رۆڵی خوێندکاران لەناو جوڵانەوەی ١٧ی شوبات
2/19/2019 3:31:00 PM
دلێر عەبدولخالق
لەناو ئەو خۆپیشاندەرانەی لە جوڵانەوەی ١٧ی شوباتدا بەشێوەیەکی ئاشتیانە و دور لە توندوتیژی داوای چاکسازی و گۆڕانکاریان لە هەرێمی کوردستان دەکرد؛ خوێندکاران و قوتابیان هاوشانی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەی کوردی رۆڵێکی کاریگەریان بینی لە ناڕەزایەتی دەربڕین و بەرزکردنەوەی داخوازییەکانی خەڵک بە روی دەسەڵاتدا. لەو چوارچێوەیەدا چەندین گروپی فشار لە زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن پێکهاتن و وەک جۆرێک لە رێکخستنی نارێکخراوەیی رۆڵی دیاریان گێڕا و بزاوتی جوڵانەوەی خوێندکاریان لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی گەشاوەتر ئاراستەکرد.
لەدوای گەشانەوەی یەکەم پزیسکی خۆپیشاندانەکان کە لە دوانیوەڕۆی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ لە سەرای ئازادی سلێمانەوە بۆ بەردەم لقی چواری پارتی درێژبووەوە. بە ماوەیەکی کەم پێکهەڵپڕژان لەنێوان خۆپیشاندەران و پاسەوانانی ئەو بارەگا حیزبیە رویدا، لەوێ تراجیدیایەکی دڵتەزێن بە شەهیدبونی (رێژوان حاجی عەلی) و برینداربونی چەند خوپیشاندەرێک لەوانە (زمناکۆ رزگار) گڕی لە توڕەبونی خۆپیشاندەران بەردا. لەم هەلومەرجەدا، خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بەتایبەت کۆلێژی ئەندازیاری و پزیشکی وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە (١٩)ی شوباتدا چەند چالاکیەکی کاریگەریان لە زانکۆی سلێمانی بۆ پشتگیری شەقامی ناڕازیی ئەنجامدا.
فراوانبونی نیگەرانیەکان بەرامبەر دەسەڵاتی حیزبی و بەکارهێنانی چەک بەرەو روی خۆپیشاندەران لەناو خوێندکارانی زانکۆدا لەپەرەسەندندا بو، تائەوەی رۆژی یەکشەمە (٢٠ی شوباتی ٢٠١١) ژمارەیەک خوێندکاری قۆناغی سێیەمی بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بە بەیاننامەیەک "گروپی زانکۆ"یان راگەیاند، کە دواتر چەندین خوێندکاری چالاکی فاکەڵتی و بەشەکانی دیکەی زانکۆی سلێمانی لەناو گروپەکە جێیان گرت و توانیان بۆ نزیکەی سێ مانگ زانکۆی سلێمانی بکەنە بڵندگۆی پشتیوانیکردن لە خواست و داواکارییەکانی خەڵک و خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات. لەناو ئەم خەباتەی خوێندکاراندا، ژمارەیەک مامۆستای بە هەڵوێست و ژمارەیەک فەرمانبەری زانکۆکە بونە قەڵغانی پاراستن و بەهێزکردنی بزاوتی نیگەرانییەکانی خوێندکاران.
ئەو بایکۆت و چالاکی و خۆپیشاندان و هەڵمەتی ئیمزاکۆکردنەوەی خوێندکارانی ئەوکاتی زانکۆی سلێمانی ئەنجامیاندا؛ جگەلەوەی لەدوای راپەڕینی بەهاری (١٩٩١)ەوە لەناو ئەزمونی خوێندنی زانکۆکانی کوردستان کەم وێنە بو، هاوکاتیش بووە پشتیوانیەکی گەورە بۆ ناڕەزایەتییەکانی دەرەوەی زانکۆ و سەرای ئازادی سلێمانی و سەرای ئازادی شار و شارۆچکەکانی دیکە، هەربۆیە حکومەت و حیزبە دەسەڵاتدارەکان کەوتنە دۆخی ترس و خەوفێکی گەورەوە بەرامبەر ئەو ژمارە زۆرەی خوێندکارانی زانکۆ کە چاونەترسانە داوای دادگایکردنی تەقەکەرانی ١٧ی شوبات و هەڵگرتنی باری نائاسایی شارەکان و جێبەجێکردنی داخوازییەکانی خۆپیشاندەرانیان دەکرد.
کاریگەری جوڵانەوەی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی، جوگرافیای سلێمانی تێپەڕاند و لەزۆربەی ناوەندەکانی خوێندن بە تایبەت ئەو کۆلێژ و بەشانەی لە قەزاکانی دەوروبەر هەبون. بۆ وێنە زانکۆی کۆیە و دواتر جموجوڵەکان گەیشتنە زانکۆی سەڵاحەدین و چەند پەیمانگایەکی دیکە، هەربۆیە پارتی و رێکخراوی قوتابیان هەر زوو ترسیان لێ نیشت و رێیان لە جموجوڵەکانی خوێندکاران گرت و، خوێندنی زانکۆییان لەسەرتاسەری هەولێر راگرت و سەدان خوێندکاری سنوری سلێمانی کە ئەوکات لە زانکۆکانی سنوری هەولێر دەیانخوێند رێگەیان پێ نەدرا داخڵی "هەولێر" ببنەوە و بە قەولی قسەی خوێندکاران "سنورداشیان کردنەوە."
ئەوەی خاڵی سەرنجڕاکێشە لە مێژوی خۆپیشاندانەکانی زانکۆی سلێمانی، دوایئەوەی لە (٧/٣/٢٠١١) لەرێی راپرسیەوە "گروپی زانکۆ" بڕیاریدا چالاکیەکانی ناو زانکۆ بگوازرێنەوە بۆ سەر شەقامە سەرەکیەکان و دواتر تێکەڵی سەرای ئازادی سلێمانی بکرێن، چەندین رۆژ بە سەدان خوێندکار بە رێڕۆشتنی هێمنانە دروشم و داواکارییەکانی خۆیان بەرامبەر دەسەڵات بەرز کردەوە و تەنانەت پێهەڵپڕژانێکی بچوکیش لە نێوان هێزە چەکدارەکان و خوێندکاران رووی نەدا، ئەم تایبەتمەندییەش زیاتر لە ئاستی تێگەیشتن و بەرپرسیارێتی خوێندکارانی ناڕازییەوە سەرچاوەی گرتبو کە گوڵیان دەدایە دەستی هێزە ئەمنیەکان و داوایان لێ دەکردن رێز لە مافی خۆپیشاندەران بگرن و لولەی تفەنگەکانیان نەکەنە هاوڵاتی سیڤیل و شەقامی ناڕازی.
لەگەڵ تێکەڵبونی شەقامی زانستخوازی زانکۆی سلێمانی و بوونە بەشێک لەناو شەقامی نیگەرانی سەرای ئازادی، جۆش و خرۆش و ورە و خەبات وێنەیەکی دیکەی وەرگرت، مەگەر ئەو وێنەیە تەنیا ئەوانە بتوانن وەسفی بکەن کە لە سەرای ئازادییەوە چاوەڕێی خوێندکارانی زانکۆیان دەکرد، بەتایبەت کاتێک خەڵکی ناڕازیی و خوێندکارانی زانکۆ ئاوێتەی یەک دەبوون؛ ستەمی دەسەڵاتی کوردی دەگەیشتەوە یەک! لێرەوە، موزایکی نیگەرانییەکان رەنگێکی دیکە و هێزێکی دیکە و فشارێکی دیکەی دەخستە سەر دەسەڵات و شەقامەکانی شار پڕ دەبوون لەو دروشم و داواکارییانەی کە گوێچکەکانی دەسەڵاتیان تەواو وەڕس و جاڕس کردبو.
هەر بەهۆی کاریگەرییە بەردەوامەکانی ئەو بزاوتە فراوانە، یەکێتی لە (١٩ی نیسانی ٢٠١١)ەوە بڕیاریدا بە چەک روبەڕووی خۆپیشاندەران ببێتەوە و جگەلەوەی "سەرای ئازادی" کە وەک رەمزی خۆپیشاندانەکان سەیر دەکرا سوتێندرا، دەیان نوسەر و ئازادیخواز و چالاک و خۆپیشاندەر لە زیندانەکان توند کران، هاوکاتیش هەر ئەو رۆژە هێزێک پەلاماری زیاتر لە (٥٠٠) خوێندکارانیان دا کە بڕیاریاندابو بچنە بەردەم دادگای سلێمانی و، داوا لە دەسەڵاتی قەزا بکەن یاسا جێبەجێ بکەن و تەقەکاران و تاوانباران بدرێنە دادگا و ماف بۆ خاوەن ماف بگێڕنەوە، هەر لەو رۆژەدا ئەندامە کاریگەرەکانی گروپی زانکۆ و چەند مامۆستایەکی چالاک و نوسەر و رۆژنامەنوسی دیکە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیرکران و ئەشکەنجەی دەیان خوێندکاری دیکە درا.
هاوکاتیش هەر ئەو رۆژە هێزێکی دەمامکدار پەلاماری خۆپیشاندەرانی دیکەی زانکۆی سلێمانیان دا، کە بۆ پشتیوانی لە هاوڕێ دەستگیرکراوەکانیان هاتبونە سەر شەقامەکان، ئەو هێزە جگەلەوەی دەیان خوێندکاریان بریندار کرد، حەرەمی زانکۆیان بەزاند و بە نایاسایترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ خوێندکارانی ناڕازیی کرد و پێهەڵپڕژان و پێکدادان لەنێوان هەردوولا ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند، هەربەهۆی ئەو کاریگەری و فشارە بەردەوامەی خوێندکاران و خەڵکی ناڕازیی درەنگانی شەوی (١٩\٢٠/٤/٢٠١١) لیژنەی ئەمنی بڕیاریاندا مامۆستایان و چالاکەکانی خوێندکاران لە زیندانی دەزگای زانیاری ئازاد بکەن و خەیاڵیان وابو ئیتر خۆپیشاندان و چالاکییەکان لە زانکۆ دەستپێناکەنەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە دوای (٦٢) رۆژەکەی سەرای ئازادی، لە زانکۆ خۆپیشاندان و نیگەرانییەکان بۆ چەندین رۆژی دیکە درێژبووەوە و، خوێندکارانی ناڕازی بە گشتی چاونەترسیەکی گەورەیان بەرامبەر دەسەڵاتی چەکداری حیزب نیشاندا و، رێکخراوە خوێندکاریی و قوتابیەکانی خۆشیان لەناو خوێندکاران بەشێوەیەک لاواز بوون کە تا ئێستاش نەیانتوانیوە بە سەنگێکی مامناوەندیشەوە بگەڕێنەوە زانکۆ و پەیمانگاکان.
ئێستا و دوای تێپەڕبونی هەشت ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات و دروستبونی (گروپی زانکۆ) و چەندین گروپی دیکەی فشاری خوێندکاران؛ بایەخی ئەو گروپانە لەناو بزافی خوێندکارانی هەرێمی کوردستاندا و مێژوی خەباتی مەدەنی دیار و بەرچاوە، بەتایبەت لە دوای بیست ساڵ لە ئەزمونی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی بۆ یەکەمجار بو "زانکۆکان" لە دەرەوەی خواستی حیزب و رێکخراوەکانیان جوڵانەوەی ناڕەزایەتی پێکبهێنن و دژی دەسەڵاتی باو بوەستنەوە و پشتگیری لە خەڵک و خواستە رەواکانیان بکەن، هەربۆیە هەمو ئەو خوێندکارانی بەشداری ئەو چالاکیانەیان کرد مافی ئەوەیان هەیە شانازی بە خوێندن و ژیانی سیاسیی خۆیانەوە بکەن کە لە چرکەساتێکی مێژویدا بە رۆڵی گەنجانە و خوێندکارییانەی خۆیان هەستان و بونە کوتلەیەکی بەهێزی بەشەری کە دژی دەسەڵاتی سەرکوتکەر هاتنە دەنگ و پڕ بە گەروییان هاواریان کرد "کاتێک ژیانی خەڵک دەکەوێتە مەترسیەوە، پشتگیرکردن لە داواکانی کۆمەڵ دەبێتە ئەرک."