داتاشــینی پۆستی زیادە ئومــــێدی چاکســــــــــازیی کەم دەکاتەوە
08:17 - 19/08/2019
زەمەن: ئەنوەر کەریم
مانگێک زیاترە کابینەی نوێ دامەزراوەو کارنامەی خۆی پێشکەشکردووە. بە وتەی کەسی یەکەمی ئەم کابینەیە “حکومەتێکی بەهێز دەبێ لە چوار ساڵی داهاتوودا” بەڵام هەر لەسەرەتاوە بەزیادکردنی چەندین پۆستی زیادە، نیشانی دەدا چاکسازییی ئومێدێکی کەمی لەسەر هەڵدەچنرێ. چونکە زیادکردنی ئەم پۆستانە واتە زیادکردنی خەرجیەکانی حکومەت و کەمبوونەوەی داهات.
پۆستەکانیش ئەمانەن:
* پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی هەرێم، ئەمە پۆستێکی زیادەیەو هیچ کاریگەرییەکی نابێ. تەنیا خەرجکردنی بودجەیەکە بۆ ئەم پۆستەو دەبێ بەبارگرانی بەسەر بودجەی هەرێمەوە.
* پۆستی وەزیری هەرێم ئەم پۆستەش تەنیا بەفیڕۆدانی بودجەی وڵاتەو دەبێتە بارگرانییەکی تر بەسەر بودجەی هەرێمەوە.
* پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ چاکسازییی، ئەمەش پۆستێکی ترە بۆ بەفیرۆدانی بودجەی هەرێم و بارگرانییە بەسەر حکومەتەوە.
یەکێک لە مەرجەکانی سەرکەوتنی پرۆسەی چاکسازیی ئەوەیە، دەبێ حکومەت ودەمەزراوەکان خەرجییەکان کەم بکەنەوەو بیرۆکراسی نەهێڵن تا داهات زیاد بکات.
* هەروەها دانانەوەی ئاشتی هەورامی وەک یاریدەدەری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە. ئەمەش پۆستێکی ناپێویستە چونکە کە وەزیر و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەبوو، ئیتر یاریدەدەرێک بۆ سەرۆکوەزیران لەسەر ئەم کەرتە گرنگە، شتێکی زیادەیە.
کەرتی نەوت
بڕبڕەی پشتی ئابووری کوردستان نەوتە، لە ماوەی ڕابردوودا ئەم کەرتە زۆرترین قسەی لەسەرکراوەو بووەتە سەرئێشەیەکی زۆر بۆ خەڵکی کوردستان. تەنانەت بڕینی موچەی فەرمانبەران بەهۆی ئەم کەرتەوە بوو.
ئەم پڕۆسەیە هەر لە گرێبەستەکانەوە لەگەل کۆمپانیا بیانییەکان بە بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی تا گەڕانەوەی داهات و گۆڕینەوەی بە دراوی ناوخۆ، سەرلەبەری پڕۆسەیەکی ناشەفافە. خراپترین گرێبەست ئیمزا کراوە چونکە نزیکەی سێ یەکی داهات دەدات بە کۆمپانیا بیانییەکان و نەوتەکە بەهەرزانترین نرخ دەفرۆشێ لە بازاڕەکانی جیهاندا.
هەموو بەرمیلێک بە 13.40 دۆلار کەمتر دەفرۆشێ بەرامبەر بەنرخی نەوتی برێنت، هەروەها گواستنەوەکەی پڕۆسەیەکی ناشەفافە و کەس نازانێ چەندی تێدەچێ بۆ گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوت لە کوردستان ولەتورکیادا. گەڕانەوەی داهات و گۆڕینەوەی بۆ دراوی ناوخۆ هەرگیز ئاشتی هەورامی ئاماژەی پێنەداوە.
پێشبینیەکانی ئاشتی هەورامی کە بڕیاربوو لە ساڵی 2016 دا بەرهەم بگەیەنێتە 1 ملێۆن بەرمیل لە 1 ڕۆژدا. بەڵام ساڵی 2019 بەرهەمی نەوتی کوردستان نزیکی 500000 هەزار بەرمیلە.
ساڵی 2014 ئاشتی هەورامی پێشنیازی فرۆشتنی نەوتی کوردستانی کرد بەسەربەخۆ و وتی: زیاترمان دەستدەکەوێت لەو بەشە بودجەیەی کە لە بەغداوە دێت بۆ کوردستان. بەڵام هەمووان بینیمان بە ئێستاشەوە ئەگەر پارەی بەغدا نەیەت بۆ کوردستان، حکومەتی هەرێم ناتوانێ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات بێجگە لە پڕۆژەو ئاوەدانکردنەوە وبەرهێنان لە کوردستاندا.
ئاشتی هەورامی کاتێک بڕیاری فرۆشتنی نەوتی کوردستانی دا بەسەربەخۆ، پێشبینی دابەزینی نرخی نەوتی نەکردبوو ئەمەش بوە هۆی دروستبوونی قەیرانی گەورە لە کوردستاندا. کەواتە زانیاری هەڵە بڕیاری هەڵە دروست دەکات و دوایی قەیرانی گەورەی بەدوادا دێت.
کەرتی غاز
ئەم کەرتە بەتەواوی تاڵان دەکرێت لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە. ئاشتی هەورامی گرێبەستەکەی کە لەگەڵ داناغازو هاوبەشەکانیدا ئیمزاکردووە، نەفتاو غازی چڕو شل - LPG دا بەکۆمپانیاکە بەرامبەر بە دەرهێنانی غازی سروشتی بۆ کوردستان بەبێ بەرامبەر.
بەڵام دوای کە درکی پێکرد هەڵەیەکی گەورەی کردووە، هات کەوتە بیانووگرتن بە کۆمپانیاکە و هەرێمی کوردستانی تووشی گێژاوێکی گەورە کرد. دوایی شکات لە حکومەتی هەرێم کرا لەلایەن دانەغازو هاوبەشەکانیەوە لە دادگای لەندەن، دواتر بڕیاردرا دادگەکە بگوێزرێتەوە بۆ واشنتۆن لە ئەمریکا داوای 26.5 ملیار دۆلاریان قەرەبوو دەکرد لە هەرێمی کوردستان.
ئاشتی هەورامی بەپەلە کۆنتراکتێکی لەگەڵ کۆمپانیای ڕوسنەفتی ڕوسی دا ئیمزاکردو بڕی 2.1 ملیار دۆلاری پێشوەختە وەرگرت بۆ فرۆشتنی نەوت.
لەم کاتەدا ئاشتی هەورامی هات كۆنتراکتێکی تازەی ئیمزا کرد لەگەڵ داناغازو هاوبەشەکانی بڕی 1.000.000.00 یەک ملیار دۆلاری دا بە دانا غاز وەک پێشەکی و بڕی 1.4 ملیار دۆلاری تر بە قەرز دوایی بخرێتە سەر تێچووی کارکردن.
لەگەڵ ئەمەشدا 22% قازانجی غازەکەی دا بە دانەغاز بەمەش خراپترین کۆنتراکت لە مێژووی پێشەسازی گازدا لە لایەن ئاشتی هەورامیەوە ئیمزا کرا.
بۆیە دانانەوەی ئاشتی هەورامی وەک یاریدەدری سەرۆکوەزیران، مانای وایە ئەم کابینەیش نایەوێت چاکسازیی بکات و نایەوێت شەفافبێ.
ئاماژەیەکی تر هەیە بۆ دانانەوەی وەزیری پێشووی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان وەک یاریدەدەری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری دارایی. لەسەردەمی ئەم وەزیرەشدا هەرێمی کوردستان قەرزێکی زۆری کردووە و بەڕیژەیەکی سوودی بانکیی بەرز کە ئێستا بووە بە بارێکی قورس هەندێک قەرز نزیکەی دەبێت بەدوو هێندە تا دەدرێتەوە.
بۆیە وەرگرتنی هەر راوێژ و ئامۆژگارییەک لەم وەزیرەی پێشوو، بەم مانایە دێت کە ئەم کابینەیەش نایەوێت کێشەکان چارەسەر بکات و بەهەڵەی زیاتردا دەڕوات. چونکە دانانی ئەم پۆستە دەبێتە بارگرانی زیاتر بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان.
نیەتی کابینەی نوێ بە دانانەوەی وەزیری دارایی پێشوو کە لەسەر پشکی گۆڕان کرا بە وەزیر و دواتر وازی لە گۆڕان هێنا. هەروەها لەم کابینەیەشدا وەزیری دارایی لەسەر پشکی گۆڕانە، مانای وایە نیازپاکی نیە بەرامبەر بە ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا کردوویەتی و نایەوێ کێشەکان بەرەو چارەسەرکردن بڕۆن.