وەزارەتی دارایی و ئابووری پەرتووکی کار و چالاکییەکانی حەوت ساڵی بڵاوکردەوە
02:46 - 24/06/2026
زەمەن -هەواڵ
دەقی راگەیەنراوی وەزارەت
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ( ٢٣ حوزەیرانی ٢٠٢٦ ) لە
رێوڕەسمێكدا بەئامادەبوونی بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ژمارەک
لە پسپۆڕانی ئابووری و مامۆستایانی زانکۆ و نوێنەری دامەزراوەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە
و ڕۆژنامەنووسانی ئابووری و نوێنەری دەزگاکانی راگەیاندن، وەزارەتی دارایی پەرتووکی
کار و چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی لە ساڵی ( ٢٠١٩ تا ٢٠٢٥ ) ی بڵاوکردەوە.
لە دەستپێکی ریوڕەسمەکەدا وەزیری دارایی وتەیەكی
پێشكەش كرد و تیشکی خستە سەر ئامانج و ناوەرڕۆکی پەرتووکەکە کە بەرهەمی کار و
ماندووبونی سەرجەم فەرمانبەر و بەرپرس و تیمەکانی وەزارەتە لە حەوت ساڵی ڕابردوودا،
بەهەنگاوێکی گرنگ و پڕبایەخی وەسف کرد بۆ چەسپاندن و پتەوکردنی بنەماکانی شەفافیەت
و هیوای خواست ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داتا و زانیاری لە ناوەندە ئەکادیمی و میدیاییەکاندا.
لەبەشێکی تری وتەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەو قۆناغانەی ساڵانی ڕابردوو
کە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدای پێدا تێپەڕبووە و چەندین هەڵکشان و داکشانی بەخۆیەوە
بینیوە و کاریگەری لەسەر دۆخی دارایی و بوودجە و مووچە دروست کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد یەکێک لە هەنگاوەکانی وەزارەتی
دارایی لەم کابینەیە بەپشتیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامیداوە گواستنەوەی پاشەکەوتی
مووچەی فەرمانبەران بووە لە ئەماناتەوە بۆ قەرز کە ئەوەش لە بەرژەوەندی فەرمانبەران
بووە.
لە بەشێکی تری مەراسیمەکەدا کورتە ڤیدیۆیەکی بەڵگەنامەیی
و پرێزنتەیشنێک لەسەر هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە داتا و زانیاری بۆ ئامادەبووان خرایە
ڕوو.
لەکۆتایی مەراسیمەکەشدا پەرتووکی کار و چالاکی
و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی لە ساڵی ( ٢٠١٩ تا ٢٠٢٥ ) پێشکەش بەئامادەبووان و
دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرا تا بتوانن سوود لە ناوەڕۆک و داتاکانی وەربگرن.
شایەنی باسە لە پەرتووکەکەدا جگە لە خستنەڕووی
پەیكەر و پێکهاتەی وەزارەت و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی
و لق و بەشەکانیان و ژمارەی میلاک و فەرمانبەریان، بە داتا و زانیاری ورد پشکی هەرێم
لە بوودجەی عێراق لەو حەوت ساڵەدا و بڕی پارەی تەمویل کراو بە پێی ساڵ و مانگەکان ڕوون
کراوەتەوە.
لە بەشێکی تری پەرتووکەکە وردەکاری ژمارەی فەرمانبەر
و مووچەخۆر و سوودمەندان لەسەر ئاستی چین و توێژەکان و وەزارەتەکان و پارێزگاکان بە
داتا و زانیاری خراوەتەڕوو.
هەروەک وردەکاری لەسەر داتا و خەرجییەکانی حەوت
ساڵی ڕابردوو ڕوون کراوەتەوە لەگەڵ داهاتەکانی نەوت و ناوخۆ و سەرچاوەکانی بەدەستهێنانیان
لە سەر ئاستی وەزارەت و پارێزگاکان.
بەشی کۆتایی پەرتوکەکە تایبەتە بەکار و چالاکییەکانی
جەنابی وەزیر هەر لە کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەر و کونسوڵی وڵاتان و شاندە بیانییەکان
و سەرۆکایەتی شاندەکان بۆ بەغدا و سەردانە مەیدانییەکان بۆ پارێزگا و دەروازە و بەڕێوەبەرایەتییەکان
و هتد.. See
less