هەواڵ

لە رانیەوە دەیەوێت ببێت بە پاڵەوانی جیهان

08:58 - 09/09/2019 209 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

خانمێکی وەرزشکاری شاری رانیە، خەونی بوون بە پاڵەوانی جیهانی هەیەو بۆ بەدیهێنانی خەونەکەشی، رۆژانە چەندین کاتژمێر مەشق و راهێنان دەکات.

 دڵخۆش عەبدوڵڵا، خانمێكی شاری رانیەیە و ماوەی سێ ساڵە سەرقاڵی یاری لەشجوانی و هێزی لەشە، ئەو سەرەڕای ئەوەی وەك یاریزانێك سەرقاڵی ئەنجامدانی یارییەكانی هێزی لەشە، كە پێكدێن لە یارییەكانی (سكوات و دێیت لیفت و بینج پریس) لە هەمانكاتدا كاری راهێنەرایەتیش دەكات.

دڵخۆش هەموو رۆژێك بۆ ماوەی دوو سەعات راهێنان دەكات، راهێنەرەكەشی بە تاكە پاڵنەر و هاوكاری خۆی دەزانێت، ناوبراو تاكو ئێستا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، بەشداری چوار پاڵەوانێتی كردووە و سەبارەت بە بەشدارییەکانیشی بۆ “زەمەن” وتی: یەكەم بەشداریم دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ لەمەوپێش کە پاڵەوانێتییەك بوو لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا. من وەك یاریزانی هێزی لەش بەشدار بووم و خەڵاتم وەرگرت.

دڵخۆش عەبدوڵڵا، وەک یاریزانێکی کچ، لە پاڵەوانێتییەکاندا چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، دوا خەڵاتیشی بەدەستهێنانی سێ مەدالیای زێڕ بوو لەمساڵدا، كە لە پاڵەوانێتییەكی هێزی لەشدا لە وڵاتی ئێران رێكخرابوو بۆ هەرسێ جۆر یاریەكەی هێزی لەش.

دڵخۆش لە دوا وتەی دا بۆ زەمەن، هیوای ئەوە دەخوازێت كە رۆژێك دابێت بتوانێت بەشداریی پاڵەوانێتییە جیهانییەكان بكات و لە ئێستاوە هەوڵ دەدات و خەونی ئەوەی هەیە ببێت بە پاڵەوانی جیهان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن