تا ٣١ی ئاب لە هەژماری من خۆت تۆمار نەکەی، مووچەکەت ڕادەگیرێ
03:56 - 02/08/2026
زەمەن_هەواڵ
هەژماری من ڕایدەگەیەنێت: ئەوانەی تا ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە، تا کۆتایی ئەم مانگە دەرفەتیان هەیە، ئەگەرنا لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە مووچەکانیان نانێردرێت.
ئەمڕۆ یەکسەممە، ٢ی ئابی ٢٠٢٦، پرۆژەی هەژماری من بڵاویکردووەتەوە، بەپێیبڕیارێکی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق هەر فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستان تا ٣١ـی ئابی ٢٠٢٦ لەم پرۆژەیە خۆی تۆمار نەکات و کارتە بانکییەکەی لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من وەرنەگرێتەوە، شایستەی دارایی و مووچەکەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە رادەگیرێت و نانێردرێت.
دەشڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم رێکارە پێویستەکانی گرتووەتەبەر بۆ تۆمارکردن و بە بانکیکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان؛ هەربۆیە داوا لەو مووچەخۆران دەکرێت کە ئاگاداری مۆبایلەکانییان بن، چونکە پڕۆژەی هەژماری من لە رێگەی واتسئاپ، ڤایبەر و کورتەنامە ئاگاداریان دەکاتەوە لەوەی کارتەکانییان ئامادەیە لە بانکێکی دیاریکراو، بۆ ئەوەی بچن وەریبگرنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، تا ئێستا 96% مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە رێگەی هەژماری من تۆمارکراون و زیاتر لە ٩٥٠ هەزار مووچەخۆرکارتە بانکییەکانییان وەرگرتوەتەوە و بە دیجیتاڵی و لە رێگەی بانکەکانەوە مووچەکانییان وەردەگرن.