67 کوردستان

قوباد تاڵەبانی حەزی لە شلەی بامێیەو لە خولی فێربونی فڕۆکەوانیشدایە

02:57 - 13/09/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی بەژداریکردنی لە پۆدکاستێکدا، کە باسی لە حەز و ڕۆتینەکانی ژیانی خۆی کرد ڕایگەیاند، ئێستا لە هەوڵدام بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی لێخوڕینی هەلیکۆپتەر و لە قۆناغی کۆتاییدام و ئیشەلآ لە هاوینی داهاتوودا مۆڵەتێکی نێودەوڵەتی فڕۆکەوانی دەربکەم.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانی هەفتەی بەسەر کارەکانی حکومی و حزبیدا دابەش کردووە و ڕۆژانی هەینیش پشووە و بە ستافەکەم وتووە وازم لێ بێنن، لە ڕۆژانی ئاساییشدا بە ستافەکەم وتووە لە دوای کاتژمێر 10ی شەوەوە وازم لێ بێن.

قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند: حەزی لە داهێنان و فێریبوونی شتی تازە و وەرزش و تەکنەلۆژیایە و زۆریش حەزی لەو کاتەیە کە بەتەنیا لەگەڵ خۆیەتی.

وتیشی: “زۆر بە قووڵی چوومەتە ناو جیهانی ژیری دەستکرد “ئەی ئای”ەوە و هەمووی بەکاردەهێنم، بەنیازی دروستکردنی پەیمانگەیەکی ئەی ئای بۆ چۆنێتی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بە شێوازێکی تەندروست”.

سەبارەت بەو شتانەش کە پێی وایە شکستی هێدا هێناوە، قوباد تاڵەبانی وتی: “لەفێربوونی عەرەبیدا شکستم هێناوە، لە ژیانیشدا دەبێت هەڵە بکەی شکتهبێهێنییت یان بخرێیت، بەڵام گرنگ هەستانەوەیە”.

ئاماژەشیدا بەوەی بە گەنجی بزێو بووە و دەڵێت بەگەنجی زۆرجار لێدانم خواردووە و چەند جارێک بەهۆی پاکستانییەوە لێدانم خواردووە و وایان زانیوە خەڵکی پاکستانە.

سەبارەت بە ستایڵ و جلوبەرگیش ئەوەی خستەڕوو کە خۆی هەڵیدەبژێرێت، بەڵام شێرری هاوسەری لەو کاتانەدا را دەردەبڕێت کە شتێکی بەدڵ نەبیت و وتی هەر بە سەیرکردنێت پیشانی دەدات ستایڵەکەی بەدڵ نییە و یان پێی دەڵێت، ئۆو ئەوە لەبەر دەکەی؟
ڕاشیگەیاند، بە منداڵەکانم وتووە، حەز دەکەن ببن بە چی ئازادن، بەڵام نابێ ببن بە سیاسیی.

وتیشی: “هاوسەرەکەم خەریکە فێری کوردی دەبێت، فێری دروستکردنی خواردنی کوردیش بووە و دۆڵمە باش لێدەنیت، بەڵام دەمێکە لێی نەناوە”.

وەڵامی پرسیاری ئەوەی کام هونەرمەندی کورد کە پێویستە هەموومان بیناسین وتی: “بانە”.

قوباد تاڵەبانی وتیشی: “ئەگەر لە سیاسەتدا نەبوومایە، چێشتخانەم دادەنا” و باسی لەوەش کرد کە بەمدواییە فیلمە نوێیەکەی سپایدەرمانی بینیوە و پێشنیاز دەکات سەیری بکرێت. لە نیوان بامێ و فاسۆڵیاشدا، فاسۆڵیای هەڵبژارد، بەڵام وتی ئاوی بامێ خۆشترە و وەکو شلە و حەزم لە بامێکە خۆی نییە

قوباد تاڵەبانی ئامۆژگاری گەنجانیشی کرد کە خاکی خۆیان خۆش بوێت و وتی: “بە گەنجان دەڵێم، ئەم وڵات و جیهان و خاکە هی خۆتە، ڕقت لە قوباد و سیاسی بێت لە حکومەت ناڕازی بیت ئاساییە، بەڵام خاکەکەی خۆتت خۆش بوێت”.
وتیشی: “بیر لە شتی باش بکەنەوە و ناختان باش بێت، چونکە بڕوام بەوە هەیە باش بیت دنیا باش دەبێت لەگەڵت، بەڵام وەڵا خراپ بیت، چەندێکیش پێش بکەویت ڕۆژێک دێت دنیا تۆڵەت لێ دەکاتەوە”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن