دادپەروەری لەهەرێمی کوردستاندا
2/6/2019 6:02:00 PM
د. دڵشاد عەبدولڕەحمان
سەرەتا دەمەوێ ئەوەبڵێم کە مەبەست لە دادپەروەری لەم کورتەوتارەدا بریتیە لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، کە چەمکێکی فراوانە. هەم دادپەروەری لە بواری یاسادا دەگرێتەوەو هەم لە بواری ئابوری و مافەکانی مرۆڤدا.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی خەبات و تێکۆشانی مرۆڤایەتی، لە سەرجەم قۆناغەکانی مێژوودا، هێنانەدی دادپەروەری بووە لە کۆمەڵگاکاندا. هەر لە دەستپێکی مێژووەوە بیرمەندو فەیلەسوف و ڕووناکبیرە مرۆڤپەروەرەکان چەندین کتێب و توێژینەوەو نووسینیان لەسەر چەمکی دادپەروەری نووسیوە. تەنانەت کتێبە ئاسمانیەکان وتەو فەرمودەی پێغەمبەرانیش پڕن لە گرنگی دادپەروەری بۆ بەختەوەری و سەقامگیری و دابینکردنی ئاسایشی تاکەکەسەکان و کۆمەڵگاکان.
بێگومان وەک هەرچەمکێکی تر بۆچوونی جیاواز لەسەرئەم چەمکەش لەئارادا بووە. لەلای بیرمەندانی سەرمایەداری و لایەنگرانی لیبراڵی زیاتر چەمکی ئازادییە کەسییەکان و مافە سیاسییەکان دەگرێتەوە. لەبەرانبەردا لەلای چەپەکان زیاتر مافە ئابورییەکان دەگرێتەوە. لەلای حزبە سۆسیال دیموکراتو جوڵانەوە سەوزەکان هەردووک مافی سیاسی و ئابووری دەگرێتەوە. هەر لەوڕوانگەیەوە ئەدەبیاتی حزبە سیاسیە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان، پڕن لە بابەتگەلی پەیوەندیدار بە هێنانەدی دادپەروەری و دروشم و ئامانجێکی سەرەکی خەباتیان دادپەروەری بووە، بەهەردوو مافە ئابووری و سیاسیەکەیەوە. بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە بەپێچەوانەی چاوەڕوانیەکانی خەڵک و تەنانەت ئەندام و کادیرانی حزبەکان ، کاتێک هەمان ئەو حزبانەی لەئەدەبیات و بەرنامەکانیاندا، جەخت لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکەنەوە، کە دەسەڵاتیان وەرگرت، نادادپەروەرییان لەجیاتی دادپەروەری بەرهەمهێنا.
نادادپەروەری بۆتە خەسڵەتێکی حوکمڕانی لەهەرێم و سەرچاوەی گرنگی ناڕەزایی خەڵک . زۆرجار بەربڵاوی نادادپەروەری بۆتە مەترسیەک بۆ ئەزموونی حوکمداری و تەنانەت مەترسی بووە لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی تاک و گشتی. حزبەکانی دەسەڵات و سەرکردە سیاسیەکانی هەرێمیش دەمێکە دەرکیان بەو خاڵە ڕەشەی حوکمداریەکە کردووە، هەر بۆیە بەدرێژایی ماوەی حکومەتی هەرێم زۆرجار باس لە پێویستی هێنانەدی دادپەروەری هاتۆتە ئاراوە، بەتایبەتیش لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا هەر بابایەو بۆخۆی بە شان وباڵی دادپەروەریدا هەڵی داوە. کار گەیشتە ئەوەی حزبێک بەناوی دیموکراسی و دادپەروەری لە 2017دا پێکهات (کە من لە دامەزرێنەرانی بووم) و دادپەروەری کردە سەنتەری خەباتی خۆی (تەمەنی ئەو حزبە کورت بوو).
باشە کە سەرجەم حزبەکان باوەڕیان بە دادپەروەری هەیەو خەباتیان بۆکردووە لەڕابردووی ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆیاندا، ئەدی بۆ کە هاتنە دەسەڵات لەباتی بەرهەمهێنانی دادپەروەری، نادادپەروەری بەرهەم هات؟ لێرەدا هەوڵ ئەدەم بەکورتی هۆکارەکانی ئەو گۆڕانە دراماتیکیە لە کارو ئامانجی دەستەی بڕیاربەدەستی هەرێم کە دەسەڵاتی ڕەهای حزبەکانیان لایە، باس بکەم .
دادپەروەری بەبێ بوونی سەروەری یاساو سەربەخۆیی سیستەمی دادوەری نایەتەدی. بەداخەوە هەر لەسەرەتای دروستبوونی حکومەتی هەرێمەوە ئەو دەزگایە وابەستەی حزبەو سەربەخۆ نەبووە. پەرلەمانی کوردستان هەرگیز نەیتوانیوە ڕۆڵی دەزگایەکی چاودێری ببینێت بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە، کە ئەوەش هۆکارێک بووە بۆ فراوانکردنی کایەی نادادپەروەری لە بوارە جیاجیاکانی حوکمداریدا. تێکەڵاوکردنی کاری سیاسی بە کارو کەسابەتەوە، بوونی هەندێک لە کەسایەتیە سیاسی وحکومیەکان بە بزنسمان یان هاوبەشی خاوەنکارەکان، بێگومان لەوکاتەدا بواری دەرفەتی وەک یەک بۆ دەسکەوتنی پرۆژەو کاری بازرگانی گەورە نامێنێ و بەپێچەوانەوە قۆرخکاری لە قازانجی خاوەن دەسەڵات سەرهەڵدەدا، کە لە ئێستادا قۆرخکاری یەکێکە لەو سیفەتانەی، کە بەداخەوە لە زۆربواردا کەس ناتوانێ پەردەپۆشی بکات.
نەبوونی سیستەمێکی شەفاف لە دامەزراندنی کارمەندانی حکومەت، بۆتە سەرچاوەی نادادپەروەری لە دەسکەوتنی هەلی کار لە کەرتی گشتیدا. نەبوونی میدیایەکی سەربەخۆو کاریگەر (سەرەڕای بوونی چەند هەوڵێک لەوبوارەدا) هۆکارێکی ترە کەوا لەدەسەڵات دەکات بێباک بێت لە چارەسەری ئەو دەردە کوشندەیە. وابەستەبوونی زۆربەی سەندیکاو ڕێکخراوە پیشەییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکومیەکان، هۆکارێکی ترن بۆ بەربڵاوبوونی نادادپەروەری لە کاری حوکمداریدا.
کەواتە سەروەری یاساو کارابوونی پەرلەمان لە چاودێری کاری حکومەت و بوونی شەفافیەت و کارابوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی وسەربەخۆبوونی کاری سەندیکاکان و بوونی میدیایەکی سەربەخۆی کاریگەر هۆکاردەبن بۆ کەمکردنەوەی نادادپەروەری لە کایە جیاجیاکانی ژیانی هاووڵاتیاندا.