60 کوردستان

عەبدولڕەحمان بەهۆی هەورەبرووسکەوە گیانی لەدەستدا

11:20 - 05/04/2026

زه‌مه‌ن – هه‌واڵ

گەنجێکی 22 ساڵان لە کاتی خۆپاراستنی لە باران لە سنووری شارۆچکەی هەریر، بەهۆی بەرکوتنی هەورەبرووسکە گیانی لەدەستدا.

 گەنجەکە ناوی عەبدولڕەحمان لوقمانە و تەمەنی 22 ساڵ بووە. ناوبراو خوێندکاری زانکۆ و دانیشتووی گوندی ناوشیوانی سەروو بووە لە سنووری شارۆچکەی هەریر. ڕووداوەکە شەوی ڕابردوو لە کاتی شەپۆلی بارانبارین و هەورەبرووسکەدا لەو ناوچەیە ڕوویداوە.

عەبدولڕەحمان لە کاتی ڕووداوەکەدا لەگەڵ ئامۆزایەکی لە ناو خێمەیەکدا بوون بە مەبەستی خۆپاراستن لە باران و هەورەبرووسکە. بەپێی زانیارییەکان، هەورەبرووسکەکە ڕاستەوخۆ لە خێمەکەی داوە و بەر عەبدولڕەحمان کەوتووە، لە کاتێکدا ئامۆزاکەی بە سەلامەتی لە ڕووداوەکە ڕزگاری بووە و زیانی پێنەگەیشتووە.

بەشی فریاکەوتنی هەریر ڕایگەیاندووە کە کاتژمێر 3:45 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، گەنجەکە گەیێندراوەتە بنکەکەیان بە مەبەستی ڕزگارکردنی. بەڵام بەهۆی توندی بەرکەوتنی هەورەبرووسکەکە، گەنجەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و هەوڵە پزیشکییەکان سوودیان نەبووە. دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان، تەرمەکەی ڕادەستی خێزانەکەی کراوەتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن