19وتار

دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە (قۆناغی راگوزەر)

8/1/2026 2:56:00 PM
چیمەن محەمەد رەشید

 لە دوای رووخانی رژێمی سوریا دەربڕینی دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە "العدالة الانتقالية" بەکارهات، پێشتریش و لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق ئەم دەستەواژەیە بەکارهات. دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە چییە؟ بۆ ناسینی چەمکی دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە، دەبێت چەمکی داد و دادپەروەری بناسین. سەرەتا داد بریتییە لە حوکمدان بە ئینساف و بێلایەنی بەرامبەر بە لایەنەکان و بەتایبەت لە دادگا بەکاردێت، وە بریتییە لە یەکسانی بەرامبەر بە یاسا، یان بریتییە لە یەکسانی لە رۆڵ و ماف و دابینبوونی ماف بۆ هەموان. دادپەروەری ئینساف و پاکێتییە لە مامەڵە کردن لەگەڵ کەسەکان و پێدانی ماف بە خاوەن ماف، دوورکەوتنەوە لە زۆرداری و لایەنداری لە زۆر بوارەکانی ژیان، لەوانە یاسا، ڕەوشت، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

سالموند، فەیلەسوفی بواری یاسا و دادوەر، وا پێناسەی دادپەروەری دەکات و تێڕوانینی بۆ دادوەری لەپێش یاساوەیە، وتوویەتی: یاسا کۆمەڵە بنەمایەکە دەوڵەت پەسەندی دەکات و جێبەجێی دەکات بۆ بەڕێوەبردنی دادپەروەری، وای دەبینێت دادپەروەری ئامانجی سەرەکییە و یاسا دادەڕێژرێت بۆ خزمەتکردن و بەدیهێنانی و دادگا و دادگایی ئامڕازی بەرجەستەکردنی ئەم بنەمایانەن لەسەر زەوی.

دادپەروەری لە دادگا بریتییە لەحوکمێکی بێلایەن و یەکسانی بەرامبەر بە یاسا و حوکم بە ئینساف، گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف. دادپەروەری چەندین جۆر و بوار دەگرێتەوە وەک: دادپەروەریی یاسایی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری،... هتد. بەڵام  ئەوەی مەبەستمانە دادپەروەریی  قۆناغی گواستنەوەی هەر میللەت و نەتەوەیەک، بۆ کات و هەلومەرجێکی تایبەتە دوای شەڕ و داگیرکاری، دوای گۆڕانی قۆناغێک بۆ قۆناغێکی تر و گۆڕینی سیستەم. بەتایبەت قۆناغی جەنگ و ستەم و دیکتاتۆری بۆ قۆناغی سەقامگیر، دیموکراتی، ئاشتی، بەدامەزراوە کردن.

کۆمسیۆنی  باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ بەم جۆرە باسی دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە دەکات: دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە کۆمەڵێک رێکار و ئامڕازە بەیەکەوە کاردەکەن بۆ چاککردنەوەی ئەو میراتییە بەسەرچووەی کە بە شێوەیەکی فراوان ببوە هۆی بەجێهێشتنی ئەو کاریگەرییانەی  بەهۆی ناکۆکی و چەوسانەوە و پێشێلکاری و داگیرکارییانەی لە قۆناغی پێشووتر روویانداوە، بە مەبەستی گرەنتی پرس و بەدیهاتنی دادپەروەری و ئاشتەوایی. ئەم رێکارانەش ئامرازەکانی دادگایی و نادادگایی دەگرێتەوە.

بۆ بەدیهاتنی دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە پێویستە ئامار و ژمارکردنی قوربانی و زیانەکان بکرێت، قەرەبووی ماددی و مەعنەوی زیان لێکەوتوو بکرێت، دەستپێشخەریی دادگایی بکرێت بۆ بەدواداچون و دادگاییکردن، داڕشتنەوەی دەستور بکرێت، چاکسازی لە سەرجەم دامەزراوەکان ئەنجام بدرێت، بەرزڕاگرتنی قوربانی و یادەکان، چاکسازی لە وانەی مێژوو، کارکردن بۆ بەهێزکردنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. ئامانجی دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە دانپێدانانە بە قوربانی و زیانەکان، گرتنەبەری هەموو رێکارێک بۆ قەرەبوو و ساڕێژبوونی مەینەتییەکان، هەوڵدان بۆ هێنانەدی ئاشتی، و گرتنەبەری رێکارەکان بۆ دووبارەنەبوونەوە و هێنانە ئارای متمانەو پێکەوە ژیانی ئاشتییانە.

ئیریک سوتاس، چالاکوانی مافەکان و بەڕێوەبەری گشتی پێشوو ئەمینداری گشتی  رێکخراوی جیهانیی بەرەنگاربونەوەی ئەشکەنجە (OMCT)، لە نوسینێکیدا بە ناونیشانی (دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە و سزاکان) باس لەو کۆسپ و بەربەستانە دەکات کە لەبەردەم بەدیهاتنی دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوەدان، بێگومان هەلومەرج لە هەر وڵات و شوێنێک جیاوازە لەگەڵ هەلومەرجی وڵات و شوێنی تر. بۆ نموونە لە کۆنگۆی دیموکراتی، لە پێشینەی کارەکان، چەک داماڵین و تەسریح کردنی چەکدارەکان و تێکەڵبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵگا بووە. هەروەک لە بوروندی دادپەروەری بەوشێوەیە جێبەجێنەکراوە وەک ڕواندا بەهۆی فشاری رای گشتییەوە جێبەجێکراوە. کەواتە  هۆکاری سیاسی، ئابوری، جیۆپۆلەتیک، فشارو دانپێدان بە تاوان و... چەندین هۆکار هەن بۆ بەدیهاتنی دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە. هەر هۆکارێک رێگربێت لەبەردەم بەئەنجامگەیاندنی ئەم رێکارانە، ئەوا پرۆسەی بەئەنجامدانی دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە پەکدەخات یان بە تەواوی جێبەجێناکرێت.

لە هەرێمی کوردستان دوای ٢٣ ساڵ لە قۆناغی گواستنەوە، بێگومان کارکراوە، بەڵام ئایا بە بارتەقای هەموو ئەو نەهامەتی و کارەساتانەی بەسەر کورددا هاتوون ئامانجەکان بەدیهاتوون؟ چی کراوە؟ بەربەستەکان چین لەبەردەم بەدیهاتنی دادپەروەری قۆناغی گواستنەوە بەشێوەیەک شایستەی کارگەری و قەبارەی نەهامەتییەکان بێت؟ بەتایبەت دووبارەبوونەوەی  کارەسات لە هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە هەموو ئەو قوربانی و کارەساتانەی بەهۆی هێرشەکانی داعش روویانداوە.

کەواتە لە کاتی جێبەجێکردنی دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە، دەبێت هەنگاو و رێکارەکان ورد و هەمەلایەن بن، یەک گوتاری کوردی هەبێت و توێژینەوە و زانیاری وورد هەبێت و داواکاری پێویست و گونجاو تا دادپەروەری قۆناغی گواستنەوە بێتە دی.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن