925وتار

گۆڕان و قینی سیاسی

7/22/2020 10:21:00 AM
داهێن هاشم


کار وجوڵانەوە سیاسیەکان بریتین لە کۆمەڵێک بۆچون و ئاراستە و ئاکارو پێوەری پەیوەست بە تاک وپەیوەندی بە دەسەڵاتی سیاسیەوە.

جوڵانەوە سیاسیەکان، هۆکارێکی گرنگی یەکخستنی بیروباوەرە  وەک یەک یان نزیک لەیەکەکانە بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی رون و چەسپاندنی بەرنامە سیاسیەکان لەدەسەڵات  ، بەریگای رەوا و دورلە بەکارهێنانی هەموو  هۆکارەکان تەنها بۆ  دەستگرتن بەسەردەسەڵاتدا .

 بۆنەیەکی باشە لەباڕەی شتێکەوە قسەبکەین کە بۆتە گرفتێکی گەورە لەناو سیاسەتی جوڵانەوە سیاسیە کوردیەکاندا ئەویش؛ قین یان بوغزی سیاسیە.

بونیادنان و بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات لەسەربنەمایی دروستکردنی قین و بوغزی سیاسی دەرەنجامێکی وێرانکەر و دارماوی هەیە، هەمیشە چەکێکە بۆئەوەی  خەڵکی پێچەواشە بکرێت، نەیار و ململانێ کەرەکانتی پێبشکێنی، بەڵام هەرگیز ئەو هێزەی لەسەر بنەمایی پەرەپیدانی رق وقینە دروست ئەبێ و درێژە بەمانەوەی خۆی ئەدات ناتوانێ تەمەنێکی درێژ و لەدۆخی ئاسایدا بگوزەرێ ، رق و بوغزی سیاسی هەڵچونێکی کاتیە و هەمیشە ئەگەری هەڵگەڕانەوەی بەرووی دروستکەرەکانیدا هەیە .

لە جوڵانەوە سیاسیەکانی کوردا، ململانێ حزبییەکان کەمی لەسەر رەخنەی عەقلانیەت و جدیەت لەپرۆژەی بەدیل دامەزراوە ،زۆربەی لەشەری یەکتر کوشتن و سرینەوە و سەرکوتکردن دەستپدەکات تا شکاندن و تۆمەت و ژەهری رق رشتن ،مێژووی نزیکی ناکۆکی هێزەکان دەرخەری ئەوراستییە ،کەهیچیان مۆدێڵێکی ژیانی سیاسی نوێیان بونیاد نەناوە ،بەڵکو بەردەوام کاریان لەسەرشکاندنی بەرامبەرەکانیانکردوە ، ئەم نەهجە لەکاړ توانای گەشەپیدان و پێشخستنی سیاسی نابێت ، خولانەوەیە لەبازنەی بەتاڵدا.

ئێستاش لەکوردستان تەوژمی چاندنی رق و بوغزی سیاسی لەهەموو کات زیاتر پەرەیپێدەرێت ،هەندێک لەهێزە سیاسیەکان دونیابینی سیاسیان تادێ بچوکتر دەبێتەوە و مەیدانی شەرەجنێوو ،تۆمەت و قسەی بێبەها فراوانتر دەکەن ،بەبروای من ئەوە دەلیلی شکستی حەتمی هێزەکانە.

هێزی سیاسی راستەقینەی خەڵک، جگە لەکارکردن بۆ هێنانەدی ئامانجە رونەکانی ئاور لەهاشوهوش ناداتەوەو نابێت بکەوێتە ژێرکاریگەری ئەو ریتمە سوکەی پشت ئەبەستێت بەدرۆ و شکاندن  ئەوەی پێی ئەوترێ  میدیای( سێبەری گروپ و دەستە حزبیەکان )کە بەداخەوە  بەپارە و بوجەی زەبەلاح ئاراستە ئەکرێ.

 ئەوەی ئێستا رودەدات لەهێرشی نارەواو بەرنامە بۆکێشراو بۆ لێدان لەهەموو ئەوریگایانەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەیگریتەبەر ، نابێ گۆڕان ناجار بەگرتنەبەری هەمان ریگا بکات، بەڵکو ئەبێ گۆڕان زۆر بەجدی بگەرێتەوە سەر بنەماکانی و کارکردن بۆ هێنانەدی دادی کۆمەڵایەتی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.

دوو ساڵی رابردوو، بەنەخشە و بە پارەی زۆر کاردەکرێت بۆلێدان لەم بزوتنەوەیەیی کە هەڵقوڵاوی خواست ویستی خەڵکە ،بەڵام کاریگەری ئەم رقە سیاسیەی دژ بەگۆڕان گیراوەتەبەر تادێ کاڵ ئەبێتەوە و بێگومان لەهەلومەرجی جێبەجێکردنی ئەو بەرنامە چاکسازی وسیاسەی کە بزوتنەوەی گۆڕان ، هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی دەنێ ئاسەواری ئەو رقە ئاراستەکراوە بەتەواوی کۆتایی دێت.
خەڵکی کوردستان، بەشێوەیەکی گشتی باجی رقی سەرۆک و حزب سەرکردەکانی ئەدەن ،رقی یەکتر شکاندن و پەنابردن بۆهەموو هۆکارەکان ،رقێک تا رادەی یەکترسرینەوە ، رقێک گەیشتۆتە ئاستی شێواندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی، هەموو ئەمانەش بۆتە هۆی داتەپینی ئابوری هەرێمی کوردستان و پەروێزخستنی سەروەری یاسا ،بەشی زۆری کێشانی ئەم تابلۆیە دەرەنجامی ئەو رق وبوغزە سیاسییە کە هێزە رکەبەرەکان نەخشاندویانە.

 دوایی تێپەربونی زیاتر لە دەیەیەک لەسەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان وەک چۆن زۆر پرەنسیپی ژیانی حزبی و سیاسی لەکوردستان گۆڕی ئەشبێت لەم بوارەدا، دەسپشخەربێت، سیاسەت دابماڵێ لەرق و قینە، لەناوخۆی و لەدەرەوەی خۆیدا، بەم دواییانە هەوڵەکانی ئەم بزوتنەوەیە جێگەی تێرامانە کە دەبینرێ هەوڵی جدی ئەدات بۆ نزیک بونەوە لەهێزە سیاسیەکانی کوردستان و لێک نزیکردنەوەی هێزە ناکۆکەکانیش ،لەدیدی گشتیدا ئەم سیاسەتە زیانی لەئاستی جەماوەری بزوتنەوەکەداوە ،بەڵام سەرەنجام بۆ خێری گشتی خەڵکە و راکێشانەوەی دەستی ئەوهێزانەیە کەئامادەبون بۆ مەرامە حزبیەکانی خۆیان کۆی ژیانی گشتی بشێوێنن ، کارکردنی کاربەدەستەکانی گۆڕان لەدامەزراوە دەوڵەتیەکانیش وەک دەبینرێ بەگیانی دور لەحزبایەتی شتێکی ئەزمون نەکراوە لەکوردستان و بەدڵنیایش کاریگەری گەورەیی هەیە لەگۆرینی سیستەمی بەریوەبردن.

گۆڕان، هێزیکی جەماوەری بەرفروانە ،لەمەیدانی سیاسیدا رۆڵی گرنگ و گەورەیگێراوە، لایەنی کەم شەری چەکداری گۆڕی بە گفتوگۆی سیاسی، جنێوی گۆڕی بەرەخنە ، تۆمەتی گۆڕی بەپرۆژە، پشتبەستن بە هێزی دەرەکیکرد بەشەرم و شورەیی ، ئەبێ رێبازە سیاسیە نیشتیمانیەکەی لەژێر کاریگەری رقی هیچ هێزو لایەنێکدا نەگەرێتەدواوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن