شارەوانی سلێمانی تونێلی پێشڕەوەی خاوێنکردەوە
01:53 - 02/08/2026
زەمەن_هەواڵ
سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی، هەڵمەتێکی فراوانی بۆ خاوێنکردنەوە و چاکسازی شەقامی ناو تونێلی پێشڕەوە ئەنجامدا.
ڕۆژی شەممە، ١ی ئابی ٢٠٢٦، سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی، لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ پاراستنی خاوێنی ژینگە و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هەڵمەتێکی فراوانی بۆ خاوێنکردنەوە و چاکسازیی چاڵەکانی شەقامی ناو تونێلی پێشڕەو لە سنووری کارگێڕی قایمقامیەتی چوارتا ئەنجامدا.
دەشڵێت: تونێلی پێشرەوە، یەکێکە لە گرنگترین ڕێگا سەرەکییەکانی هاتووچۆ و ناوەندی شاری سلێمانی بە شارباژێڕ و ژمارەیەک لە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگاکە پەیوەست دەکات.
شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئەنجامدانی ئەم هەڵمەتەدا، ژینگەپارێز و خزمەتگوزارە دڵسۆزەکانی بەشی خزمەتگوزاریی بە هاوکاری کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و بەشی ئامێرەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، سەرەڕای پشووی فەرمی و لە دەرەوەی سنووری ئاسایی کارکردنیان، بە هەستی بەرپرسیارێتی و پابەندی بە ئەرکی خزمەتکردنی هاوڵاتییان، تونێلەکەیان لە هەموو جۆرە پاشماوە و پیسبوونێک پاککردەوە و ژینگەیەکی خاوێن و بێ بوونی چاڵ و چۆڵی بۆ هاتووچۆی ڕۆژانەی هاوڵاتییان، میوانان و گەشتیاران دابینکرد.
هاوکات، ڕاشیگەیاندووە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئەم جۆرە هەڵمەتە خزمەتگوزارییانە بە بەشێک لە بەرپرسیاریی نیشتیمانی و ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت و هەمیشە پابەندە بە پاراستنی جوانی و پاکی ژینگەی شار، هەروەها بانگەوازی هاوڵاتییانی بەڕێز دەکات بە هاوبەشبوون و هاوئاهەنگی لە پاراستنی خاوێنی شوێنە گشتییەکان، چونکە بە هاوکاریی هەمووان دەتوانین شارێکی پاکتر، جوانتر و شایستەتر بۆ ئێستا و داهاتوو فەراهەم بکەین.