نەوشیروان مستەفا؛ مانیفێستى یەکسانیی نەتەوەیی
5/20/2020 4:05:00 PM
عەبدوڵا ڕێشاوی
یەکێک لە هەوڵەکانى نەوشیروان مستەفا ئەمین (1944-2017) لە درێژەى خەباتى سیاسی خۆیدا نیشاندانى هاوشانى و یەکسانى کورد بو بە نەتەوەکانى تر، ئەو لە زۆر جموجوڵ و بڕیارى سیاسیدا هەوڵى ئەدا ئەو پەیامە بە نەتەوەکانى دیکەى داگیرکەرى کوردستان، عەرەب فارس و تورک بگەیەنێت کە کورد وەک نەتەوەیەک هاوشانى ئێوەیە و مرۆڤى کورد هیچى لە مرۆڤەکانى دیکەى نەتەوە هاوسێکانى کەمتر نیە، ئەو لەمبارەیەوە نوسیویەتى: "بڕواى پتەوى ئێمە ئەوسا و ئێستاش ئەوەیە کورد برا بچوکى هیچ گەلێک نیە و هیچ شتێکى لە هیچ نەتەوەیەکى تر کەمتر نیە، هەر جۆرە برایەتى و هاوکاریەکیش باسی برا گەورە و برا بچوکى تیا کرا، برایەتى نیە، بەڵکو کۆیلایەتى و سوکایەتى پێکردنە."
لە روى هزر و سیاسەتەوە، بە پراکتیک و بە تیۆر، نەوشیروان مستەفا دەیوست ئەم هاوتایی و یەکسانیە بسەلمێنێت، دەیویست نرخ و بەهاى مرۆڤى کورد بخاتە مێشکى چ رۆڵەکانى کورد خۆیانەوە چ نەیار و دوژمنەکانى کورد، چونکە ئەوە تەنها دوژمنەکان نەبون کە ئینسانى کوردیان بە کەمتر دەبینى، بەڵکو مرۆڤى کورد خۆشى لە ئەنجامى ئەو شکستە یەک لەدواى یەکەى بەرامبەر نەتەوەکانى دیکە لە خەباتى رزگاریدا توشى ببو، ئەم هەستى خۆ بە کەمتر زانینە کەوتبویە نەستیەوە و هەمیشە بەرامبەر ئەوانى تر خۆى بەکەمتر دەبینى.
یەکێک لەو شتانەش واى لەم سەرکردەیە کردبو بە گەنجى بەغیرەت و ئازاى کورد بەتایبەت لە پاش راپەرین دڵ خۆش بێت، هاتنەدى ئەو خەونەى ناخى بو لەو گەنجانەدا، ئەو پێىوابو دەبێت نەوەى دوەم کە خۆى لە چالاکوان و رۆژنامەنوس و رەخنەگرانى دەسەڵاتى کوردیدا دەبینێتەوە دەبێت ئازاو رچەشکێن و چاونەترس و رەخنەگربن ئەمە وادەکات مرۆڤى کورد لەو هەستى خۆ بەکەم زانینە لەسەر ئاستى مێژو و جیهاندا رزگارى ببێت.
لەپاڵ هەمو رەخنەکان لە جوڵانەوەکانى نەتەوەکەى لە بەدەستنەهێنانى دەوڵەتى سەربەخۆ، نەوشیروان مستەفا چەندین لایەنى دیکەى پۆزەتیف و خاڵى هێزى کورد لە نوسینەکانیدا باس دەکات وەک خەباتى قەومى و ئیرادەى سەربەخۆ خوازى وەک گەلانى تر، بەڵام زۆر هۆکارى بابەتى هەن کە رێگە بە سەروەربونى ئەم نەتەوەیە نادەن.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤارى رۆشنگەریی ژمارە (9)ى ساڵى (2000) نەوشیروان مستەفا زۆر بە زانستى و بەڵگەیی مێژوی خەباتى کورد بۆ سەربەخۆیی وەک هەمو گەلانى تر ئاماژە پێدەدات و ئەوە نیشاندەدات کورد هیچى لە گەلانى تر کەمترى نەکردوە لە خەبات بۆ رزگارى و سەربەخۆیی.
"روفاتى ئەنفالەکانمان بەرەوە"
ئەو روداوە بەناوبانگەى نەوشیروان مستەفا لەکاتى کۆبونەوەى وەفدى کورد لەگەڵ دیکتاتۆرى پێشوى عێراق سەدام حسێن کە داواى روفاتى ئەنفالەکانى لێدەکات لە برى وەرگرتنى دەمانچەیەک کە سەدام بە دیاریى بە ئەندامانى وەفدەکەى دەدا، یەکێکە لە وێستگەکانى مانیفێست کردنى ئەو نرخ و بەها مەعنەویەى ئینسانى کورد لەبەر چاوى دوژمنەکانى، لەوانەیە کاتێک نەوشیروان مستەفا داوایەکى لەو شێوەیە ئاڕاستەى سەدام حسێن دەکات تارادەیەکى زانیبێتى ئەو داوایە قبوڵناکرێت، بەڵام ئەوە خۆى لە خۆیدا پەیامێکە بۆ جەللاد کە قوربانیەکە نرخى خۆى هەیە و ئێمە دەستبەردارى نابین، بەدڵنیاییەوە ئەو پەیامە بەباشى گەیشتوەتە سەدام حسێن.
دەستوەردانى دەوڵەتانى دراوسێ لە کوردستان و پاشان لە کاروبارى هەرێمى کوردستان یەکێکە لەو شکستە گەورانەى بزوتنەوەى رزگاریخوازى گەلى کورد دوچارى بوەتەوە، هەمیشە ئەو دەوڵەتانە دەستوەردانیان لە کاروبارى هەرێم کردوە لە رێگەى پارتە سیاسیەکانەوە، مجامەلەیان کردون، پەیوەندى سیاسى و ئەمنى و دارایی و کلتورى و زانستیان لەگەڵ ئەنجامداون بە مەبەستى دەستوەردان نەک دۆستایەتى بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە زۆربەى ئەو پەیوەندیانە لە رێگەى حیزبەکان و کەسایەتیەکانەوەیە نەک حکومەتى هەرێمى کوردستان.
یەکێک لەو بابەتانەى نەوشیروان مستەفا هەوڵی دەدا بیگۆڕێت، ئەم نەریتە خراپە بو هەر بۆیە لە پاش راگەیاندنى جوڵانەوە نوێکەى لە (2009) هەمو جۆرە پەیوەندیەکى فەرمى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ تا ئەوەندەى بۆى کرابێت رەتکردوەتەوە، یەکێک لەو رەخنانەش لە ناو جوڵانەوەکەدا لێى دەگیرا ئەمە بو کە دروستنەکردنى پەیوەندى حیزبى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ لەکاتێکدا حیزبەکانى تر هەیانە سیاسەتێکى خراپە و بەزیانى جوڵانەوەکەى دەشکێتەوە، بەڵام ئەو ملى بۆ ئەو رەخنانە نەدا، چونکە دەیویست ئەو پرنسیپە بچەسپینێت کە نەتەوەکانى دیکە بە شێوەى فەرمى مامەڵە لەگەڵ هەرێمى کوردستان بکەن نەک بە شێوەى ئەمنى و حیزبی و کەسی و بۆ بەکارهێنان، ئەو دەیزانى وڵاتان بەم هەنگاوەیان بێڕێزى بە دامودەزگا فەرمیەکان دەکەن و هێشتا کورد وەک کۆمەڵە پارتێکى چەکدار دەبینن نەک نەتەوەیەکى خاوەن کیان، بێگومان بۆ چەسپاندنى ئەمەش باجى دا و وەک دانپیانەنانى بە بەدیل لەناوچەى جێنفوزی خۆیدا بەهۆى ئەوەى ئامادە نەبو ئەوە بکات بۆ دەوڵەتانى هەرێمیی، کە ئەوانى تر ئامادەبون بیکەن.
نەوشیروان مستەفا پێوابو دەبێت پەرلەمان تەحریمى عیلاقاتى حیزبەکان لەگەڵ وڵاتانى دەرەوە بکات و عیلاقات تەنها لەرێگەى دام و دەزگا فەرمیەکانەوە بێت، بەڵام ئەم خواستەشى وەک زۆر خواستى ترى بنەڕەتى بۆ تۆکمەکردنى دام و دەزگاى دەوڵەتى لە هەرێمى کوردستاندا ناکام مایەوە و پەرلەمان ئیستاش و ئەوساش نەیتوانى ئەو هەنگاوە بنەڕەتیانە بنێت.
لەسەروبەندى دانانى پارێزگارى سلێمانى لەپاش هەڵبژاردنەکانى (2013) کە ئێران دەستوەردانى لەو پرسەدا کردبو، خۆى بۆی گێڕامەوە وتى: "بە ئیرانیەکانم وتوە کەى ئێمە دەستوەردانمان کرد لەدانانى پارێزگارى سنە، ئێوەش دەستوەردان بکەن لە دانانى پارێزگارى سلێمانى" ئەم جۆرە هەڵوێستانە و رەتکردنەوەى چەندین دەعوەتنامەى کەسیى بۆ تاران و ئەنکەرە و هەروەها رەتکردنەوەى بانگهێشتى کردنەوەى گەورەترین نوسینگەى پەیوەندى لە ئەنکەرەو تاران دەرخەرى ئەوەن کە نەوشیروان مستەفا هەمیشە ویستویەتى ئینسانى کورد لە تەبەعیەتى ئەوانى تر رزگار بکات و میللەتەکە لەسەر پێى خۆى بوەستێت.