کازمی و ھاوکازمیەکانی ھەرێم
8/4/2020 11:56:00 AM
د. دڵشاد عەبدولڕەحمان
ھەندێک وا وێنای
کازمی دەکەن کە گوایە دژی دەسەڵاتی ھەرێمەو یان لانیکەم دانووی لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکانی
ھەرێمدا ناکوڵێ.
ئامانج لەو وێناکردنە
بەپاڵەوانکردنی کازمیەو ڕاکێشانی سۆزی خەڵکی توڕەی ھەرێمە لە حزبەکانی دەسەڵات ، بۆ
بەرژەوەندی کازمی و ھاو کازمیەکانی ھەرێم .
بۆ بەرچاو ڕوونی
خەڵکی کوردستان ، پێویستە حەقیقەتی کازمی وەک خۆی کەھەیە نەک وەک ئەوەی ھەندێک پۆپۆلیست
، دەیانەوێ بەخەڵکی بناسێنن ، دەربکەوێ ، ھەتا بوار بۆ گەوجاندن و بەلاڕێدابردنی
ھاوڵاتیانی کوردستان نەھێڵرێت.
ڕاستە کازمی لە کوردستان
ژیاوەو لەگەڵ ئەمەریکایی و بەریتانیەکان و دکتۆر بەرھەم کاری کردوە، ڕاستە کازمی
بانگەشەی گەڕانەوەی شکۆ بۆ دامەزراوەحکومیەکان ئەکات ، ڕاستە کازمی چەند ھەنگاوێکی
شۆ ئامێزی پێشکەشی خەڵک کردوە ، وەک تەلەفۆنەکەی لەگەڵ عیمادی برای و پێشوازیکردنی
ئەومێردمناڵەی سوکایەتی پێکرا لەلایەن ھێزی پاراستنی یاساوەو ڕاستە عەبدولوەھاب
ساعیدی و وتەبێژی فەرمی فەرماندەیی گشتی ھێزە چەکدارەکانی گەڕاندەوە سەرپۆستەکانیان
و ڕاستیشە بکوژانی خۆپیشاندەرانی ئاشکراکردو دانی بەدادگا، ئەوانەو چەند ھەنگاوێکی
تریش کە بەکاری باش بۆکازمی دادەنرێن دواکاری باشیش ههروهها پێشوازی لەژمارەیەک
کچی ئێزیدی ڕزگاربوی دەستی داعش کرد .
لەبەرانبەر ئەوانەش
ھەر زوو ئەو چەکدارانەی حزبوڵای ئازاد کرد کەموشەکبارانی بنکەکانی ئەمەریکایان دەکرد.
سەرەڕای بەڵێنی بە دۆزینەوەی بکوژانی ھاوڕێ نزیک و ڕاوێژکارە ئەمنیەکەی، دکتۆر ھشام ھاشمی ، تائێستا نەک بکوژانی نەدۆزداونەتەوە،بەڵکو
لەوەدەچێ دیزەبەدەرخۆنەش کرابێ.
ئێستا بابپرسین
بزانین کازمی لەژێر عەبای ئیسلامی شیعی سیاسی دا ھەڵتۆقیوە یان لە دایک بووی جڤاتی
مەدەنی عێراقیە.؟
کازمی زاوای مەھدی
عەلاقە کە چەندین پۆستی گرنگی لەدوای ڕوخانی سەدامەوە لە حکومەتی نوێی عێراقدا لەسەر
پشکی حزبی دەعوە وەرگرتوەو برایەکی ئاوەڵزاوای حەیدەر عەبادیەو ھەرئەویش پۆستی سەرۆکی
موخابەراتی دایەو خۆشی کتێبی لەسەر ئیمامی عەلی نوسیوە .
بیریشمان نەچێ
کازمی لەسەردەمی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ٢٠١٩ دا سەرۆکی دەزگای موخابەراتی عێراقی
بوە و یەکەم کاریشی لەو دەزگایە ھەڵوەشاندنەوەی بەشی چاودێری ئێران بوە کە لەسەر دەستی
ئەمریکیەکان دامەزرابوو ، کەواتە کازمی لەژێر عەبای ئیسلامی شیعی سیاسیەوە سەری دەرھێناوە.
لەلایەکی ترەوە
، وێناکردنی کازمی کەگوایە ناکۆکی ھەیە لەگەڵ پارتی و یەکێتی و ئەم دوانە خۆشیان پێی
نایە ، وێناکردنێکی چەواشەکارانەیەو مەبەست لێی بەلاڕێدابردنی ھاوڵاتیانی کوردستانە،
چونکە کازمی و پارتی و یەکێتی سەبارەت بە ھەرێم و خەڵکی کوردستان ئاو دەکەنە یەک
ئاشەوە ، کەئەویش پاراستنی بەرژەوەندیەکانیانە . ھەموو بیرمانە ھەر کەناوی کازمی
ھات بۆ سەرۆک وەزیرانی ، یەکسەر پارتی و یەکێتی پشتگیری و پیرۆزباییان لێکردو ھەندێکیش
کەوتنە شانامە ھۆنینەوەو لە میدیا جیھانی ولۆکاڵیەکاندا، بەشان وباڵیاندا ھەڵدەدا
. دیسان لە بیرمانە کە کازمی بەبێ کێشە و مشتومڕ ئەو کەسانەی پاڵاوت بۆوەزارەتەکان
کە خواستی پارتی ویەکیێتی بوون .
دەرەنجام دەتوانین
بڵێین ، ڕەنگە کازمی لە سەرۆک وەزیرەکانی پیێشخۆی بۆ عێراق وخەڵکەکەی باشتربێ ، بەڵام
بۆخەڵکی کوردستان ، ئومێد لەسەر ھەڵچنینی لە سەرابێک زیاتر چیتر نیەو بەپاڵەوانکردنیشی
لەبەرژەوەندی مانەوەی دۆخی ئێستای ھەرێمەو وونکردنی ئاڕاستە ڕاستەکەی خەباتی مەدەنی
خەڵکی کوردستانە بۆدەربازبوون لەم دۆخە ، کە ئەویش ئاڕاستەی زیادکردنی فشاری مەدەنیە
بۆسەر دەسەڵاتی ھەرێم بۆ دەستکردن بە چاکسازیەکی حەقیقی لە کۆکردنەوەی داھاتو نەھێشتنی
بەھەدەردانی داھاتی کوردستانە، نەک دەسخەرۆکردنی خەڵکی ھەرێم بە بەتەماکردنیان بە
کازمی و ھاوکازمیەکانی ھەرێم.