34 کوردستان

ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێم: بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم هەموو نەرمییەکی نواندووە

06:09 - 02/07/2025

زەمەن پرێس:
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم رایدەگەیەنێت، کە هەر پابەندییەک لە سەر هەرێمی کوردستان بووە، بەزیادەوە جێبەجێیکردووە و هەرێم هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان هەر دوو وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کە لە هەولێر و بەغداد، بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان ئەنجامدران، کە تایبەت بوون بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و بەدواداچوونی خەرجکردنی مووچەکانی هەردوو مانگی پێنج و شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیکردەوە، کە هەر پابەندییەک لە سەر هەرێمی کوردستان بووە، بەزیادەوە جێبەجێیکردووە و هەرێم هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
ئاماژەى بەوەشردوە، ئێستا هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی هاوکارییان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ نیشانداوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ئەویش لە پێناوی بڕینی هەموو ئەو پاساو و بیانووانەی کە بەغداد بەکاریهێناون بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی خەڵکی کوردستان.
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم رونیکردوەتەوە، کە ئێستا هەموو لایەک چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی فیدراڵ دەکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو لەیەکتێگەیشتنە هاوبەشانەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەنێوان هەردوولا بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان هاتووەتە ئاراوە.
ئەنجومەنى ویران جەختیشیکردوەتەوە، بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، هیچ بیانوویەک لە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ خەرجنەکردنی شایستە دارايیەکانی هەرێم نامێنێت بە تایبەتیش کە هەموو بابەتەکانی پەیوەندیدار بە لیستی مووچە و ژمارەی وەزیفیی و تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە و وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێم و بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم و ناردنی رێژەی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم جێبەجێکراون.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن