نرخی نەوتی ماڵان فڕیوە
12:58 - 13/08/2026
زەمەن_هەواڵ
نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بۆ 250 هەزار دینار بەرزبووەوە، لە کاتێکدا حکومەت تا ئێستا بڕیاری دابەشکردنی نەوتی پاڵپشتیکراوی نەداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٣ی ئابی ٢٠٢٦، سەلام عومەر، سەرپەرشتیاری دابەشکردنی نەوتی سپی لە سلێمانی ئاشکرایکرد، بەهۆی ئەوەی خواست لەسەر نەوتی سپی زۆرە و بڕێکی کەمیش لە بازاڕدا هەیە، نرخەکەی بەرزبووەتەوە.
هاوکات، وتیشی، دابەشکردنی نەوتی حکومی تا مانگی 10 دەستپێناکات.
ئاماژەی بەوەشدا، ساڵی رابردوو نەوت بە 105 هەزار دینار بە هاووڵاتییان درا، بەڵام ئێستا بەهۆی شەڕی ناوچەکە و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان، نرخەکان لە بازاڕدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە.