لەمەودوا.. بەبێ سەردان سزای هاتووچۆ بدە و مۆڵەتیشت پێ نەبوو کەوتیتە مەفرەزەوە ئاساییە
10:35 - 18/02/2026
زەمەن - هەواڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی
شوبات، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان، ئەپڵیکەیشنی KRDPass کە لەسەر هەردوو سیستمی ئەندرۆید و ئەپڵ وەکو
دەروازەی ئەلیکترۆنیی هاووڵاتییانی کوردستان بەردەستە.
بەپێی وەزارەتی ناوخۆ،
ئێستا هەڵگرانی مۆڵەتی نوێی شۆفێریی دیجیتاڵی، دەتوانن کۆپیی ئەلیکترۆنیی مۆڵەتەکەیان
لەسەر ئەو ئەپڵیکەیشنە ببینن. هەموو وردەکارییەکانی مۆڵەتی شوفێری و کۆپییەکی دیجیتاڵی
کەوتووەتە بەردەست شوفێران.
هێمن میران، بەڕێوەبەری
دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،
ئێستا هاونیشتمانییان تەنیا دەتوانن سزاکەیان ببینن، بەڵام لە داهاتووشدا بژاردن لە
رێگەی ئی-پسوولەوە کارا دەکرێت.
لەبارەی چوونە نێو سیستمەکەشەوە
گوتی، "بۆ هەموو هاونیشتمانییانە، چەند بایۆمەتری زیاتر بێت، چوونە نێو KRDPass زیاتر دەبێت."
دوای دابەزاندنی ئەپڵیکەیشنەکە،
بەشداربووان دەتوانن لە بەشی 'جزدان' مۆڵەتی شۆفێرییان ببینن، "لەمەولا ئەگەر
مۆڵەتی نوێی شوفێریت لە لا نەبوو، لە کاتی بینینی مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتووچۆ، دەتوانن
کۆپی دیجیتاڵیی مۆڵەتەکەتان لەسەر ئەپڵیکەیشنی ئاماژەبۆکراو پیشان بدەن و بێ کێشە
تێپەڕ بن."