وردەكاری دابەزینی غازی ماڵان و لیتری غاز لە بەرنزینخانەكان
02:00 - 01/08/2026
زەمەن_هەواڵ
سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز لە قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: ئەمڕۆ نرخی غازبۆ ٥٨٠ دینار دابەزیوە و سەرجەم بەنزینخانەکانیش پابەند کراون بەو نرخەوە و پێشبینی دەکرێت بەیانی نرخەکە زیاتر دابەزێت.
ئەمڕۆ شەممە، ١ی ئابی ٢٠٢٦، عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غز لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ئاشکرایکرد، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا نرخی یەک لیتر غاز (LPG) لە بەنزیخانەکاندا بە ٨٥٠ دینار دەفرۆشرا، بەڵام ئەمڕۆ نرخەکەی بۆ ٥٨٠ دینار دابەزیوە و دەبێت سەرجەم بەنزینخانەکان ئەمڕۆ نرخەکەی بۆ ٥٨٠ دینار داببەزێنن.
وتیشی: پێشبینی دەکەین سبەی نرخەکەی زیاتر داببەزێت و بگاتە ٤٧٥ دینار.
سەبارەت بە گازی شلی ماڵان، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی گاز ئاماژەی بەوە دا، نرخی یەک لیتر گازی شلی ماڵان بۆ ئەوانەی کۆگایان هەیە بە ٤٢٠ دینارە.
ئەوەشی خستەڕوو کە بوتڵی غازی پاڵپشتیکراو بە ٨ هەزار و ٥٠٠ دینار دەفرۆشرێت، هەرچەندە هەندێک بریکار بە ٩.٠٠٠ دینار دەیفرۆشن، بەڵام لە کاتی تۆمارکردنی سکاڵادا، رێکاری توند بەرامبەریان دەگیرێتە بەر.
سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی گاز راشیگەیاند، لەم مانگەدا بوتڵی دووەمی گاز بە کۆبۆن بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت، هاوکات روونیشیکردەوە کە بڕی گازی هاتوو بۆ پارێزگای سلێمانی وەکو خۆیەتیی و هیچ بڕێک زیاد نەکراوە.