باشە چارە چیە، چی بکەين؟
6/17/2020 1:13:00 PM
د. توانا قادر برایم
ئێستاش درەنگ نيە ئەگەر ئيرادەی جددی هەبێ بۆ کۆنتڕۆل کردنی کۆرۆناو ئاسايی کردنەوەی هەنگاو بەهەنگاوی ژيان بەڕەچاوکردنی ئەو خاڵانەی خوارە:
۱- لەبری سستی دامودوزگا حکوميەکان، دەکرێ ئەم هەموو فەرمانگەو فەرمانبەرە زۆرەی حکومەت چالاک بکرێت بۆ نووسينەوەو ئامادەکردنی پڕۆتۆکۆلی تايبەت بۆ هەموو بوارەکانی ژيان.
۲-لەبری داخستن و پەکخستنی پەرلەمان، پێويستە ئێستا زۆرترين توێژينەوەو نووسينەوەی ڕێنمايی دروست و ياسا دەربکرێ و پەرلەمان چاودێری چڕی حکومەت لە جێبەجێ کردنیان بکات.
۳-لەبری داخستن و پەکخستنی ئەو هەموو زانکۆ و فەرمانگە ئەکاديميانە، دەکرێ بەکاربێن بۆ توێژينەوەی وورد لەبواری کۆرۆناو ببنە هاوکارەکی باشی حکومەت و پەرلەمان و خەڵک.
٤-لەبری بەکارهێنانی هێز بۆ تۆقينی خەڵک، یان لەبری داخستنی بازاڕەکان، دەکرێ ئەم هێزە بەکاربێ بۆ چاودێری و جێبەجێکردنی ڕێنماييەکان لە هەموو شوێنە گشتيەکانداو فێرکردنی کرداری تاک بە پابەندبوون.
٥-لەبری داخستنی شوێنە ئاينيەکان، دەکرێ بکرێن بە مينبەرێک (بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان) بۆ هۆشيارکردنەوەی تاک و پابەندبوون، بە حوکمی ئەوەی زۆرينەی کۆمەڵگا گوێڕايەلی و پابەندبونەکی زۆری بۆ مامۆستا ئاينيەکان و شوێنە ئاينيەکان هەيە.
٦-دەبێ زۆرترين ڕێنمايی لە بووارە جياجياکان بدرێ و هەر سلکێک ڕێنمايی تايبەت بەخۆی بۆ دەربکرێ، پابەندنەبوون بەو ڕێنماييانە دەبێ ببێتە هۆی داخستنی ئەو شوێنە.
۷-لە شوێنە گشتيەکان و بازاڕەکان و پارکەکان و گەڕەکەکان و کۆڵانەکان زۆرترين ریکلام بکرێت بۆ ئاگادارکردنەوەو بەئاگاهێنانەوەی بەردەوامی هاوڵاتيان لە ڕێنماييەکان.
۸-دابينکردنی بژێوی خەڵک و مووچەی تەواو و ئاسانکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ڕێگەپێدانی تەواوی خەڵک بۆ پەيداکردنی بژێوی، دەبێتە هۆی گەڕانەوەی متمانەو پابەندبوونی هاوڵاتيان.
۹-زيادکردن و باشترکردنی بنکە تەندروستيەکانی تايبەت بەو پەتايەو ئامادەباشی تەواو بۆ چاودێری و هاوکاری تەواوی تووشبوان بۆ بەرەنگاربوونەوە.
۱٠-لە کۆتايی سزای سەرپێچيکاران بەبێ جياوازی تاکە ڕێکارە بۆ پابەندبوون.
بە کورتی، داخستن و قەدەغە ڕاکردنە لە کێشەکە نەک چارەسەر. چارەسەريش بەس بە دوو ریکلام و چوار لێدوانی تەلەفزیۆنی ناکرێت، بەلکو دەبێ بە کرداری و مەيدانيش بەرەنگاری ئەو کێشەيە ببینەوە. ئەو بەرەنگاربوونەوەش تەنها بە کۆمەڵێک کەس و چەند کەسانێک ناکرێ، ئەگەر پێمانوابێ تەنها ئەرکی حکومەتە هەڵەين و ئەگەر پێمانوابێ تەنها ئەرکی هاوڵاتيە هەر هەڵەين. دەبێ تاک بە تاکی کۆمەڵگا لە هەر ئاستێک و بەرپرسيارەتيەک بێ هەست بەو بەرپرسيارەتيە بکات و پابەندبێ.