نیشتمان وشە و میلۆدی و ڕەنگ کۆدەکاتەوە
01:50 - 10/09/2019
زەمەن - ئەڵمانیا
لە گەلەری ئارت ئێد وۆرک لە شاری “مانهایم”ی ئەڵمانیا، لە پڕۆژەیەکی هاوبەشی هونەریدا، پڕۆفیسۆرو مۆزیسیانێکی ئەڵمانی و شاعیرێک و دوو هونەرمەندی شێوەکاری کورد، گوزارشت لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و نیشتمان دەکەن، بەڕێوەبەری گەلەرییەکەو پڕۆفیسۆرێکی بواری هونەری هاوچەرخیش، قسە لە بابەتی پڕۆژە هاوبەشەکە دەکەن.
بەهادین، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، بە “زەمەن”ی ڕاگەیاند: دوێنێ لە پڕۆژەیەکی هونەریدا، کە پێکهاتبووین لە: (مۆزیسیانی ئەڵمانی ویڵیهێلم گرانهارد بە ئامێری سەکسیفۆن، دلاوەر قەرەداخی بە چەپکێ وشەی شیعریی بەناوی “زەینی نیشتمان” من و ئاڤان ئەنوەر بە کۆمەڵێ تابلۆی گەورە، کۆنسێپت و بابەتێکمان دروستکردبوو، کە فیگەری گوڵ، دیارترین ڕەگەزی پڕۆژەکە بوو. ئاڤان دەستنووسی شاعیرێکی بەکارهێنابوو بۆ ناو کۆنسێپتەکەی.
سەبارەت بە تایبەتمەندیی پڕۆژەکەش، ئەو هونەرمەندە وتی: “لە پڕۆژەکەدا، تەنها ڕەنگی ڕەش و سپی هەیە کە گوڵی گەورە بە چواردەوری پێشانگەکە هەڵواسراوە، بەڵام کاتێ ماتریاڵ گوزارشت لە زەینی نیشتمان دەکات، کە تێکستێکی دلاوەر قەرەداخییە، کارمان کردووە چۆن تێکستەکە لە کارە هونەرییەکەماندا ببێ بە گوڵ، چۆن تێکست بگەڕێتەوە بۆ رۆح و پەیوەستبوونی مرۆڤ بە نیشتمان و زێدەوە دەربخات.
سەبارەت بە دروستبوونی دیالۆگ لەسەر پڕۆژە هونەرییەکە، بەهادین وتی: “پڕۆفیسۆر بێنۆلێمان وتارێکی رەخنەیی لەسەر پڕۆژەکەمان پێشکەشکرد، ئەمە جگە لەوەی هونەرمەند “یەنس” بەڕێوەبەری گەلەرییەکە، ئەویش قسەی لەسەر کارە هونەرییەکە کردو ژمارەیەکی زۆر بینەران ئامادەی بینین بوون.