فۆکۆیاماو ترامپ ویەکێتی نیشتمانی کوردستان
12/7/2019 3:19:00 PM
د. دڵشاد عەبدولڕەحمان
لەسەروبەندی ھەڵبژاردنی ترامپ بەسەرۆکی ئەمەریکا، گەورە فەیلەسوفی ئەمریکی بەڕەچەڵەک یابانی، فرەنسیس فۆکۆیاما لەنوسێنێکدا وای دەربڕیوە کەتووشی شۆک بوەو وای پیشانداوە کە نیگەران بووە لەھەڵبژاردنی ترامپ، لەھەمان کاتیشدا لایەنێکی گەشی لەو ھەڵبژاردنەداخستۆتەڕوو کە ھێزی ترامپە لەوەرگرتنی بڕیارداو دەڵێ ئەمریکا بەھۆی بوونی دەستەی خاوەن بەرژەورندی جیاو دژ بەیەک لەناوەندی دەسەڵاتی ئەمەریکادا، دەوڵەت ئیفلیج بووەو دەڵێ ھەر دەستەوگروپێک کەیاسایەک یان بڕیارێک لەبەرژەوەندیان نەبێ ئەوا ڤیتۆ بەکاردێنن و بڕیارەکە شکست پێدێنن و ئەو دیاردەیە لەئەمریکا ناودەنێ ڤیتۆکراسی .
فۆکۆیاما پێی وایە کە ئەمریکا پێویستی بەسەرکردەیەکی بەھێزە تا وڵات لەو دۆخی بێ بڕیاریە ڕزگار بکات و ئەوەش لە ترامپ دا دەبینێتەوە.
لەڕوانگەی ئەو شیکردنەوەیەی فۆکۆیاما بۆ ئەو دیاردەیە، دەگەینە ئەو درەنجامەی کە ھەر دەوڵەتێک یان حزب و ڕێکخراوێک تەنانەت کۆمپانیاو دامەزراوەیەکیش کە گروپی خاوەن بەرژەوەندی جیاجیا کەوتنە ناوەندی بڕیارەکەیەوە، ئەوا وەرگرتنی بڕیار تیایاندا دەبێتە شێوە مەحاڵ و ئەو دەوڵەت و دامەزراوانە توشی ئیفلیج بوون دەبن .
ئەگەر ئەو چەمکەی سەرەوە بەسەر یەکێتی دا بگشتێنین دەتوانین بڵێین یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەدوای نەخۆش کەوتنی ڕەوانشاد “مام جەلال” ەوە بەھۆی بوونی گروپی خاوەن بەرژەوەندی جیاجیا لەناوەندی دەسەڵاتیدا، توشی ھەمان نەخۆشی ڤیتۆکراسی بووە کە فۆکۆیاما دەستنیشانی کردوە و بەوپێیەش چارەسەری یەکێتی گرتنی کۆنگرە و ھەڵبژاردنی سەرکردەیەک، یان سکرتێرێکی بەھێزە بۆ ڕزگارکردنی یەکێتی لەو دۆخە ئیفلیجیەی کەچەند ساڵێکە پێوەی دەناڵێنێ .
لەو ڕوانگەیەشەوە لەپێناو پاراستنی یەکێتی و گەڕانەوەی ھاوسەنگی ھێز بۆ کوردستان پێویستە کۆنگرە کۆتایی بە سازانی گروپە خاوەن بەرژەوەندیە جیاجیاکان بھێنێ، لەناوەندی ڕێبەرێتی ئەو حزبەو ڕێگاڕاست و دروستەکە ھەڵبژاردنی سکرتێر یان سەرکردەیەکی بەھێزە کەشەرعیەتی لەناو ئەندامانی کۆنگرەوە وەربگرێ و ئەودەم یەکێتی دەبێتەوە ھێزی خاوەن بڕیارو سەربەخۆیی خۆی و متمانەی جەماوەرو ئەندامانی بۆ دەگەڕێتەوە.
بەپێچەوانەش ئەگەر کۆنگرە تەنھا شەرعیەتدان بێ بەسازانی گروپە خاوەن بەرژەوەندیە جیاجیاکان ئەوا دۆخی یەکێتی دوای کۆنگرە کۆپیەکی دۆخی ئێستای دەبێ ئەگەر خراپتریش نەبێ.