شیوی زۆر کابانان، یان سوێرە یان بێ خوێیە!
12/2/2020 6:20:00 PM
د. توانا قادر برایم
ئەم ئیدیۆمەی سەرەوە، مەسەلەکی کوردی کۆنەو
بۆ هاوکێشە سیاسیەکەی ئەمڕۆی کوردستانی عێراق زۆر بەجێیە.
لە سیستەمی حوکمڕانی زۆر لە وڵاتە پێشکەوتوەکانی
جیهان، بەرامبەر حکومەتێکی تۆکمە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزیش هەیە. هەرێمی کوردستان،
نموونەیەکی زیندووی فەشەلی حوکومڕانی فیفتی بە فیفتی و حکومەتی بنکە فراوان و خاتر
خاترانێیە. ئەگەر چوار ساڵ جارێک، هەریەک لە حزبە دەسەڵاتدارەکان حوکم بکەن، بەمانای
کۆتایی دەسەڵاتی حزبەکەی تر نیە، بەڵکو زۆرجار دەبێتە گەورەبوون و بەهێزبوونی لایەنی
ئۆپۆزسیۆن، بە نموونە ململانێی کۆماریەکان و دیموکراتەکان، لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی
ئەمریکا.
ئەوەی ئێستا لای خۆمان دەگوزەرێ، هیچ
سوچێکی لە حکومڕانیەکی تەندرووست ناچێ. تا ئێستا ڕوون نیە کامەیان حوکمی ئەو وڵاتە
دەکاو کێ بەرپرسە لەو جۆرە حوکومڕانیە؟ هەریەکەیان پەنجەی تاوان بۆ ئەوەی تریان درێژ
دەکاو سەریان لەخۆیان و میللەتە ستەم دیدەکش شێواندوە.
جا ئەوەی باسمکرد دوو خوێندنەوەی جیاوازی
بۆ دەکرێ. یان ئەوەتا هەر بەڕاستی و لە واقعدا شتەکە وایە کە ئێمە دەیبینین، یان ئەوەتا
ژێربەژێر بە ڕێککەوتنی خۆیان ئەو دوو جەمسەرەیان دروستکردووە تا هەردوولا باشتری لێ
بخۆن.
تا ئێرە بەس نیە، ئێستا لەناو خودی لایەنەکانیش بووە بە چەند گروپێک، کە بەشێکیان لەناو حوکومەتەو
بەشەکەی تریشیان، لەگەڵ ئۆپۆسزیۆنە.
ئەو جۆرە لە حکومڕانی، جگە لە هەرێمی
کوردستانی عێراق، لەهیچ شوێنێکی دونیا بوونی نیە! شتێکە خۆمان بۆ خۆمانمان داهێناوەو
لەبەرژەوەندی کەمینەیەکی زۆر کەم و ماڵوێرانی و خەفەتباری بۆ زۆرینەی خەڵکی
کوردستانە.
ئەگەر نەزانین کابانی شیوەکە کێیە،
ناتوانین هەرکەسەو لێپێچینەوە لە لایەنەکانی خۆمان بکەین، کە دەنگمان پێداون. هەرلایەنەو
پەنجەی تاوان بۆ لایەنەکانی تر، بە دەنگدەرانی خۆی دەفرۆشێتەوە. تا ئەو جۆرە لە
حوکومڕانیە بەردەوام بێ، هیچ تروسکایەک بۆ باشبوونی دۆخەکە بەدی ناکرێ. هیچ ئاماژەیەکیش
بەدی ناکرێ بۆ گۆڕانکاری لەو جۆرە حوکومڕانیەو دەبێ تاڵی ئەو دۆخە بچێژین.