سيستەمی تەندروستی و دەرچوانی پزیشکی ۲٠۲٠
7/9/2020 3:11:00 PM
د. توانا قادر برایم
نازانم بڵێم پيرۆزە يان بەخۆتان خۆش؟
دوای دەرچوونی پۆلێکی تر لە هاوپيشە بەڕێزەکان بە سەرکەوتوويی دەبينم پيرۆزباييان لێ دەکرێ، بەس تێناگەم پيرۆزبايی لە چی؟ دوای بەلانی کەم ۱۸ ساڵ لە خوێندن و ماندووبون و شەونخونی بگرە لە سيستەمێکی وا کۆنی کلاسيکيش شوێنيان نابێتەوەو دەبێ يان لە ماڵەوە دانيشن، يان لە شوێنێک بە تکاو ڕجای زۆر وەک بەردەست بتوانن کار بکەن، يانيش دەبێ پەنا بۆ کارێک لە دەرەوەی پيشەکەی خۆيان ببەن بۆ بژێوی ژيانيان. هەموو ئەمانە ناکا مومارەسەی پيشەکەی خۆيان و زۆر جاريش ئەمە دەبێتە هۆی دابڕان لە پيشەکەی خۆيان لەلايەن زۆر لە دکتۆرە تازە پێگەيشتووەکان.
لێرە دەمەوێ تەنها ڕەخنە لە سيستەمەکەو حکومەت و ياسا کلاسيکيەکانی پەرلەمان نەگرم کە ئەوان هۆکاری يەکەمی بەرهەمهێنانی ئەو سيستەمە خراپەن. من پێم وايە ئێمەی دکتۆرو سەنديکاو زانکۆکانيش بەشێکين لە دروستبوونی سيستەمێکی ئاوا خراپ.
دکتۆری ددان هەيە لەيەک کاتدا ٥ تا ٦ بەرپرسيارێتی هەيە و زۆريش لای ئەسايەو هەموو حەقێکيش بەخۆی دەدا لەکاتێکدا بە سەدان هاوپيشەی خۆی بێ کارن. سەنديکا تا ئێستا نەيتوانيە تواناکانی چڕکاتەوەو تەنها ئەو ياسايە کۆنەی پەرلەمانيش بگۆڕێ و ڕێنمايی دروست دەربکا کە ئەوانەی ئێستا بە هيچ شێوەيەک لەگەڵ ئەو سەردەمەی ئێستا ناگونجێ. خۆپيشاندانێک لەبەر دەرگای سەنديکا بۆ دامەزراندن قووڵکردنەوەو بەردەوامی كێشەکانە چونکە ئەی دوای دامەزراندنی ئەو وەجبە پزیشکە چی دەکەی؟ زانکۆکانيشمان لەو پەڕی بێ پلانی ساڵانە دکتۆر دروست دەکەن بێ ئەوەی ئاگايان لەهيچ ڕێژەی پێويستی دکتۆر بێ لەناو کۆمەڵگا.
لەلايەکی ديکەوە ئەوەی دەيبينين لەکەرتی گشتی بەفيڕۆدانی بودجەيەکی زۆر بۆ کواليتيێکی خراپ کەزۆری خەڵک ناتوانن سوودمەندبن لێی. ئەوەی لە کەرتی تايبەتيش هەيە بەجۆرێک بێ سەروبەرە بگرە خۆشمان سەری لێدەرناکەين.
ڕێکخستنەوەو دروستکردنی سيستەمێکی نوێی پزيشکی ئاسان نيە بەڵام مەحاڵيش نيە. دەبێ پڕۆژەيەکی تۆکمە لەلايەن هەموو لايەنە پەيوەنديدارەکان ئامادە بکرێ و جێ بەجێ بکرێ.
تاکە هيواو تاکە چارەسەر گۆڕين و چاککردنی ڕيشەيی سيستەمی تەندروستيە بە تێکڕا، نەک بەس تەنها سيستەمی تەندروستی پزيشکی ددان.
لەکۆتايش بەناچارى هەر دەبێ بڵێين پيرۆزە و بەهيوای دوواڕۆژێکی پڕشنگدارو خزمەتی زۆرو باشی کۆمەڵگا.