9وتار

ئایا ئەمە دەبێت وەک کۆتایی ببینین؟

8/26/2026 12:13:00 PM
پێشڕەو محەمەد


لەم دۆخەدا سەرزەنشتکردنی ڕۆژاڤا بەتەنها هەڵوێستێکی دروست نییە، بەڵام ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانیشیان هەڵوێستێکی هەم دروست و هەم کوردانەشە. ڕۆژاڤا ئەو کاتەی لە لوتکەی هێزدا بوو دەیتوانی زۆر شت بکات کە بە ئاسانیی نەگات بەم ڕۆژە، بەڵام وەک زۆرجار باسم کردووە و خەڵکانی دیکەش بە هەمان شێوە، ئایدیۆلۆژیا دیدی بەشێکی زۆری ئەوانی لێڵ کردبوو، نەبوونی بڕیاری سەربەخۆش بە هەمان شێوە. بەڵام دۆخی ڕۆژاڤا جیاوازترە لە هی باشوور.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوگرافیای نەفرەتە، هەرگیز ئارامیی بەخۆیەوە نابینێت، لەبەرئەوەی عەقڵێکی ئارام لەو ناوچەیە بوونی نییە، عەقڵی سیاسیی بە هەمان شێوە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنها دوو نەتەوە لە دەرەوەی ئایدیۆلۆژیای ڕووت سیاسەت بکەن جووەکان و تورکەکانن. گەورەترین درزی جیۆپۆلەتیکیی ئەو کاتە دروست دەبێت ئەم دوو نەتەوەیە بکەونە ناکۆکییەوە. ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسیی کوردیی هەبێت، دەتوانێت جارێکی دیکە ئەم هەلە بقۆزێتەوە، بەڵام نەک عەقڵێکی ڕووتی ئایدیۆلۆژیی.

مەزڵوم عەبدیی بۆ زۆرێکمان ڕووخسارێکی خۆشویستراو، دڵخۆشکەر و کوردانەش دەردەکەوت، بەتایبەت لە کۆتاییەکانیدا، خۆ ئەگەر لە سەرەتاوە سەرمایەگوزاریی لەسەر ئەم عەقڵە کوردییە بکردایە، ڕەنگ نەبوو دەرەنجامەکان وەک ئەمڕۆ بن، کە بەدڵی زۆر کەس نین. هەموو شکستێکیش یەکسان نییە بە لەناوچوون و نەمان. بینیمان تیۆری «برایەتیی گەلان»، «کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیی» شکستیان هێناوە و دەبێت دان بەمەدا بنرێت، «ئینتگراسیۆنی دیموکراتیی»ش واتا کورتکردنەوەی کورد لە نەتەوەوە بۆ هاووڵاتیی دەوڵەتی تورکیی و سووریی، جا بە دڵنیاییشەوە تا هەستی نەتەوەیی، جیاوازیی نەتەوەیی و ئەتنیکیی بمێنن، هەرگیز هاووڵاتییبوونیش بە مانای هاووڵاتیی یەکسان نایەت، کورد بشبێتە هاووڵاتیی لە سوریا، هەر پلە دوو دەبێت.

پێموایە کاتی ئەوە هاتووە و دەمێکیشە هاتووە ڕەخنەییانە بەو چەمکانەدا بچینەوە کە ئێستا دەبینین شکستیان هێناوە، نەوەیەکی دیکە بە چەمکی دیکەی جیاوازیی پەروەردە بکرێت. بێگومان وەک کورد وەک نەتەوە، نەک کورد وەک دیاردەی کۆمەڵایەتیی و نەک وەک هاووڵاتیی.

باشوور ئەگەر واز لە ناکۆکییە ناوخۆیی، خێڵەکیی، حزبایەتیی و شتە خراپ و بچووکەکان بێنێت، دەتوانێت ببێتە پشتوپەنای ئەوەی لە ڕۆژاڤا تا ئێستا ماوەتەوە. ئەمە با زەنگێکی ئاگادارکەرەوەش بێت بۆ ڕۆژهەڵات. هەرگیز نابێت ڕۆژهەڵاتییەکان هەمان هەڵەی ئایدیۆلۆژیی «برایەتیی گەلان»، «ئێرانی دیموکراتیی» و «ئینتگراسیۆنی دیموکراتیی» بکەنەوە.

مەزڵوم عەبدیی لە کۆتا ساتەکاندا دەیگوت هەرێمێکی وەک هەرێمی کوردستانمان دەوێت، ئەگەر لە سەرەتاوە ئەم بیرۆکەیە بەناوەکیی و دامەزراوەیی بکرایە، نازانین دەرەنجامەکان هەر وەک ئەمڕۆ دەبوون یان نا، بەڵام بەئەگەری زۆرەوە، لانیکەم لە ئاستی وشیارییدا جیاواز دەبوون.

تەنها هیوام ئەوەیە: مەزڵوم عەبدیی بەتەنها جێمەهێڵن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن