449وتار

بەغدا لە ئێوەوە دور نیە

11/7/2019 1:33:00 PM
عەبدوڵا ڕێشاوی

دەگێڕنەوە یەکێک لە پەیامبەران داوا لە خودا دەکات چەند رۆژێک بەر لەوەى رۆحى بکێشێت ئاگادارى بکاتەوە تا خۆى بۆ مەرگ ئامادە بکات. خوداش بەڵێنى پێدەدات داواکەى جێبەجێبکات.

رۆژى رۆحکێشانى دێت و فریشتەى رۆحکێشان دێتە سەرى ئەویش سەرى دەسوڕمێ کە ئاگادارنەکراوەتەوە لەکاتیکدا ئەو بەڵێنى لە خودا وەرگرتوە.

بە رەخنە و گازەندەوە دەڵێت: بەڵێن بو بەر لەمەرگم خودا ئاگادارم بکاتەوە؟! فریشتەى رۆحکێشان وەڵامى دەداتەوە: بەڵام خودا بەڵێنى خۆى جێبەجێکردوە و پێشتر چەند جارێک ئاگادارى کردویتەوە.

ئەو دەپرسێت: چۆن؟
فریشتەى رۆحکیشان دەڵێت: دراوسێى لاى چەپت مرد، پاشان دراوسێی لاى راستت مرد، پاشان لاى سەروتەوە دراوسێیەکت و لاى خوارویشتەوە دراوسێیەکت مرد، ئەمانە هەموى ئاگادر کردنەوە بون بۆتۆ، بەڵام تۆ لەم ئاگادار کردنەوانە هیچى تێنەگەشتى.

 بۆیە خودا بەڵینى خۆى جێبەجێکردوە و تۆش ئێستا وادەى رۆح کیشانتە و ئامادەبە بۆ مردن.

ئەم چیرۆکە رەمزیە بەتەنها دینى نییە و لە روى سیاسیشەوە عیبرەتێکى گەورەى تیایە.

نەوشیروان مستەفا ئەمین وەک یەکێک لەو کەسانەى داواى چاکسازى لە هەرێمدا دەکرد، ئەم نمونەیەى سەرەوەى بۆ تێگەیشتن لە زەرورەتى چاکسازى لە هەرێمدا لەپاش روداوەکانى بەهارى عەرەبی دەگێرێتەوە.

نەوشیروان مستەفا لەسەروبەندى ئەو خۆپیشاندانانەدا و لە دیدارێکى تەلەفزیۆنیدا وتى: دەبێت کەوتنى ئەو هەمو رژێمە سیاسیە لە دەوروبەرمان پەیامیک بێت بۆ کورد و سەرکردایەتیە سیاسیەکەى تا لەوە تێبگەین کە ئەگەر چاکسازى نەکەین ئێمەش بەهەمان دەردى وڵاتانى دیکەى ناوچەکە دەڕۆین، بۆیە ئەوەى لەمیسر و تونس و لیبیا و سوریا و یەمەن رودەدات پەیامە بۆ ئێمە تا بکەوینە خۆمان و دەست بەچاکسازى بکەین بەر لەوەى باهۆزەکە بگاتە لاى ئیمەش.

ئەم وانەیە جارێکى تر لە گەڵ هەڵکردنى باهۆزى دوەمى خۆپیشاندانەکانى ناوچەکە لە لوبنان و عێراق بەتایبەتى، ئەبێتە وانەیەکى نزیک و دوبارە بۆ تێگەیشتن لە پێویستى ئەنجامدانى چاکسازى لە هەریمى کوردستان.

ئێستاش کە لە بەغدا باهۆزى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى جەماوریی هەڵیکردوە دەبێت بڵێین "بەغدا زۆر لە ئێوەوە دور نیە" رێک وەک ئەو ئایەتەى قورئانى پیرۆز لەسورەتى هود ئایەتى (89) کە دەفەرموێت: 

واتە ئەى گەلەکەم وا بیرنەکەنەوە ئەوەى بەسەر گەلى نوح و هود و ساڵحدا هات بەسەر ئێوەدا نایەت، خۆ بێگومان گەلى لوطیش لە ئێوەوە دورنین".

بیگومان بەغدا هەروەک چۆن لە روى جوگرافیەوە لە ئێمەوە نزیکە، بەهەمان شێوە لە روى سیاسى و جەماوری و سروشتى دام و دەزگا و کێشەکانى گەندەڵى و جیاوازیی کۆمەڵایەتى و جیاوازى موچە و  گلەیی و گازەندەکانى خەڵک و خراپى ژێرخانى دام و دەزگاکان و کاریگەریی وڵاتانى هەرێمایەتى، لەیەک نزیکین.

راستە هەندێک جیاوازیی هەیە و لەهەندێک روەوە ئێمە کێشەمان کەمترە لە ناوچەکانى دیکەى عێراق، بەڵام ئەوەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە بێ کێشەین، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە لە داهاتودا ئێمەش روبەروى کیشەى دیکە نەبینەوە.

ئەوەى لە بەغدا رودەدات دەبێت هاندەرێکى بەهێز بیت بۆ حوکمڕانانى هەرێم تا پڕۆسەى چاکسازى خێراتر و هەنگاوەکانى دروستکردنى دام و دەزگاى دەوڵەتیی تەندروست و بەهێز، پتەو تر بکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن