525وتار

پرۆژەی بونیادنانی دەوڵەت چۆنە؟

3/4/2019 10:03:00 AM
داهێن هاشم

گۆڕان روخێنەرە یان بونیاد نەر؟

بزوتنەوەی گۆڕان، سەرچاوەكەی فكری سیاسی نەوشیروان مستەفایە ،فكری سیاسی نەوشیروان مستەفا ستراتیژی دامەزراندنی دەوڵەتێكی نەتەوەیی هاوچەرخە، بەڵام لەكوێدا دەیویست ئەم فكروتێكۆشانە سیاسیە پراكتیزەبكات؟ بێگومان لەناو ئاگردا، ئاگری چواردەوڵەتی نەژاد جیاوازی دژ بەهیواو ئامانجەكانی كورد،چوار دەوڵەتی بەهێز لەرووی سیاسی و ئابوری وسەربازیەوە،لەجیۆپۆلەتیكێكی سیاسی نەگونجاو، لەناو گەلێكی دابەشكراوی و پەرتەوازە .


خەونی راستەقینەی نەوشیروان مستەفا، بونی دەوڵەتێكی كوردی یەكگرتوو بوو ،بەڵام ئەو بەهیچ جۆرێك بانگەشەی بۆ نەدەكرد، بەڵكو لەسەر ئەرزی واقع كاری بۆئەكرد و لەپێناویدا تێكۆشا ،جگە لەنالەباری دۆخی سیاسی كوردستان،بەداخەوەتەمەنی مرۆڤیش لەناو واقعێكی ئاوا تاڵ و بۆ هیوایەكی وا گەورە بەش ناكات.


دەرفەتنیە ،مێژوو ئەوە ئەنوسێت ،سەنتەرەكانی لێكۆلینەوە رۆژگارێك ئەچنەوە سەرەتاكانی دەستپێكردنی قۆناغەكانی راپەڕین و بەرلەراپەڕین كە نەوشیروان مستەفا چیكردوە و چۆن سەرەتاكانی بۆ خەباتی نەتەوەیی دەستپكردوە، بێگومان ئامانجە حەقیقیەكە لای ئەو تەنها روخانی رژێمێكی داگیركەر نەبوو بۆئەوەی شوێنی بگرنەوەو دەسەڵاتێكی وێرانكەر بگۆرن بەدەسەڵاتێكی تری هاوشێوە ،بەجیاوازی زمان و هەندێك شتی شكلی، ئەم جۆرە گۆرینە لای ئەو رەتكراوە بوو ئەگەرچی خەونی زۆربەی زۆری ئەو سەركردانەی تر بوو كەبەشداربوون لەشۆرشداو هەندێكیان هەمان نەهجی پێشخۆیان لەدەسەڵاتدا لەزەمەن و شوێنی جیاواز دوبارەكردەوە، بەڵام ئەو جیاواز لەوان هەر وەك خەباتگێرێك و چاودێر بەسەر بەرهەمەكانی شۆڕشەوە مایەوە، نەوشیروان مستەفا،بیرۆكەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حكومەتی خۆبەریوەبەری پێشنیاركرد،لەخولی یەكەمی پەرلەماندا ،پێشنیاری ئەوەیكرد،یەكێتی ببێتە ئۆپۆزسیون و دەسەڵات لای پارتی بێت، تابنەماكانی دیموكراسی جێگیربێ، ئەو پێشنیاریكرد مامەڵەكردن لەو كاتە بەدراوی عێراقی رابگیرێت و بەمەش ئەتوانرا فشاری ئابوری بەهێزبخەنەسەر حكومەتی بەعس، زۆر لەمانە سەرەتاكانی فكری چەسپاندنی دەوڵەت و چاكسازی و دیموكراسی بوون، بەڵام ئەو لەگەڵ هێز گەلێكدا مامەڵەی ئەكرد، وشەی چاكسازییان بەچەقۆی برینی ملی خۆیان ئەزانی، ئەم ململانێیەی ئەو لەناوەوە تا ساڵی 2003درێژەی كێشا،تا ئەو كاتەی مافەكانی كورد لەدەستوری عێراق جێگیركرا.

گۆڕان قۆناغێكی تازەی خەباتی ئەو لەپێناو ئامانجە گەورەكە، كێ هەیە نەزانێ هەر لەسەرەتایی دامەزراندنی گۆڕانەوە، نەوشیروان مستەفا لەرێگەی بزوتنەوەكەیەوە داوای ئەم خاڵانەیكردوە، كە دووپاتكردنەوەی هەمان ئەو بۆچونانەی بوو كە لەناو یەكێتیدا هەیبوو، بەڵام لەوێ رێگری هەبوو،لێرە بەبژاردەیەكی سیاسی جێی دڵخوازی خۆی خەباتی بۆ ئەكرد.


ـ یەكخستنی هێزی پێشمەرگەو دامەزراندنی سوپایەكی نیشتیمانی. 


ـ دامەزراندنی دیبلۆماسیەتی نیشتیمانی، داخستنی نوێنەرایەتی حزبەكان لەدەرەوەی هەرێم. 


ــ دامەزراندنی زانكۆی نیشتیمانی، كە نەوەكانی هەموو شار و ناوچەكانی كوردستان تێدا بخوێنن و كۆتاییهێنان بەكردنەوەی زانكۆی لاوەكی لەهەموو ناوچەكان، ئامانج لەوە یەكخستنی زمان و تێكەڵاوی كلتوری بەهێزكردنی روحی نیشتیمانیە.


ــ گۆرینی سیستەمی حكومرانی لەهەرێم، لەسەرۆكایەتیەوە بۆ پەرلەمانی،بۆ ئەوەی هیچ هێزێك،هیچ كەسێك و هیچ بنەماڵەیەك نەتوانێ قۆرغی دەسەڵاتی هەتا هەتایی بكات.


ــ بەدامەزراوەیكردنی گفتوگۆی كوردی ـ عێراقی بۆ ئەوەی هەموو لایەك بەشداربێ لەسەركەوتن و شكستی دارشتنی سیاسەتی هەرێم.


ــ بەدیهێنانی دادی كۆمەڵایەتی و شەفافیەت لەسەرچاوەكانی داهات.


ـ بەنیشتیمانیكردنی سەرچاوەكانی داهات و وەبەرهێنانی نیشتیمانی.


ــ بەستنەوەی شارەكانی كوردستان بەشا رێگای ستراتیجی بۆ تێكەڵاوی زۆرتر و نەهێشتنی دابرانی نەتەوەیی.


ئەمانە هیوای نەوشیروان مستەفا و ئێستاش بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕانن،ئەمانە هەندێكن لەپایەكانی بونیادنانی دەوڵەت كە گۆڕان كاری بۆ ئەكات،هەر رێگریەك لەبەدیهێنانی ئەو ئامانجانە، هەر دژایەتیەك لەرێگەی ئەو ئامانجانە ، لەقازانجی نەیارانی كوردە و پشتیوانیكردنیشی بەشێكە لەخەباتی نەتەوەیی ، ئەوانەی لەناوەوە دژی ئەم پڕۆژە نیشتیمانیەن لەبەر ئەوەنیە، كە بەدیلی باشتریان هەبێ، بەڵكو لەبەر ئەوەیە پڕۆژەكەی گۆڕان خەونی بچوكی ئەوان لەبار ئەبات .


رەنگە كەسانێك پێیان وابێ بەجێهێنانی ئەم ئامانجانە كارێكی قورسە، راستی ئەو واقعەی نەوشیروان مستەفای تیاژیا ئەو ژینگە سیاسیەی ئەوی تیاژیا ئێستاش هەمان ژینگەیە،جیاوازیەكە ئەوەیە ئێستا ئەو لەژیاندانیە بەبێ ترس هێزیتریش بڕوا بەو بنەمایانە ئەهێنن و كاری بۆ ئەكەن، گرنگ ئەوەیە بێنەدی گرنگ ئەوەیە كوردستان بەكەناری ئارامی بگات و پایەكانی دامەزراندنی دەوڵەت ئیتر دیواری سەربەخۆی لەسەر هەڵچنرێ،ئیتر كێ دەیكات گرفت نیە، ئێستا گۆڕان هێزێكی بونیادنەرەو لەئێستاشەوە كار بە بەرنامەكەی بكرێت درەنگ نیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن