەوت، بەڵام ئیمام حسەین لەبەرامبەر یەزید وەستایەوە تاخۆى و ماڵ و منداڵى شەهید بون.

شرۆڤەکاران ئەو تویتەى خامەنەئیان وەک کۆدى بانگەواز بۆ ئاشتى و ئامادەیی رێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا لێکدایەوە، چەند ساڵ پێشتر خامەنەئیی هەمان کۆدى ئیمام حەسەنى وەک رەمزى ئاشتى بەکارهێنابو، پاشتر رێککەوتنى ئەتۆمى بەدوادا هات کە خەڵکى ئێران زۆر پێى دڵخۆش بون، کۆدەکەى خامەنەیی وەک دوا هەمین بڕیاردەر لە سیاسەتى وڵات، بۆ ناوخۆ وەک گڵۆپى سەوز و بۆ دەرەوەش وەک مەسج دەبینرێت.

2- هەڵبژاردنى مستەفا کازمى وەک سەرۆک وەزیرانى عێراق، ئەگەرچى کازمى وەک سیاسیەک لەسەر ئەمەریکا هەژماردەکرێت، بەڵام لە دانانەکەیدا بەپێچەوانەى کاندیدەکانى تر جۆرە هاودەنگیەکى لەسەر بو، بەپێى زانیاریەکان ئێران بەدانانى نەک هەر رازى بوە، بەڵکو لە پەرلەماندا لۆبیشى بۆ کردوە و داواى لە هێزەکانى نزیک لە خۆشى کردوە دەنگى پێبدەن، هەربۆیە کازمى بەدەر لەهەمو کاندیدەکانى تر پۆستەکەى وەرگرت و دەنگى زۆرینەشى هێنا.

3- ئازادکردنى چەند کەسی دەستگیرکراوى ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە لە چەند رۆژى رابردودا، گرنگترینیان زاناى بەناوبانگ سیروس عەسکەرى کە ماوەیەکى زۆرە سەرەڕاى سەلماندنى بێتاوانیەکەى لەلایەن دادگاى ئەمەریکاوە تا چەند رۆژى پێشتر هەر دەستبەسەر بو، بەڵام رۆژى یەکشەمە جواد زەریف ئازادبونى راگەیاند.

4- بەپێى ئەو هەڕەشانە بێت پاش کوژرانى قاسم سولەیمانى ئێران ئاڕاستەى ئەمەریکاى کرد، دەبوا لە ئێستادا بەرەى ململانێى ئەمەریکا و ئێران زۆر گەرم و پڕ روداو بوایە، بەڵام لە ئێستادا بەتەواوى ساردبونەوە لەم بەرەیەدا دەبینرێت.

هۆکارەکان:
دەکرێت قۆناغى پەتاى کۆرۆنا بە یەکێک لە راستەوخۆترین هۆکارەکان دیارى بکەین بۆ ساردبونەوەى توندیەکانى نێوان ئەمەریکا و ئێران، لەپاش هێرشى سەرباڵیۆزخانەى ئەمەریکا و پاشان کوژرانى قاسمى سولەیمانى.

پەتاى کۆرۆنا لێدانێکى گەورەى بەهەردو وڵات گەیاندوە، بەتایبەت ئێران کە بەرگەى کارەساتێکى لەم شێوەیە ناگرێت و ئەمەریکاش لەگەڵ ئەوەى هەرگیز ئەوەى بە پێویست نەزانیوە ئێران بەتەواوى لەناوبەرێت، ئەوا پێدەچێت هاتنى کۆرۆناش هۆکارێکى یارمەتیدەر بوبێت بۆ ئەوەى ئامانجى فشارەکانى ئەمەریکا لەسەر ئەم وڵاتە بۆ ملکەچکردن زوتر بەروبومەکەى هاتبێتە بەرهەم .

سیاسەتى دۆناڵد ترەمپ لە فشار و دژایەتیکردنى هەر وڵاتێک ئامانجەکەى ناچارکردنیەتى بە رێککەوتن، واتە بە پێچەوانەى ئۆباما، هەرگیز ترەمپ نەیویستوە لە رێگەى نەرمى نواندنەوە زەمینەى گفتوگۆ ئامادە بکات، بەڵکو لە رێگەى فشار و زۆرو هەڕەشەوە ئەوە دەکات، راستیش ئەوەیە ئەم سیاسەتەى دۆناڵد ترەمپ زیاتر لە سیاسەتە نەرم و ئاشتیخوازانەکەى ئۆباما بەروبومى هەبوە، خۆ ئەگەر کۆرۆنا نەبوایە ئەم سیاسەتى قامچیەى ترەمپ کاریگەرى زیاترى لەسەر جیهان بەجێدەهێشت.

ئێران خۆى باش دەزانێت ناتوانێت بچێتە هیچ جۆرە جەنگێکەوە لەگەڵ ئەمەریکا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نایەوێت وەک پێشەواى بەرەى مقاوەمە ئەو رۆڵە بەئاسانى لەدەستبدات، بێگومان ئەو قۆناغەش هەر دەهات کە ئێران واز لەم پێشەوایەتیە بهێنێت، لانى کەم بەوشێوەیەى ئەمەریکا پێى رازى نەبون و پیى قەڵس بون، بۆیە لە ئێستادا هاتنى کۆرۆنا و بونى دۆناڵد ترەمپ بەسەر سیاسەتى ئەمەریکاوە و دەرکەوتنى خاڵە لاوازەکانى ئێران و لەهەمانکاتدا سەرقاڵبونى جیهان بە کۆرۆنا وەک قۆناغێکى نوێ و لەپاڵیشیا دوچاربونى ئەمەریکا بە هەمان کێشە و هاتنە پێشەوەى چین بۆ سەرى سەرەوەى لیستى نەیارەکانى ئەمەریکا، هەمو ئەمانە پێدەچێت زەمینەى لێکنزیکبونەوەى ئێران و ئەمەریکاى باشتر رەخساندبێت.

لە ئێستادا دوژمنى یەکەمى ئەمەریکیەکان و دۆناڵد ترەمپ تەنها چینە، وەک سەرچاوەى یەکەمى ڤایرۆسەکە، بۆ بردنەوەى هەڵبژاردنەکانى داهاتوش دۆناڵد ترەمپ پێویستى بە دژایەتى کردنى هیچ وڵاتێک دیکە نیە (چین) نەبێت، بۆیە ئێستا چین و کۆرۆنا بون بە چەقى بزواندنى هەڵبژاردنەکانى ئەمەریکا و ئێران لە لیستەکەدا کەمێک پاشەکشەى کردوە.   

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن