بەرگری شارستانی: بەشێک لە خەڵک بە ئەنقەست ئۆتۆمبێلەکانیان دەسوتێنن
04:43 - 02/08/2026
زەمەن_هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر ڕایگەیاند: ڕووداوی سوتانی ئۆتۆمبێل بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیاد بووە و بەشێک لە رووداوەکان بە دەستی ئەنقەست و بە مەبەستی کۆکردنەوەی پارە وەک سیناریۆ دەکرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢ی ئابی ٢٠٢٦، شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر، ئاشکرایکرد، تەنیا لە ماوەی مانگی حەوتدا ٢٣ رووداوی سووتانی ئۆتۆمبێل تۆمار کراون، کۆی گشتیی رووداوەکانیش لە مانگی یەکەوە تا کۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵ گەیشتووەتە ٨٧ رووداو.
دەشڵێت: لە هەندێک حاڵەتدا ئۆتۆمبێلی کۆن یان بێسەرەتا بە دەستی ئەنقەست لە شوێنێکی گشتیدا دەسووتێنرێن، پاشان ستافێک هەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی پارە بۆ خاوەنەکەی بە ناوی ئەوەی کە کەسێکی زیانلێکەوتوو و لیقەوماوە، لە کاتێکدا هەمووی سیناریۆیەکی دروستکراوە.
وتەبێژی بەرگریی شارستانی جەختیکردەوە، لەمەودوا بۆ رێگریکردن لەم دیاردەیە و نەبوونی بە باو، لە هەر رووداوێکدا گومان هەبێت لێکۆڵینەوەی ورد و چڕ دەکرێت، پۆلیس و ئاسایش ئاگادار دەکرێنەوە و هەرکەسێک تێوەگلابێت دەدرێتە دادگا، هەروەها داواشی لە هاووڵاتییان کرد هەر گومانێکیان هەبێت پۆلیسی لێ ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر پێشێلکاران بگیرێتە بەر.